ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مۆدێرنیتەی دیموکراتی کردووە بە ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کە سیستەمێکی دەسەڵاتخواز و قازانج پەرستە، مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی چەندین کێشە کردۆتەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، دەوڵەتانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە مەترسی دادەنێن، چونکە دژی دەسەڵاتخوازیی و ستەمە کە لە مرۆڤایەتی دەکرێت، هەربۆیە لە هزری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن و چوار ساڵ دەبیت خستوویانەتە ژێر گۆشەگیرییەکی توندەوە. لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووس؛ سەلمان عوسمان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
لە سەرەتای قسەکانییدا سەلمان عوسمان باسی لە هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد وەک چارەسەری بۆ کێشە و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمجۆرە دوا: "لە ڕاستیدا گەر باس لە هزری ڕێبەر ئاپۆ بکەین وەک چارەسەر بۆ کێشەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویین و گەلی کورد، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شیکارییە مێژووییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، چونکە ئەو کێشانەی مۆدێرنیەتەی سەرمایەداری خولقاندوویەتی ڕەگێکی مێژوویی هەیە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە مێژووی بە بنەما وەرگرتووە، پێش ڕێبەر ئاپۆش ئەوانەی کە باسیان لە مێژوو کردووە، مێژوویان بەجۆرێک ناساندووە کە مێژوو کۆمەڵێک ڕووداوە بە ئێمە گەشتووە بە بێ شیکاریکردنی ئەو مێژووە.
هەروەها هەندێک لە مێژوونووسان و بیرمەندانی ڕۆژئاوا مێژووی مرۆڤایەتییان لە پێنج هەزار ساڵدا وەرگرتووە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە پێچەوانەوە شیکاری بۆ کێشە و ڕووداوەکانی ناو مێژوو کردووە. پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا بەشێکی کەمی مێژووی مرۆڤایەتییە.
قۆناغی چاخی بەردیینی کۆن پاشان چاخی بەردیینی نوێ هەیە، کە لەو قۆناغەدا ژنان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لەو کۆمەڵگەیەدا، داهێنانی ژیاری کراوە لەوانە کشتوکاڵ و سەرهەڵدانی نوسینە. هەربۆیە ناکرێت ئەم مێژووە پشتگوێبخرێت. ڕێبەر ئاپۆ جیاواز لە مێژوونووسانی تر لە مێژووی کۆڵیوەتەوە و شیکاری بۆ کردووە."
ڕۆژنامەوان سەلمان عوسمان باسی لە تێڕوانینە مێژوویییەکەی کارڵ مارکسی ئەڵمانی کرد لەگەڵ تێروانینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ مێژوو، گوتی: "مارکس پێکدادانە چینایەتییەکان بە مێژوو ناودەبات، هەر بە تێڕوانینی ئەو ئەگەر ژیرخانی ئابووری گەشەی کرد ئەوکات کۆمەڵگەش گەشە دەکات و مێژووش دروست دەبێت.
بەڵام لە تێڕوانینی ڕێبەر ئاپۆدا ئەمە جیاوازە پێی وایە مێژوو لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا بریتیە لە هەڵکشان و داکشان واتا پەیوەندی بە تێکۆشانی گەلانەوە هەیە. بەو تێڕوانینەی مارکسەوە بڕوانیین هیچ دەرفەتێک بۆ تێکۆشانی گەلان نامێنێت."
لە درێژەی قسەکانییدا سەلمان عوسمان باسی لەوەکرد ڕێبەری گەلی عەبدوڵا ئۆجالان مێژوو بۆ سێ قۆناغ دابەش دەکات و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ مێژوو دابەش دەکات بۆ سێ قۆناغ کۆمەڵگەی سروستی و کۆیلەداری و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بۆچی ڕێبەر ئاپۆ گرنگی بە مێژوو دەدات؟ چونکە باوەڕی وایە پایە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە مڕۆدا مرۆڤایەتی هاڕیوە، مرۆڤایەتی بەرەودۆخێکی خراپ بردووە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتشاری سۆمەری و بابلی و ئەکدییەکان، ئەو پێی وایە ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان هەیە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕۆڵی پێداون."
وتیشی: "ڕێبەر ئاپۆ شیکاری بۆ ئایین و باوەڕمەندییەکان دەکات و پێی وایە ئەو باوەڕمەندییانەی کە لە مێژوودا هەبوون وەڵامدەرەوەی قەیرانەکانی کۆمەڵگە بوون. پەیامبەر محەمەد توانیوویەتی قەبیلە تێپەڕێنێت و ئومە زیندووبکاتەوە، لە بەرانبەر ئومەشدا باس لە سەڵتەنەت دەکات، ڕێبەر ئاپۆ پێی وایە سەڵتەنەت ئەو دەسەڵاتدارییە کە مارکس باسی دەکات. هەمان دەسەڵاتدارییە کە لە دونیایی ئەمڕۆماندا هەیە."
هەروەها سەلمان عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێیوایە وەک چۆن لە مێژوودا پەیامبەران دژی فیرعەون و نەمردووەکان شۆڕشییان کردووە لە ئێستاشدا هەموو تاکێکی باوەڕدار دەبێت دژی دەسەڵات و فیرعەونەکانی سیستەمی زاڵبووەستێتەوە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ پێی وایە ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات شتێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزی بێتە سەر زەوی، بەڵکو ڕیشەیەکی مێژووی هەیە. بە پێی قۆناغەکان گەشەیان کردووە.
تەنانەت ڕێبەر ئاپۆ پێی وایە وەک چۆن پێغمبەران بەرەنگاری دەسەڵاتخوازن بوونەتەوە، تاکی موسڵمانیش دەبێت دژی فیرعەونەکانی ئەم سەردەمە بووەستنەوە. لە ئێستادا ئەردۆغان و هاوبیرەکانی بوونەتە فیرعەونی سەردەم. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ داوای ئەوەمان لێدەکات دژی ئەم فیرعەونانەی سەردەم بووەستینەوە و بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگەی سروشتی ئەو کۆمەڵگەی کە چینایەتی تێدانییە."
ڕۆژنامەوان سەلمان عوسمان باسی لە کەوانەی زاگرۆس و تۆڕۆس کرد کە لانکەی شارستانیەت بووە، بەڵام ئێستا مرۆڤایەتی خیانەتی لەم لانکەی خۆی کردووە، بەمجۆرە بەردەوام بوو: "ڕێبەر ئاپۆ باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بوونیان هەیە هۆکاری گەورەی نەهامەتییەکانی مرۆڤایەتیین.
هەربۆیە مۆدێرنیەتەی دیموکراتیکی کردووە بە بەدیلی مۆدێرنیەتەی سەرمایەداری، لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئایین و یەک ئاڵا بوونی نییە. باوەڕمەندیی و ئایینەکان بەشێکن لە کولتوری گەلان نابێت سەپاندنی ئایینی و باوەڕمەندی بوونی هەبێت بەسەر ئەویتردا.
هەر نەتەوەیەک خاوەن کولتووری خۆیەتی نابێت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری ببنەوە وەک ئەوەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە. لە ڕۆژئاوایی کوردستان ئەمە بە پراکتیک جێبەجێکراوە لە ژێر فکر و پارادیمی ڕێبەر ئاپۆدا. ئەوە دەبینین کە کورد و عەرەب پێکەوە دەژیین چەوسانەوەی ڕەگەزیی بوونی نییە، منداڵانی کورد و عەرەب هتد... پێکەوە لە فێرگە دەخوێنن.
لە کۆتایی قسەکانییدا سەلمان عوسمان باسی لە هەڵمەتی ١٥ی ئابی ١٩٨٤ کرد کە بووە هۆکاری ڕێگریکردن لە توانەوەی گەلی کوردا، وتی: "تورکیا لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی سڕینەوە و توانەوەی گەلی کوردییداوە، بەڵام هەڵمەتی ١٥ی دەبێتە ڕێگری لە بەردەم توانەوەی کوردا و زییندوو ڕایدەگرێت.
کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دژی سیستەم دەوستێتەوە ئەوان وەک مەترسیی لە سەر خۆیان دەیبینن کاتێک ڕێبەر ئاپۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین دەدۆزێتەوە کە دەوڵەت نەتەوە و سیستەمە، ئەوان هەست بە مەترسیی دەکەن. ئەوان لە فکری ڕێبەر ئاپۆ دەترسن کە دەبێتە هۆکاری ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها ماوەی چوار ساڵ دەبێت گۆشەگیری توند لە سەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە، تەنانەت بنەماڵەکەی خۆیشی نەیانتوانیووە بیبینن. دەوڵەت خوازیارە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا گەلی کورد لە ناوبەرێت. بە ئازادبوونی ڕێبەر ئاپۆ کێشەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویین و کورد چارەسەر دەبێت هەربۆیە دەوڵەت گۆشەگیری توند کردووە لەسەری و نایەوێت ئازادی بکات چونکە دەرئەنجامەکەی دەزانێت.
لێرەوە داواکارم لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیر و نوسەران، تەواوی گەلانی ئازادیخواز بەشداربن لە کەمپینانەکانی ئازادی فیزکی ڕێبەر ئاپۆ، بڕژێنە شەقامەکان و داوای ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بکەن."