داعش لە عێراق چەکی کیمایی بەکارهێناوە

تیمی لێکۆڵینەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن داعشەوە پشتڕاست دەکاتەوە، دەرکەوتووە هێشتا کاریگەرییەکانی بەسەر بەرکەوتووەکانەوە ماوە.

پاش ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێک لە ناوچەکانی عێراقی گرت، لەپاڵ تاوانە نامرۆییەکان دژی ژنان و مناڵان و کەسانی سڤیل، باس لەوە دەکرا، ئەم ڕێکخراوە چەکی کیمایی و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا، بۆ گەڕان بەدوای بەڵگەکاندا.

سەبارەت بەم پرسە، سەرۆکی تیمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کریستیان ڕیچەر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕزگاربووانی کیمیابارانی ٢٠١٦ بۆ سەر دووزخورماتوو گفتوگۆیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە هێشتا کاریگەری بەکارهێنانی چەکی کیمایی بەسەریانەوە ماوە.

بەهۆی ئەم هێرشەی داعش بۆ سەر دووزخورماتوو، نزیکەی شەش هەزار کەس چارەسەریان بۆ دەکرێت، هەروەها دوو مناڵ بەهۆی کاریگەری ئەم چەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە لێکۆڵینەوەکاندا، چەندین بەڵگە و ناسنامە دۆزراونەتەوە، سەبارەت بە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و پەیوەندیان بە سەرکردەکانی داعشەوە.

کریستیان ڕیچەر ڕایگەیاند، تیمەکەیان بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بەڵگەی زیاتر. هەروەها ئاشکرای کرد، لەپاڵ ئەوەدا، لێکۆڵینەوە دەکەن لە تاوانەکانی داعش دژی ژنان و مناڵان، پێکهاتەکانی عێراق.