هاوڵاتیانی ناحیەی لەیلان دژی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا

لەدژی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەیان هاوڵاتیانی ناحیەی لەیلان-ی سەر بە پارێزگای کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

ئەمرۆ ژمارەیەک لە چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێز و هاوڵاتیانی ناحیەی لەیلان-ی سەر بە پارێزگای کەرکوک، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا بەهۆی پیسبوونی ژینگەکەیان بەهۆی ئەو دووکەڵ و پاشماوە کیمیایانەی کە کارگەی چیمەنتۆی لەیلان دەریدەخەن کە ساڵانێکی زۆرە ئەو پاشماوانەی لە شێوەی تۆز و خۆڵ لە کارگەکەوە دەردەچێت کێشەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی ناوچەکە دروستکردووە، هەروەها ئەو پاشماوانەی لە کارگەکەوە دردەچێت زەوی کشتوکالی و بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو ناحیەیەی خراپ کردووە.

کارگەی چەمنتۆی لەیلان کارگەیەکی حکومییە و سەر بە حکومەتی عێراقە و لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەو کارگەیە بە گرێبەست دراوەتە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی ، پاشان ئەو کارگەیە درایە کۆپمانیایەکی کوردی کە ناوەندی لە شاری سلێمانیە دوای ئەوەی ئەو کارگەیە درایە کۆمپانیای ئەهلی بەردەوام گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی ئەو کارگەیە ئەنجامدراوە کە زۆربەی بەهۆی نەدانی مووچە کارمەندانیان بووە کە کارمەندانی ئەو کارگەیە بەرپرسانی کارگەکەیان بە نەدانی مووچە و کەمکردنەوەی مووچە بڕینی مووچە تومەتبار دەکرد، هەروەها لەلایەنی ژینگەیەوە دوای بە ئەهلی کردنی ئەو کارگەیە ئەو کارگەیە کاریگەری خراپی  زیاتر هەبوو لەسەر ژینگەی کەرکوک.

هۆکاری زیادبوونی ئەم کێشانە و ئەوەی کە نیگەرانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەی زیاتر کردووە ئەوەیە کە ئەو کارگەیە هیچ جۆرە فلتەرێکی دانەناوە بۆ کەمکردنەوە و رێگری کردن لە کاریگەری خراپی ئەو پاشماوە کیمیایانەی لە کارگەکەوە لە شێوەی دووکەل بڵاودەبێتەوە بەسەر ناحیەکە.

هەروەها چالاکوانن و هاوڵاتیانی ئامادەبووی گردبوونەوەکە هۆشدارییان دایە بەرپرسانی کارگەکە کە پێویستە بە زووترین کات فلتەر دابنێن بۆ پاراستنی تەندروستی و ژینگەی ناحیەی لەیلان و پارێزگای کەرکوک بەگشتی، و سنورێک بۆ پیسبوونی ژینگەی ئەو ناوچەیە دابنرێت کە لەلایەن کارگەیەکی سەر بەحکومەتەوە پیس دەکریت،

هەروەها دەیان پارێزەری خۆبەخش ئامادەیی خۆیان دربڕیوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کارگەیە.

لە گردبوونەوەکەدا عەلی عەبدولڕەحمان چالاکوانی مەدەنی ب ەناوی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند خوێندەوە و وتی: " ئێمە ئەمرۆ لێرەین بۆ گەیاندنی دەنگی هاووڵاتیانی ناوچەکە، کە ئەم کارگەی چەمنتۆی کەرکوکە بۆتە هۆی ناڕەحەتی دانیشتوانی ناوچەکە، داواکاری ئێمە بۆ بەرپرسانی کارگەکە ئەوەی کە پێویستە بەزووترین کات کاربکەن لەسەر دانانی پالاوگە یان فلتەر و ئەگەر داخوازییەکانمان جێبەجێ نەکرێت ئەوە لە داهاتوودا هەڵوێستی توند ترمان دەبێت."

هەروەها عەلی عەبدولڕەحمان وتیشی: " دەزانین ئەم کارگەیە بژێوی سەدان خێزانی دابین کردووە بەڵام لە بەرامبەردا کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و تەندروستی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناحیەکە و شارەکەش هەیە، بۆیە داواکاری ئێمە زۆر سادەیە تەنها دەمانەوێت ئەو کارگەیە پابەندبێت بە رێکارەکانی پاراستنی ژینگە و تەندروستی ناوچەکە و فلتەرێك دابنێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری خراپی پاشماوەکانی کارگەکە لەسەر ناوچەکە."

لەکۆتایدا عەلی عەبدولڕەحمان وتی: "لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکەمان ئێمە ڕێگری لە کارکردنی ئەم کارگەیە دەکەین و رێکاری یاسایی دەگرینە بەر و سکاڵا لەسەر بەرپرسانی کارگەی چەمنتۆی کەرکوک تۆمار دەکەین."

جێگای باسە شاری کەرکوک لە رووی ژینگەیەوە لە بارودخێکی زۆر خراپە بەتایبەتی کە رێژەیی سەوزایی لە شاری کەرکوک کەمترە لە ٢٪، سەرەرای کەمی رێژەی سەوزایی لە شارەکە بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە گرنگی نەدراوەتە جێبەجێ کردنی رێنەمایی ژینگەیی لەلایەن کارگەکانی شارەکەوە.

ف.ق