دەوڵەتی تورك هەوڵدەدات پێكەوەژیانی كورد و ئازەریەكان لەئێراندا تێكبدات

هاوشێوەی رژێمی ئێران، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش دەستی لە ئاژاوەنانەوە لە نێوان پێکهاتەکانی سنوری شارۆچکەکانی ماکۆ، سەڵماس و خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ هەیە، بەتایبەتی رووداوەکانی ئەم دووایەی ئەو دەڤەرە.

دەوڵەتی داگیركەری تورك هەوڵدەدات بەنانەوەی دووبەرەكی و فتنە و پرۆپاگەندەی چەواشەكارانە خەڵكی هەندێ لەو هەرێمانەی كە پێكهاتەی كورد و ئازەری لێیە و بەساڵانە لەكەشێكی ئاشتیانە و پێكەوەییدا دەژین لەیەكدی گۆڕ بكات و رووبەرووی یەكدیان بكاتەوە. هاوسنوربوونی ئەو هەرێمانەش لەگەڵ سنورەكانی باكوری كوردستان و دەوڵەتی توركی داگیركەردا وای كردوە كە بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستوەردانی كاروباری پێكهاتەكان بكات و بەبیانۆی بێ بنەما و ساختەوە پێكهاتەكان بەربداتە گیانی یەكدیەوە.

ماوەیەكە لەسنوری شارۆچكەكانی ماكۆ و سەلماس و خۆیی سەربەپارێزگای ورمێ، بەهۆی ئاژاوەنانەوە و دووبەرەكی رژێمی ئێران لەلایەكەوە و لەلایەكی دیكەوە بەهۆی دەستوەردانی دەوڵەتی تورك و گۆڕكردنی ناكۆكیەكان، پێكهاتەی كورد و ئازەری ناوە بەناوە رووبەرووی یەكدی دەبنەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی كاردانەوەی بەرامبەر و نارەحەتی بۆ هەردوولا.

بەگوێرەی زانیاریە هەرێمیەكان؛ دانیشتوانی چەند گوندێكی سەر بەپۆلدەشت كە بەلانی كەمەوە ٥٠ كیلۆمەترێك لەشاری ماكۆوە دوورە، ماوەی هەفتەیەكە بەهۆی رێگری لەبەكارهێنانی ئاوی كانیاوەكانەوە كە لەگوندە كوردەكانەوە سەرچاوە دەگرن بەتایبەتی لەگوندەكانی"سارسو ئۆتیغ، قڵەش لانمیش، دایلان كند" و دەرێژنە پۆلدەشتەوە دانیشتوانی ئەو گوندانەی ناڕەزایەتیان نیشانداوە لەوەی كە بۆچی ناتوانن لەئاوی ئەو كانیاوانە سوود ببینن، لەحاڵێكدا سەرچاوەی ئەو ئاوانە بەزۆرینەی لەگوندەكانی ئەوانەوەیە.

پێكهاتەی كورد دەڵێن؛ ئەمە زۆڵمێكە بەئاشكرا لێمان دەكرێت و مایەی قەبوڵكردن نییە؛ و دەڵێن ئاوێك كە لەدڵی گوندەكانمانەوە هەڵدەقۆڵێت؛ نە دەتوانین بۆ كشت و كاڵ و نەش دەتوانین بۆ بەخێوكردنی مەڕوماڵات بەكاری بهێنین و هۆكارەكەشی دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كە پێكهاتەی ئازەری شاری پۆلدەشت ئەو رێگریەیان لێدەكەن.

لێدوانی هەندێ لەبەرپرسە ئازەریەكانی هەرێمەكەش ناكۆكیەكان گۆڕتر دەكەن

هەر بەگوێرەی زانیاریەكان؛ دانیشتوانی ئەو گوندانە دەڵێن؛ بەفیتی دەوڵەتی تورك و سیخوڕەكانیان لەهەرێمە دەیانەوێت سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمەكەوە و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لەناوبەرن و دەیانەوێت بەهەر نرخێك بووە، كورد و ئازەری بەربدەنە گیانی یەكترەوە.

ژمارەیەك لەدانیشتوانی هەرێمەكە بەئاژانسەكەمانیان راگەیاندوە؛ لەلایەكەوە دەوڵەتی تورك هەوڵێكی وەها خراپەكارانە دەدات و لەلایەكی ترەوە هەندێ لەبەرپرسانی هەرێمەكە كە بەرەچەڵەك لەپێكهاتەی ئازەرین، ئەوانیش ئاگرەكە خۆش دەكەن و بەهەندێ لێدوان دەیانەوێت ئەو ناكۆكیە لاوەكیانە، بكەنە ناكۆكی نێوان كورد و ئازەری. تەنانەت چەند رۆژێك پێش ئێستاش بە هۆی ئەو پرۆپاگەندانەوە لەنێوان ئازەریەكان لەشاری پۆلدەشت و دانیشتوانی چەند گوندێك شەڕ و ناكۆكی روویدا و چەند كەسێك لەهەردوولا بریندار بوون.

هەر بەگوێرەی زانیاریە هەرێمیەكان؛ بەهۆی پرۆپاگەندەی نەژادپەرەستیەوە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە، ژمارەیەك لەپێكهاتەی ئازەری لەشارەكانی تەورێز و ژمارەیەك شاری ترەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی بەرەو ئەو گۆندانە بەرێكەوتوون و ژمارەیەك لەگەنجانی كوردیش بۆ رووبەرووبوونەوە خۆیانیان ئامادە كردوە، بەڵام بەهەوڵی هەندێ لەدام و دەزگا سەركۆتكەرەكانی رژێم پێكدادانەكە وەستاوە و ژمارەیەك لەخەڵكی ئەو گۆندانەیان دەستبەسەركردوە.

ئەو كەسانەی لەلایەن هێزەكانی رژێمەوە دەستبەسەركراوان؛ قۆتبەدین كوڕی عەلی"٤٥"ساڵە سەر بەگوندی ئۆتیغ، قۆتبەدین كوڕی حسین"٤٥"ساڵە، ئۆمید كۆڕی كۆچەری"٣٣"ساڵە، تاجەدین كوڕی ئەمین"٥٠"ساڵە و زاهر كوڕی محەمەد"٦٠"ساڵەیە.

بەگوێرەی زانیاریەكان؛ هێزەكانی رژێم ئەو كەسانەیان وەكو بیانۆی نائارامیەكان دەستبەسەركردوە. و هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك ئازەری، پەلاماری كوردێك بەناوی"خالسی كوڕی تاهێر" كە خەڵكی گوندی قەلاش لانمیشە و دوكاندارە لەناو جەرگەی شاردا دەدەن و بەشێوەیەكی وەحشیانە برینداری دەكەن و ئەوەش لەكاتێكدا هێزەكانی رژێم هیچ كاردانەوەیەكیان نیشان نەداوە.

جێگای ئاماژەیە، مانگی رابردووش بەهەمانشێوەی بەهۆی دەرسنوركردنی كۆچبەرانی ئەفغانی لەلایەن دەوڵەتی توركەوە لەسنورەوە ناكۆكیەك و پێكدادانێكی هاوشێوەش لەوهەرێمە سەریهەڵدابوو.

هـ . ب