دەبەپە لەگەڵ هاوسەرۆکانی ئێستای درێژە بە تێکۆشانی دەدات

دەبەپە بۆ خولی نوێ لەگەڵ هاوسەرۆکانی ئێستای چیدەم کلیچگون ئوچار و کەسکین بایندر درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات.

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان پێش بەستنی حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی، کە لە ١٢ی کانوونی دووەم لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵێکی ئامەد بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکانی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئۆچار و کەسکین بایندر، لەگەڵ تۆلای حاتیمو ئۆغلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، موراد چەپەنی، هاوسەرۆکی پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان ئەسەپە، مەرجان تیتیز، هاوسەرۆکی پارتی نوێ بوونەوەی سۆسیالیست (یەسەکەپە)، جاهید کرکازاک، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی سەر بە دەم پارتی و هەروەها نوێنەری پارتە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە زۆربەی شارەکانەوە بەشدارییان تێدا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە جۆش و خرۆشەوە بەڕێوەچوو، ناوی ئەو کەسانە راگەیەندرا کە لە سەردەمی نوێدا هاوسەرۆکایەتی گشتی دەبەپەیان لە ئەستۆ دەبێت.

لە ئەنجامی کۆبوونەوە و چالاکییەکان ڕاگەیەندرا کە دەبەپە جارێکی دیکە بە هاوسەرۆکایەتی چیدەم کلیچگون ئۆچار و کەسکین بایندر بەردەوام دەبێت لە کار و چالاکییەکانی. دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، هاوسەرۆکان، چیدەم کلیچگون ئۆچار و کەسکین بایندر، چوونە سەر شانۆ سڵاویان لە گەلەکەیان کرد.