دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان ژمارەی بارەگا سەربازییەکانی زیاتر دەکات
زانرا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دەوروبەری ناحیەی شێلادزێی ئامێدی ١٠ بارەگای سەربازی دروست کردووە و گەل ناچار بە کۆچبەری دەکات.
زانرا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دەوروبەری ناحیەی شێلادزێی ئامێدی ١٠ بارەگای سەربازی دروست کردووە و گەل ناچار بە کۆچبەری دەکات.
ڕۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوى کردەوە، سوپاى تورک لەسەر خاكی باشووری كوردستان سەدان گوند و ناوچەیان داگیركردووە و لەهەندێك شارۆچکە، ناحیە و گوندى سنوورى دهۆك هاتوچۆیان لە نێوان گوندەکان و رەز و باخەکان قەدەغەكردووە ، بەجۆرێک لە سنووری شیلادزێ ١٠ بنکەى سەربازیان جێگیرکردووە.
بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە گوندەکان چۆڵ کراون
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ناحیەی شیلادزێ پێکهاتووە لەناوچەكانی دووسكی، ژووری، رێكان و نێرەویی و ناحیەکە بەدووری ٣٠ كیلومەتر دەكەوێتە ناوەندی شارۆچکەى ئامێدی لە سنووری دهۆك و بەهۆی هێرشەکانى تورکیاوە بەشێکى زۆرى گوندەکانى چۆڵکراون.
ڕۆژنامەکە لە زارى ڕزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بڵاوىکردووەتەوە، لە سنورەکەیان نزیكەی ٨٥ گوند چوڵكراون ئەوەش بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوپای توركەوە.جەختیشی کردووەتەوە، ئەو گوندانە ژیانی تێدا نەماوە بەتەواوی چوڵكراون، جگە لەوەی ئەو گوندانە چوڵكراون لەهەمانكاتیشدا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و هاوڵاتیان ئاگادار کراونەتەوە، كە نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بكەن، چونكە مەترسی هەیە.
نایف سیتەیی، کە دانیشتووی كۆمەڵگای سیرێ-ى سەر بە ناحیەی شیلادزێیە بە ڕۆژنامەى هاوڵاتى وتووە، بەشی زۆری ئەو گوندانەی، كە چوڵكراون وەكو كامپێكی لێهاتووە و دەوروبەری هەموویان گیراوە و ناتوانین بەئارەزووی خۆمان هاتوچۆ بکەین.
'هێزێکی گەورەی سەربازی لە ناوچەکە جێگیر کراو'
دڵشاد نەسروڵلا، کە مامۆستایەکى زانكۆ و نیشتەجێی كۆمەڵگای سیرێ-یە ڕایگەیاندووە، ئێستا سوپای توركیا نزیكەی ١٠ بنکەى سەربازیی لەسەر شاخ و گردەكان و دەوروبەری شیلادزێ جێگیركردووە، کە دەکەونە ناوچەکانى مام رەشا، كریادێرێ، سەرێ دارێ، كەلها بێدە، جگە لەوانەش توركیا هێزێكی زۆری لەناوچەكە بڵاوەپێكردووە .
ئەو مامۆستاى زانکۆیە باسی لەوەشکردووە، گوندانەی، كە چوڵكراون بەلایەنی كەمەوە ژمارەی خێزانەكان لەهەر گوندێك ٥٠ بۆ ٧٥ خێزان بووە و بەهۆى مەترسى لەسەریان كۆچیان كردووە بۆ سەنتەری شیلادزێ و دێرەلوك، سەرسنگ، قەدش، ئامێدی و دهۆك.
هـ . ب