دووەمین فیستیڤاڵی (ئاشتی و برایەتی) لە شاری کەرکوک بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوکی پێکەوەژیان لە باشوری کوردستان، بە بەشداری تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە دووەمین فیستیڤاڵی (ئاشتی و برایەتی) بەڕێوەچوو.
لە شاری کەرکوکی پێکەوەژیان لە باشوری کوردستان، بە بەشداری تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە دووەمین فیستیڤاڵی (ئاشتی و برایەتی) بەڕێوەچوو.
ئەمرۆ پێنجشەممە، لە هۆڵی بەڕیوبەرایەتی وەرزش و لاوان لە گەرەکی تسعین-ی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە بەشداری تەواوی نەتەوە و بیروباوەڕ و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە دووەمین فیستیڤاڵی (ئاشتی و برایەتی) بەڕێوەچوو، فیستیڤاڵەکە بە چاودێری وەزیری ڕۆشنبیری عێراق، لەلایەن بەڕێوبەڕایەتی ماڵی رۆشنبیری کەرکوک ڕێکخرا.
لە فیستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخڕاو، سەندیکا، ناوەندە رۆشنبیری و ئەدەبییەکانی کەرکوک و هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکانی کەرکوک و لایەنە سیاسیەکانی شارەکە و بەرپرسە حکومییەکان بەشداربوون.
جیگای باسە هونەرمەندان و تیپە هونەرییەکان لە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەرکوک و دەرەوەی شارەکە بە بەرهەمە هونەرییەکانیان بەشداریان لە فیستیڤاڵەکە کرد، هەروەها فیستیڤاڵەکە پێکهاتبوو لە چەندین بەشی هونەری وەکو میوزیک گۆرانی هەڵپەرکێ و هونەری شیوەکاری و کاری دەستی.
شمایل هونەرمەندێکی ئاشوری شاری کەرکوکە کە وەکو هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ بەشداری لە فیستیڤاڵەکە کردبوو.
شمایل سەبارەت بە فیستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ووتی: "من وەکو گۆرانیبێژێکی ئاشوری شاری کەرکوکی ئاشتی و پێکەوەژیان، بەشداریم کرد لەم فیستیڤاڵە کە فیستیڤاڵەکە لەدڵدا جێ دەگرێت، ئەم فیستیڤاڵانە برینەکانی شارەکە ساڕیژ دەکات، ئێمە لەم شارەی پێکەوەژیانە خاوەن چوار زمانی (کوردی، تورکمانی، ئاشورییە و عەرەبی)ین سەرەڕای بوونی چوار زمانی جیاواز ئەمرۆ ئێمە لەم فیستیڤاڵەدا سەلماندمان کە ئێمەی کەرکوکی هەموومان یەکین و یەک نەتەوەین نەک چوار نەتەوە لەبەرئەوەی ئێمە هەموومان براین و هیچ جیاوازییەک نیە لەنێوان هیچ کام لە پێکهاتەکانی شارەکە، وە سوپاسی خودا دەکەین بۆ ئەوە پێکەوەژیانەی کە لەشارەکەدا هەیە".
یوسف تەیب بەڕێوەبەری ماڵی رۆشنبیری کەرکوک کە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراقە، سەبارەت بە فیستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسەکەمان ئەوەی خستەڕوو: "ئەمرۆ ئێمە دووەمین فیستیڤاڵی 'ئاشتی و برایەتیمان' ڕێکخست لە شاری کەرکوک، لەم فیستیڤاڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو سەندیکا و ناوەندە رۆشنبیری و ئەدەبییەکانی کەرکوک و هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکانی کەرکوک بەشداریان کرد".
هەروەها یوسف تەیب سەبارەت بە کات و ماوەی فیستیڤاڵەکە ڕایگەیاند: "فیستیڤاڵەکە لە دوو بەش پێکهاتووە کە بەشی بەیانیان بە میوزیک و گۆڕانی تیپە هونەرییەکانی شاری کەرکوک و دەرەوەی کەرکوک تیدا بەشدارن، بەشی ئێوارانیش کاری هونەری وەکو وێنەکێشان و شێوەکاری و کاری دەستی تایبەت بە خانمان و هونەرمەندان لە خۆدەگرێت، هەروەها لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بۆ گرنگی دانی زیاتر بە لایەنی ئەدەبی و خزمەت کردنی ئەدەب دۆستان دوو پێشەنگای کتێبش لە خۆ دەگرێت".
لە کۆتایدا یوسف تەیب بەڕێوەبەری ماڵی رۆشنبیری کەرکوک وتی: "هیوادارین ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بەردەوامی هەبێت لە شارەکەدا تاکو بنەماکانی ئەدەب و رۆشنبیری و هونەر لە شاری کەرکوک بەهێزتر و بتەوتربێت، و داواکارین وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق ئاوڕێکی جدیتر لە شاری کەرکوک بداتەوە بۆ دروستکردنی کۆشکێکی هونەری بۆئەوەی هونەرمەندان و ئەدەب دۆستان بتوانن تیدا کارە جوانەکانیان پێشکەش بکەن"
ف.ق