دیداری ١٠٠ ساڵەی لۆزان: دەبێت سود لە دەرفەتەکان وەربگیرێت
پانێڵیستەکانی دیداری ١٠٠ ساڵەی لۆزان سەرنجیان راکێشا بۆ سەر ئەوەی کە چۆن دەتوانرێت دوای سەدەیەک سود لە دەرفەتانەی لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بەدەستهاتوون وەربگیرێت.
پانێڵیستەکانی دیداری ١٠٠ ساڵەی لۆزان سەرنجیان راکێشا بۆ سەر ئەوەی کە چۆن دەتوانرێت دوای سەدەیەک سود لە دەرفەتانەی لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بەدەستهاتوون وەربگیرێت.
لە هۆڵی ئەمنەسورەکەی سلێمانی بە پێشەنگایەتی نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە باشوور بە دروشمی 'لە سەد ساڵەی لۆزاندا، کورد پێکەوە ژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە چارەسەری' بە بەشداربوونی کەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیرییەکان دیداری ١٠٠ ساڵەی لۆزان دەستیپێکرد.
لە پەیامی کەنەکەدا بۆ دیدارەکە هاتبوو: "ئامنجی کەنەکە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ئەوەیە کە یەکڕیزییەک لەناو حزبەکاندا سازبکات، ببێتە چەترێک بۆ گەلی کورد. بەرژەوەندییەکانی گەل، خاک و نەتەوە هێڵی سوری هەموو حزبەکان بێت. کاتێک ئەوەمان کرد دەتوانین سەرکەوتن بە دەستبهێنین. لەبری ئەوەی دەستی دوژمن بگرین کە خاکەکەمان داگیر بکات، دەست بخەینە ناو دەستی یەکەوە و بەرامبەر بە دوژمن بوەستینەوە".
دواتر پانێڵیستەکان لەسەر بابەتەکان هەڵسەنگاندنیان خستەڕوو:
کاردۆ محەمەد: پەیماننامەکە چارەنوسی گەلان دیاریدەکات. کاتێک سەیری پەیماننامەی لۆزان بکەین، بەرژەوەندییەکان بوونە هۆی ئەوەی داهاتووی گەل لەناو بچێت. دەبێت دەرفەتەکان لەدەست نەدەین. ٣٢ ساڵە حکومەتمان هەیە، ئێمە جیمان کردووە کە ستراتیژێکی باش بۆ گەلی کورد بەدەستبهێنین. ئەوەمان نەکرد. سودمان لە هەل و دەرفەتە نێونەتەوەییەکان وەرنەگرت. لە تێکۆشانی گەلی کورددا ژنان چوونە سەر شنۆی مێژوو کە بوونە هیوای گەلان، وەک پێویست سودمان لێوەرنەگرت. ئەو هەموو قوربانیەمان بەخشی وەک پێویست ئەنجاممان بەدەستنەهێنا. لە باشور پێویستیمان بە سیستمێکی بەهێزی دروست هەیە. دەبێت لە سەر ستراتیژی نەتەوەیی راوەستە بکەین.
بڵێسە جەبار فەرمان: لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا پەیماننامەی لۆزان کۆتایی دێت یان نا؟ لە راستیدا لە پەیماننامەی لۆزاندا لە هیچ ماددەیەکدا نەهاتووە کە پەیماننەمەکە هەڵدەوەشێتەوە. ئەگەر هەڵوەشایەوە دەبێت چی بکرێت؟ تورکیای ئێستا و تورکیای بەر لە ١٠٠ ساڵ جیاوازن. بە گوێرەی دەسەڵاتی ئێستای تورکیا کۆتایی بە سەردەمی ئاتاتورک هاتووە. بە گوێرەی تورکیا لۆزان بۆ ئەوان زیانی هەبووە، سنوورەکانی کەمکردووەتەوە. بۆ ئەوە تورکیا دەبێت چی بکات. هەندێک مادە و پەیمانی دیکە دەرفەتی پێدەدات هەندێک خاڵ بگۆڕێت. هەرێمی خۆی فراوانتر بکات و دەسەڵاتی خۆی زیاد بکات. دوو بڕگەی لۆزان وادەکات کە تورکیا لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنێت، بەوەش خاکی رۆژئاوای داگیرکرد. ئێمە دەزانین لەوێ گۆڕانکاری دەکەن و ئەوەی لە هاتای کردی لەوێ دووبارەی دەکاتەوە. ئەوە لە رێگەی رێفراندۆم و پەرلەمانەوە دەکات. هەر بەو جۆرە دەتوانێت موسڵ و زۆر ناوچەی باشوور داگیر بکات.
نوێنەری پەیەدە لە باشوری کوردستان د. جاویدان کەمال: کاتێک باسی گەلی کورد دەکەین، دەبێت باسی ٤ دەوڵەت بکەین. لە باشوور فیدڕالیزم و لە رۆژئاوا خۆبەڕێوەبەری دەتوانێت وەک دەرفەتێکی باش لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەنجام بەدەستبهێنێت. ئەزمونی رۆژئاوا دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت. کورد ئێستا لە هەر چوار پارچە لە پێناو پاراستنی مافەکانی خەبات دەکات و دواتر لەپێناو کوردستانی گەورەدا پشتیوانی یەکتر دەکەن.
دوای پێشکەشکردنی وتەی پانێڵیستەکان ئامادەبوانیش پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو.
هـ. ب