'هەموو حزبە کوردییەکان دەبێت بەرپرسیارێتیان لە دژی گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ بەجێبگەیەنن'

تارا حوسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی دەڵێت:"ڕێبەر ئاپۆ تەنها ڕێبەری گەلی کورد نییە، ڕێبەری کەسایەتییە ئاشتیخوازەکانە لە هەموو جیهاندا"، وتیشی، هەموو حزبە کوردییەکان لە وەستانەوە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەرپرسیارێتیان هەیە.

'گەلی  کورد و ڕێبەر ئاپۆ و شۆڕشگێڕان لە مەیدانی کرداریدا پیلانگێڕی نێونەتەوەییان پوچەڵ کردۆتەوە'

تارا حوسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، سەبارەت بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ساڵی ١٩٩٩ و گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دواو وتی:"ئەم پلانگێڕییە نێونەتەوەییە دژ بە گەلی کورد بە بەژداری هێزە ئیمپریالیست و هەژمونخواز و ستاتۆ پارێزەکانی ناوچەکە بووە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە چەندین شێوازی ڕەشبەگیری و بە ئامانجگرتن و ئۆپەراسیۆنی جیاواز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ویستی ڕووبەڕووی ئەم شۆڕشەی ڕێبەرمان ببێتەوە، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن، بۆیە پێشەنگی ئەم بزوتنەوەیەیان بە ئامانج گرت، گەلی کورد خاوەنی چەندین شۆڕش و بزوتنەوەی تر بووە، هەریەکییان و بە جۆرێک سزا و تەسفیەکردن و لەسێدارەدان و کوشتن پارچە کراون و کپ کرانەوە، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان نەتوانرا هەمان کاری لەگەڵ بکرێت چونکە بەدەر لە شۆڕشی جەستەیی، پەروەردەیەکی زیهنی بوو، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم بزوتنەوەیە تەنها بۆ دۆزی کورد نەبوو، بەڵکو بۆ گەلی تورکیش بوو. دەتوانم لەبەر ئەم هۆکارانە بڵێم  ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجەلان ڕێبەری کەسایەتی ئاشتیخوازە لە جیهاندا، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی هەر لە ساڵی ١٩٩٨ دەستی پێکرابوو، تا ئەو کاتەی کە ڕێبەر ئاپۆیان لە وڵاتی کینیا تەسلیمی دەوڵەتی داگیرکاری تورک کردەوە، خەباتی ڕێبەر ئاپۆ بەتەنیا شۆڕشی جەستەیی نابوو، پەروەردە و فەلسەفەیەکی زیهنیش بوو. هۆکاری ئەوەشی بڕیاریدا دەربازی دەرەوەی وڵات ببێ، بۆ ناساندنی دۆزی گەلی کورد بوو بە جیهان، من باوەڕم وایە هەر فەیلەسوفێکی تریش بووایە لەو کاتەدا هەمان بڕیاری دەدا. ڕێبەر ئاپۆ پێیوابوو کەسایەتی ئازاد بە کۆمەڵگەی ئازاددا تێپەڕ دەبێت و ئازادی ژنی لە بزوتنەوەکەی و بیرۆکەکەیدا بە بنەما گرت، ئەمڕۆ زۆرێک لە بزووتنەوە فیمینستییەکان فەلسەفەکەی ئەو لە خەباتی خۆیان بە بنەما دەرن، هەروەها کەسایەتی ئاشتیخواز و ئازادیخواز سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک وەک چارەسەری کێشەی جیهان دەبینێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەلایەن ئازادیخوازان و ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەیەوە لە مەیدانی کرداریدا پوچەڵ کراوەتەوە."

بۆچی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک؟

تارا حوسێن لەبارەی ڕێگریکردن لە چالاکی مەدەنی و ڕێپێوانی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی بۆ یەکەمجار و سەرکوتکردنی ئازادی بە ئاژانسی هەواڵیمانی وت:" لە ڕاستیدا ئێمە کاتێک باسی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دەکەین، ئامانج ئەوەیە کە وەک گەلێک ناچارنەبین دەستکەوتەکانمان ڕادەستی دەوڵەتێک بکەین، ئەو هەوڵانەی کە لە ڕابردوودا بۆ سەرکوتکردنی ئازادی و دەرخستنی لایەنە تاریکەکانی دەسەڵات لە سنوری پەدەکە هەبوون، وەک ئەوەی لە زیندانکردنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی بادینان بینیمان، ئێستا هەوڵدەدرێت لە هەرێمی سلێمانی و دەوروبەریشی جێبەجێ بکرێت، هەرچەندە ئێمە پێمانوایە کە ئەمە قۆناغێکی تێپەڕە، بەڵام بە بێگومان لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نییە و خوێندنەوەی هەڵەی دەسەڵاتە بۆ دۆخەکە. لە ڕابردوودا گفتوگۆکانی هەرێم لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی مژاری گرنگی وەک پێکەوە ژیان و مادەی ١٤٠ دابوون، بەڵام ئێستا تەنها سەبارەت بە پرسی بودجە و موچەیە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە چەند دەسەڵات گەلەکەی خۆی بچەوسێنێتەوە و سەرکوتی بکات، ئەوەندە سەنگ و قورسایی لە مەیدانی سیاسیدا لاواز دەبێت و ناچاردەبێت ببێتە داردەست بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت نەتەوەکانی تر."

'ئەرکی تەڤگەری ئازادی ئاواکردنی سیستمێکی سیاسی ئەخلاقییە'

تارا حوسێن لەبارەی کارو چالاکیی و ئامانجەکانی تەڤگەری ئازادی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و وتی:"ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ئەرکمان پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لەبەرامبەر بەو سیستم و دەسەڵاتەی دژ بەوان و ئازادییەکەیان کار دەکات، تێکۆشانی ئێمە بۆ ئەوە نییە کە لە پەرلەمان بەشداربین و بە وتەی کوردەواری شەقامەکان بکەینە شامی شەریف، بە بڕوای ئێمە سیستمی ئۆپۆزسیۆن سیستمێکی شکستخواردوو و هەمان مۆدێلی دەسەڵاتداریی بووە و نەیتوانیوە کار و خەباتەکانی لە پێناو گەلی خۆیدا بێت. هەربۆیە خەباتی ئێمە خەباتێکی زیهنی و پەروەردەییە بۆ تاکەکانی گەلی خۆمان، ئێمە پێمانوایە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٥ ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵیدا گۆشەگیرکراوە وەک کلیلی چارەسەرییە لەبەرامبەر هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە گەلەکەمان هەیەتی، نەبوونی ئەو لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەرپرسیارییەتییەکی مێژووییە لە ئەستۆی ئێمە، ئێمە ئێستا لەناو قۆناغێکداین کە درک بەوە دەکەین کە گۆشەگیری ئەو ڕێبەرە چ زیانێکە بۆ گەلەکەمان، بە پێچەوانەی مێژووی ڕابردووەوە کە گەل بەرامبەر قازی محەمەد و شۆڕشەکانی تر هەیانبووە، بۆیە هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هیچ کات ئازادی گەلەکەمان بەدی نایەت. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە جیهانییەدا کە هەیە بە ناوی ئازادی ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجەلان و چارەسەری پرسی کورد، کە کۆمیتەی ئامادەکاریش لە باشوری کوردستان هەن، هەر کارو چالاکییەک هەبێت تێیدا بەشدارین و ئامادەی هەڵگرتنی هەموو بەرپرسیارییەتیەکین، پێمانوایە کە هەموو بزوتنەوە و حیزبە کوردیەکان و بە تایبەت یەنەکە بەرپرسیارن لە بەرامبەر بە گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ و دەبێت خاوەندارییەتی لە ئازادییەکەی بکەن، بۆ ئەوەی خاوەنداری لە ئازادی گەلەکەیان بکەن."

'دەسەڵاتی کوردی خەریکە دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی بێناسنامەکردنی گەلی کورد'

تارا حوسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لەبارەی سیاسەتی ئەمڕۆی دەسەڵات لە بەرامبەر گەلی کورد، دۆخەکەی زۆر بە مەترسیدار دەبینی و پێیوابوو ئەمە بەشێکە لە هەوڵی بێناسنامەکردنی گەلی کورد لەناو باشوری کوردوستان و وتیشی:" لە ڕابردوو و ئێستاشدا لە سوریا و تورکیا و ئێران هەمیشە هەوڵدراوە کە کورد بێناسنامە بهێڵدرێتەوە، بەڵام کارەسات لەوەدایە کە ئەمڕۆ بە ناوی کۆمەڵێک ڕێکەوتنەوە دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستانیش بۆتە داردەستی ئەو هەوڵانەی کە وادەکەن کورد بێناسنامە بمێنێتەوە، تاکە چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە ئەوەیە هەموو هێزە ئازادیخواز و وڵاتپارێز و خاوەن بڕواکان بە ئازادی ژن بێنە لای یەک و بەیەکەوە خەبات بکەن دژ بەم بێناسنامە کردنە."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە کورد بە ڕۆحیەتی دایکانی زاگرۆسەوە لەبەرامبەر ئەو هێرش و دایگرکارییانە بوەستێتەوە و وتیشی:" با کەس پێیوانەبێ تا کۆتایی دەتوانێ بینەری شۆڕشی خەباتکاران بێت، هەر شتکستێک دەبێتە شکستی گەل و لاوازی دەکات، بۆیە دەبێت هەمووان لەم خەباتەدا بەو ڕۆحییەتی ژنانی زاگرۆسەوە ڕووبەڕوو بە هەر هەوڵێکی دژ بە گەلەکەیان ببنەوە."

'ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان، ئازادی کەلی کوردە '

تارا حوسین هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لەبارەی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیی داگیرکەر و پەدەکە دژ بە خەڵکی باشور بە ئاژانسی هەواڵیمانی وت"بە بڕوای ئێمە دوو هێڵ لە ئێستادا هەیە، هێڵی وڵاتپارێز و هێڵی خیانەتکاری، بەداخەوە کە بەشێک لە هێزە کوردییەکان بوونەتە هێڵی خیانەتکاری و شۆڕشگێڕانیش لە هۆڵی وڵاتپارێزیدان، ئەم دوو هێڵە لە ئێستادا بۆ خەڵک زۆر ڕوونبووەتەوە، هێڵی خیانەتکاری هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە مێژووەکەشییەوە تەسلیم بە داگیرکەران دەکات، لەبەرامبەریشدا هێڵی وڵاتپارێزی لە چوارچێوەی سیستمێکی قەتیسی وەک سەرمایەداریدا دەتوانێ ڕێپێوانێکی وەک ڕێپێوانی کۆڵن بۆ چارەسەری کێشەی کورد دروست بکا و سەدان هەزار کەس بێنێتە سەر شەقامەکان و عەرشی هێزە ئیمپریالیست و دەسەڵاتی سەرمایەداری بهەژێنێت."

هـ . ب