هەپەگە ئاماری شەڕەکانی قۆناغی راگرتنی چالاکییەکانی ئاشکرا کرد

هەپەگە ئاماری شەڕەکانی لە قۆناغی راگرتنی چالاکییەکانی ئاشکرا کرد و بە گوێرەی ئەو ئامارە داگیرکەران لە زەوی و ئاسمانەوە ٤٨٤٨ جار هەرێمەکانی پاراستنی مێدیایان بۆردومان کرد. ٢٢٤ جاریش بە تۆپی فۆسفۆڕ، بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرشیان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگەدا هاتووە، "هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەرەی کەجەکە لە ٩ی شوباتدا بە راگەیەندراوێک بۆ رای گشتی بڕیاری راگرتنی چالاکییەکانی راگەیاند. فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەلیش لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٣ بە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان بە گوێرەی ئەو رێنمایی و بڕیارەی ئیرادەی سیاسی شۆڕشەکەمان و گەلەکەمان دەجوڵێنەوە، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ دەکەن. هێزەکانمان لە گەورەشارەکان و ناوچە جیاجیاکان لە ٩ی شوباتەوە تا ١٣ی حوزەیران زیاتر لە ٤ مانگ بە گوێرەی ئەو بڕیارە جوڵانەوە".

'٣٢ هاوڕێمان شەهید بوون'

راگەیەندراوەکە بەم جۆرە درێژەی پێداوە:

"بەڵام رژێمی فاشیست کە دوژمنی سوێندخواردووی کوردانە و لەتاو دەسەڵاتداری چاوی سور بووە، بە هیچ جۆرێک گوێی بە راگرتنی چالاکییەکان نەگرت. بە پێچەوانەوە بە ئۆپراسیۆنی بەرفراوان درێژەی بە هێرشەکانیدا. بە تایبەتی لە باکووری کوردستان لە ئەیالەتەکانی دێرسیم، بۆتان، مێردین، جۆلەمێرگ، وان، سەرحەد و ئامەد ئۆپراسیۆنی زۆر بەرفراوانی ئەنجامدا. لە نێوان ٩ی شوبات و ١٣ی حوزەیراندا لە باکووری کوردستان  ٢٢ هاوڕێمان بە ناوەکانی یاشار (عوسمان ماناک)، جانشێر (موسا میرۆمیلان)، دەنیز (عەلی ئاکدۆغان)، عەگید (ئیسحاق چەکین)، راپەڕین (دیجلە عومەر)، رێڤان (پەیام دەمیر)، بۆتان (مەحمود تەکین)، عەلیشێر (ئەمرە ئارپاک)، خەباتکار (موسا قەهرەمان)، هێژار (سەڤیلای ئاکیەڵدرم)، باگەر (ئۆرهان کالابالیک)، ئەکین (نوران ئاڵتون ماکاس)، رۆسیدا (بەلگین گوڤەن)، دڵگەش (سەرحەد یاڵجن)، باوەر (موراد ئاسڵان)، دڵشێر (مەحمود شاکیر ئالجی)، باوەر (دیجلە یامان)، شەڕگەر (سەروەت حەسەن)، رێنجبەر (حەسەن ئاگریمان)، زین (دیلان گۆکالپ)، مەعسوم (وەدات ئایهان) و وەڵاتپارێز لوقمان گورگون شەهیدبوون. لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و باشووری کوردستانیش ١٠ هاوڕێمان بە ناوەکانی: مەزڵوم (عوسمان ئۆزەن)، سینان (فەهمی ئۆگمەن)، مەزڵوم (محەمەد ساڵح چاکال)، ئارارات (ئەحمەد محەمەد)، کۆجەر (محەمەد ساڵح ئەرداڵ)، بۆتان (بیلال محەمەد)، ڤیان (سەرکەفتن دەمیر)، بۆتان (عادڵ عەلی)، باوەڕ (ئەحمەد ئیلهان) و جانشێر (باسل ئەحمەد) شەهیدبوون.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باکووری کوردستان هێرشەکانی خۆی بە شێوەی ئۆپراسیۆنی بەرفراوان درێژە پێدا، هەرێمەکانی پاراستنی مێدیاش بێ پسانەوە لە ئاسمان و زەویەوە بۆردومان کران. هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ٣٧٣ جار بە فڕۆکەی شەڕ، ١٣٩ جار بە هەلیکۆپتەر، ٤٣٣٦ جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس بۆردومان کران. لە بەرامبەر سەنگەرەکانمان لە گۆڕەپانەکانی بەرخودا ٢٢٤ جار بە تۆپی فۆسفۆر، بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرش ئەنجامدرا. لە هەمان کاتدا بە حەفارە و بۆڵدوزەر هێرش کرایە سەر سەنگەرەکانمان بۆ ئەوەی بڕوخێندرێن.

سەرباری ئەوەی لە باکوور و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا هێزەکانمان لە پێگە و دۆخی راگرتنی چالاکیدابوو، بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکەوە بۆ سەر هێزەکانمان، لە نێوان هێزەکانمان و داگیرکەراندا ٢٣٧ جار شەڕ هاتە ئاراوە. لەو شەڕانەدا ٨٤ داگیرکەر کوژران، ٣ داگیرکەر برینداربوون و کۆنترایەکیش سزادرا.

سەرەڕای بڕیاری بێچالاکیی بزوتنەوەکەمان، دەووڵەتی تورکی قڕکەری کۆلۆنیالیست چوار مانگ هێرشی دژواری ئەنجامدا، هەربۆیە تابلۆیەکی بەم جۆرە هاتە ئاراوە. ئەو هێرش و ئامارە قورسە، بریاری بێ چالاکیی بزوتنەوەکەمان و گیانبازی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی، بێ واتا کرد. بێگومان تاکە بەرپرسیاری ئەو تابلۆیە رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە و سیاسەتی فاشیستانەیەتی کە مردنی مرۆڤەکان لەم شەڕەدا بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتەکەی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت.

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، وەک چۆن تائێستا تێکۆشان لەپێناو پاراستنی هەبوونی گەلەکەمان و مسۆگەرکردنی ئازادییان بە وەفاداری بە هێڵی شەهیدان و بە گیانی فیدایی ئاپۆیی بەڕێوەبردووە، لەئێستا بەدواشەوە بە شێوەیەکی بێ دوودڵی بەڕێوەی دەبەن".

هـ . ب