دەوڵەتی تورک جارێکیتر بە بۆمبی فسفۆڕ هێرشی ئەنجامدا

هەپەگە رایگەیاند، کە سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە دەیان جار بە بۆمبی فسفۆڕ هێرشی کردووەتەسەر گۆڕەپانەکانی بەرخودانی گەریلا و گەریلاکانیش بۆ پارێزگاری کردنی لە خۆیان لە دوو ناوچە ناچار بوون بەرپەرچییان بدەنەوە.

لە راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگەدا هاتووە، " سوپای تورکی داگیرکەر بە بەکارهێنانی تۆپی فسفۆڕ تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئەو گۆڕەپاننانەی هێزەکانی ئێمەیان تێدایە ٨٤ جار بە تانک، کاتیوشا و چەکی قورس بۆردومان کراون. هەروەها گۆڕەپانەکانی بەرخودان ٣٥ جار بە تۆپی فسفۆڕ بۆردومان کراون.

لە راگەیەندراوەکەدا لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر ئەم زانیاریانە دراون:

"لە هەرێمی زاپ؛

٢٥ی شوبات داگیرکەران هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی. هێزەکانمان بەمەبەستی خۆپاراستن ناچاربوون بە چەکی قورس وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە.

٢٦ی شوبات کاتژمێر ١٢:٤٠ لە ناحیەی شێلادزێی ئامێدی داگیرکەران هێرشیان کردەسەر سەنگەرەکانی بەرخودانمان لە دەوروبەری گۆڕەپانی چەمچۆ. هێزەکانمان بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن بە چەکی قورس وەڵامیان دایەوە.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە بۆمبی قەدەغەکراو:

٢٦ی شوبات لە ناحیەی شێلادزێی ئامێدی سەنگەرەکانی بەرخودانی نزیک گوندی سیدا ٣٥ جار بە تۆپی فسفۆڕ بۆردومان کران.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر:

٢٦ی شوبات لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی و دەوروبەری گوندی سیدا و گۆڕەپانی چەمچۆی ناحیەی شێلادزێی ئامێدی سەنگەرەکانی بەرخودان ٨٤ جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس بۆردومان کران".

هـ . ب