گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، هەرەکۆل کۆبانێ و شێرهات وڵات لە پێکهاتەی عەرەب، پەیوەست بە ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە قسەیان کرد.
هەرەکۆل کۆبانێ، بیری هێنایەوە، دەوڵەتی تورک سەرەتا دەیگوت، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا کۆتایی بە پەکەکە دەهێنێت، بەڵام ئێستە ٤٥ هەمین ساڵیاد پیرۆز دەکەین، گوتی: "هەموو هێزەکانی ناتۆ پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکەن و هیوادارن پەکەکە کۆتایی بێت. پەکەکە قەت کۆتایی نایەت، چونکە پەکەکە ڕەگ و ڕیشەی هەیە، مادام ڕەگ و ڕیشەی هەیە، لەناوناچێت. وەک دارێک کە دەچێنرێت و و ڕەگی خۆی بە زەویدا شۆڕ دەکاتەوە. ئەگەر ئەو دارە ببڕدرێت، هەر ڕەگ و ڕیشەی دەمێنێت. پەکەکەش خاوەنی ڕەگ و ڕیشەیەکی وەهایە".
سەبارەت بەو هێرشە دژوارانەی کە داگیرکەری تورک لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ سەر گۆڕەپانی گەریلاکان ئەنجامی داوە، هەرەکۆل کۆبانێ بەم شێوەیە نرخاندنی کرد: "داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. ئەو تەکنیکەی لەم گۆڕەپانانە بەکاردێن، ئەگەر لە دەستی ئێمە بوایە بێت، لە ڕۆژێکدا چەند شارێکمان ڕزگار دەکرد، بەڵام سەرەڕای توندی هێرشەکان نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت، سوپای تورک بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "پەنجە کلیل" هێرشی کردە سەر زاپ، بەڵام ئێستا ئەوان لە بەرەکانی شەڕدا قوفڵ کراون. ئەوانەی گیریان خواردووە دیسانەوە خۆیانن."
"هاتنیان بەدەستی خۆیان بوو، گەڕانەوەیان بە دەستی ئێمەیە"
گەریلا هەرەکۆل سەبارەت بە گەمارۆدانی سوپای تورک ڕایگەیاند، "هاتنیان بۆ ناو گۆڕەپانەکانمان بەدەستی خۆیان بوو، بەڵام دەرچوونیان لە گۆڕەپانەکان بەدەست ئێمە دەبێت". هەرەکۆل کۆبانێ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: 'لە شەوی یەکەمەوە بەرخۆدانێکی مەزن لە گۆڕەپانی زاپ هەبووە و تا ئێستا هەڤاڵەکانمان قارەمانانە بەرامبەر هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی بەرخۆدان دەکەن. ئەو چەکانەی لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا قەدەغەکراون و کاتێک لە شوێنێکدا بەکاردەهێنرێن، دەستبەجێ دەستوەردان دەکرێت، سەدان جار لەسەر گەریلا بەکاردێت و هیچ ناڕەزایەتییەک لە هیچ لایەکەوە نییە، گەریلا بە ڕۆحی سەردەمەوە وریایە و حیساب بۆ هەموو هێرشێک دەکات، ئێمە هەموو هێرشێک بە بەرخۆدان تێکدەشکێنین. بێگومان ئەمە درێژەپێدەری بیردۆزی ڕێبەر ئاپۆیە و بە دڵنیاییەوە کۆتاییەکەی سەرکەوتنە. باوەڕمان بەمەیە".
گەریلا هەرەکۆل پێداگرییانی خۆیانی لەسەر تێکۆشان و ژیانی ئازاد دەربڕی و گوتی "ئێمە فیدای گەلەکەمانین، تۆڵەی خوێنی هەڤاڵە شەهیدەکانمان لە داگیرکەر دەکەینەوە. لە ساڵی نوێدا سەرۆکایەتی خۆمان ڕزگار دەکەین و ئەو هێڵەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێی داوین، تا کۆتایی لەسەری دەڕۆین و بەڵێنی خۆمان بۆ سەرۆک و گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، سەرکەوتن بۆ گەریلایە".
"ئێمە دەڵێین، یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن"
گەریلا شێرهات وڵات لە نەتەوەی عەرەب، پەیوەست بە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، بەم جۆرە نرخاندنی کرد: "٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆز دەکەین. دەسپێکی تێکۆشانی پەکەکە بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەنگاوێکی ئینسانی بوو. بەرامبەر ئەم هەنگاوە پیرۆزە و بۆ گەڕاندنەوەی مافە لەدەستچووەکان، بێجگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەسی خۆی بە بەرپرسیاری نەبینی و هەستی بە گرنگی ئەم هەنگاوە نەکرد".
شێرهات وڵات لە درێژەی قسەکانی گوتی "ئێمە تەڤگەرێکی سیاسی و ئەخلاقین، بۆ ئازادیی گەلان شەڕ دەکەین، سەرچاوەی هێز و بەردەوامیمان لەسەر ئەم ڕێگەیە، فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە. داگیرکەری تورک ویستی چەندین ناکۆکی لەنێوان گەلانی کورد و عەرەب دروست بکات، بەڵام پەیوەندی نێوان ئەم دوو گەلە شکستی بە هەوڵەکان هێنا".
گەریلا شێرهات وڵات، سەبارەت بە پێداگریان بۆ سەرخستنی دۆزی ئازادی گوتی: " ڕێبەر ئاپۆ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ بنیاتنانی ئەم پارتە خەباتی کردووە. ناهێڵین ڕەنجی ئەو بەفیڕۆ بچێت. ئێمە ناڵێین یان سەرکەوتن یان مردن. چونکە لە فەلسەفەی ئێمەدا جێگەی مردن نابێتەوە. ئێمە دەڵێین یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن. وەک گەریلایەکی ئەم تەڤگەرە شۆڕشگێڕە، بەڵێن دەدەم تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و ئازادی گەلان بەدی نەیەت، تا دوا هەناسەمان تێدەکۆشین و ٤٥ هەمین ساڵیاد ببێتە جەژنی هەموو مرۆڤایەتی. تێکۆشان و بەرخۆدان و فیداکاریمان لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت".