'دەوڵەت دەیەوێت جینۆساید لە بیر بچێتەوە'

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەویەکان (داد) قەدریە دۆغان باسی لەوەکرد کە لە دێرسیم بە هەزاران گۆڕی بە کۆمەڵ بوونیان هەیە، کە شوێنەکانیان ئاشکرا نەکراون و وتی، "دەوڵەت دەڵێت 'لەبیری بکەن'.

٨٦ ساڵ بە سەر لەسێدارەدانی سەید رەزا، حسێنی کوڕی و پێنج هاوڕێیدا تێپەڕدەبێت و هێشتا گۆڕەکانیان ئاشکرانەکراوە. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان زیاتر لە ٣٠ گۆڕی بە کۆمەڵ و ١٠٠ شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵ لە دێرسیم بوونیان هەیە و زۆرینەیان لە نزیک کەناری رووبارەکانن و هێشتاش لە زۆر شوێن ئێسکی مرۆڤەکان دەبینرێت.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەویەکان (داد) قەدریە دۆغان لە ساڵیادی لە سێدارەدانی سەید رەزا و هاوڕێکانی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی، دوای ٨٦ ساڵ هەوڵ دەدرێت کۆمەڵکوژییەکە لە بیر کۆمەڵگا ببەنەوە و وتی، " شوێنی گۆڕی هەزاران مرۆڤ ئشکرا نەکراوە. شوێنی کۆمەڵکوژکردن، گۆڕی بە کۆمەڵ بوونی هەیە. چەندین ساڵە داوا دەکرێت شوێنی گۆڕەکان ئاشکرا بکرێن، بەڵام دەوڵەت داواکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، 'کردمان و شارمانەوە، داوایەکی لەو جۆرە مەکەن و لە بیری بکەن'. دوا قۆناغی ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەوەیە وا لە کۆمەڵگا بکرێت کە ئەو کۆمەڵکوژیە لەبیر بکەن. هەوڵ دەدەن ئەوە بکەن. پێشنیاز دەکەم شوێنەکانی وەک قەراغی رووباری کوتو و رووباری لاچ وەک شوێنی یادکردنەوەی قوربانیان رابگەیەنین. بۆ ئەوەی لێپێچینەوە بکرێت، دەبێت سەرەتا یاد و بیرەوەری بە زیندوویی رابگیرێت. سازکردنی کۆنسێرت و فێستیڤاڵ لەو شوێنانە کارێکی راست نییە. نابێت ئەوانە وەک کاری هونەری و کارێک کە بە نیەتی باشەوە دەکرێن هەڵبسەنگێندرێن. دەبێت باش بزانین کە زخزمەت بە چی دەکەن. ئەوەی گرنگە کە لەگەڵ ئەو تاوانە بەرەوڕوو ببنەوە و داهاتوو بە شێوەیەکی راست و دروست هەڵبسەنگێندرێت. بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئازارەکانی دێرسیم تائێستا نەهاتووەتەدی".

قەدریە دۆغان هێمای بۆ ئەوەشکرد کە دێرسیم لە رووی ئایینی عەلەویەتەوە ناوەندێکی گرنە و ئەوەی خستەڕوو کە یەک لە ئامانجەکانی کۆمەڵکوژیەکەی ١٩٣٨ لەناوبردنی ئایینی عەلەویەت بووە.

قەدریە دۆغان وتیشی، "دەبێت ئەو شوێنانەی یادوەریان لە خۆیاندا هەڵگرتووە بپارێزرێن. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا دێرسیمیەکان ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە نوێنەرایەتی ئەوان دەکەن. چاوەڕوانیەکی بەو جۆرەمان هەیە و بەو ئاراستەشدا کاردەکەین".

هـ . ب