دەوڵەتی تورک دایکی گەریلایەکی شەهیدی هەپەگەی دەستگیرکرد

خالیسە ئاکسۆی دایکی عەگید ئیپەک گەریلای هەپەگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە هێرشکرایە سەری و لێی درا و دەستگیریان کرد. دایە خالیسە ماوەیەک لەوە پێش تەرمی رۆڵەکەى لە رێگەى کارگۆی پۆستەوە بۆ نێردرابوویەوە.

عەگید ئیپەک گەریلای هەپەگە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە دێرسیم شەهید بوو بوو و لە ٢ی ئاداری ٢٠٢٠دا تەرمەکەى لە رێگەى کارگۆی پۆستەوە بۆ بنەماڵەکەى نێردرابووە.

 پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە بەردەوامی هێرشەکانیان بۆسەر بنەماڵەى ئەو گەریلای هەپەگە ئەمجارە بە پاساوی ئەوەى ئەندامانی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی هەدەپە میوانیان بوون، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دایە خالیسە ئاکسۆی.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک لە کاتی هەڵکوتانکەدا دەرگای ماڵەکەیان شکاند و دایە خالیسە ئاکسۆی لەگەڵ میوانەکانی لە دەرەوەی ماڵەکەیان لەسەر شوستەکەدا بەسەر عەرزەکەدا درێژ کرد. پۆلیس کاتێک لە ماڵەکەدا پشکنیان دەکرد، لە میوانەکەیان دا و سەریان شکاند.

 پۆلیسەکان بۆ ماوەى ٥ کاتژمێر ماڵەکەیان پشکنی و دوای ئەوە دایە خالیسە ئاکسۆی و ٤ میوانەکەیان دەستگیرکرد. دوای ٤ کاتژمێر لە دەستگیرکردنیان وتە لە دایە خالیسە ئاکسۆی و ٤ میوانەکە وەرگیرا و دواتر ئازادیان کردن.

ژ.ت