بە دیمەن

دەم پارتی سەردانی زیندانیانی کرد: دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی، دەبێت پێکەوە خاوەنداری لێ بکەین

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی بە ڕۆژەڤی چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد، چوونە سەردانی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی مەڕمەڕە، گوتیان: "بۆ دادگاییەکی دادپەروەر، چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیی درێژخایەن، دەبێت هەمووان بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە".

شاندی دەم پارتی لە سیلیڤری لەگەڵ چەندین سیاسەتمەدار لەنێویاندا ئیمام‌ئۆغلو کۆبوونەوە و دواتر کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست.

شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پێکهاتبوو لە هاوسەرۆکانی گشتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان و جێگری هاوسەرۆکانی گشتی بۆ ئیدارە هەرێمییەکان محمەد ڕوشتو تریاکی، بە ڕۆژەڤی چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد چوونە سەردانی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی مەڕمەڕە (سیلیڤری).

شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی وان بەکر کایا، سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورت ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانی شیشلی ڕەسوڵ ئەمرەح شاهان، پەرلەمانتاری (TÎP) جان ئاتالای، ڕۆژنامەنووس ئەرجومەند ئاکدەنیز، خەلیل ئاکسۆی و نەسمی ئادای و ئەحمەد سایمادی، کۆبوونەوە.

پاش سەردانەکە، تونجەر باقرخان ڕایگەیاند کێشەیەکی مەزن نەبوونی دادگایەکی دادپەروەرانەیە، هەموو زیندانیانییەکان و بەتایبەت ئیمام‌ئۆغلو گوتیان بە گرنگییەوە دەڕواننە پرۆسەکە و هەر شتێک بکەوێتە ئەستۆیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ئەنجامی دەدەن.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری: هەموو زیندانیان جۆشوخرۆش و هیوایان بە ئاشتی هەیە

تولای حاتەم ئۆغۆللار گوتی: "بەڕێز ئیمام‌ئۆغلو گوتی لە کەشوهەوایەکی نەرێنییدا کە قەیرانی ئابوور و شەڕ هەرێمەکەی داگرتۆتەوە، هیوای هەرە مەزنمان بە گفتوگۆکانی ئاشتییە".

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو و هەموو زیندانیان جۆشوخرۆش و هیوایەکی مەزنیان بە ئاشتی نیشاندا.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو گوتی: "ئێمە ئامادەین پێکەوە بۆ ئاشتی خەبات بکەین. ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تورکیا، دەبێت پێکەوە خاوەنداری لێ بکەین". تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەم هەڵوێستەی ئیمام‌ئۆغلو جێگەی ستایشە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند یەکێک لە سکاڵاکانی زیندانی سیاسی بریتییە لە دادگاییکردن بە هۆکاری سیاسی و سەربەخۆنەبوونی دادگا، دووپاتیان کردووەتەوە زیندانیکردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل ڕەفتارێکی نادیموکراتیکە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری جەختی کردەوە، وەک دەم پارتی درێژە بە هەوڵەکانیان دەدەن بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن کە هەموو بەشەکنی کۆمەڵگە بگرێتەخۆ.

'چارەسەری پرسی کورد، تورکیا بەهێزتر دەکات'

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکاندا، پێشهاتەکانی هەرێمەکە تاوتوێ کراوە، بەتایبەت مەترسییەکانی شەڕی نێوان ئێران_ئیسرائیل، جەختی کردەوە لە ڕەوشێکی وەهادا بنیاتنانی ئاشتییەکی ناوخۆیی لە تورکیا گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری جەختی کردەوە، ئاشتییەکی درێژخایەن دەبێتە مایەی بەهێزکردنی تورکیا، گوتی: "تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەهێزتر دەبێت. ئەگەر تورکیا لەسەر بناغەی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان لەسەر زەمینەی دیموکراتیک پرسەکان چارەسەر بکات، بێگومان هەموومان لە مەترسی گەورە دەپارێزێت. ئەمەش گرنگترین پەیامی کۆبوونەوەکەمان بوو".