هاوپەیمانیی کوردستانیی حزبەکانی باکوور هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵات ئیدانە کرد

پارت و ڕێکخستنە کوردییەکانی باکوری کوردستان هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، ئیدانە کرد.

ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول دەوڵەتی ئێران هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی زرگوێز لە نزیک شاری سلێمانی و لە ناوچەی کۆیە. هاوڵاتیانی مەدەنیش لەو هێرشانەدا کرانە ئامانج و بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، بەلایەنی کەمەوە ٩ کەسی کوژراون و ٣٢ کەسیش برینداربوون.

هاوپەیمانیی کوردستان، کە پێکهاتوون لە کەجەدە، دەبەپە، هەدەپە، دەدەکەدە، کەدەپە-تە، کەدەپە- باکوور، کەکەپە، پیا و پارتی ئازاد، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا، ئەو هێرشانەیان ئیدانە کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئیدانەی ئەو هێرشە کراوە و تیایدا هاتووە: "بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە هەموو شوێنێکی وڵات خۆپیشاندانی دیموکراتیک و مەدەنی ئەنجامدران، بەڵام ڕژێم دەیەوێت بە هێرشانە ئەو خۆپیشاندانانە ڕابوەستێنێت. ئەم بەرخۆدانە مەدەنییە بە پێشەنگایەتیی و بە بەرخۆدانی ژنان بەڕێوەدەچێت و لە هەموو جیهاندا پشتگیری کرا. لە بەرامبەر ئەو بەرخۆدانەدا ڕژێمی ئێرانیش تووڕەیی خۆی زیاد کردووە و هێرش دەکاتە سەر بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان.

لەلایەک ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا هێرش دەکاتە سەر باشور و ڕۆژئاوا. پێویستە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.

ئێمە لە هاوپەیمانیی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین و داوای وەستاندنی ئەو هێرشانە دەکەین. داواش لەحکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دەکەین، کە بەرامبەر ئەو هێرشانە بەرپرسیارێتیی خۆیان بەجێبهێنن. ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین".

ژ.ت