حسۆ ئیبراهیم: شەنگال جگە لە بەرخۆدان ڕێگایەکی تر ناناسێت

حسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆکی مەخەدەشە ڕایگەیاند، دوژمنایەتی هیچ کەسێک ناکەن، بەڵام ئەوەی هێرش بکاتە سەر شەنگال بەرەنگاریی دەبنەوە. حسۆ ئیبراهیم ڕاشیگەیاند، کات کاتی خۆئامادەکردنی هەمەلایەنەیە و بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی کورد هەبوو.

حسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە / MXDŞ) بەشداریی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانیی چرا تیڤی دا کرد و باسی لە هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال کرد.

حسۆ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا، بە ناوی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگال، جگە لە بەرخۆدان هیچ ڕێگایەکی تریان بۆ نییە و وتی: "ئێمە دوژمنی دەوڵەتی عێراق نین، ئێمە هێزمان لە دژی دەوڵەتی عێراق دروستنەکردووە، بەڵام ئەگەر حکومەتی کازمی بیەوێت پلانەکانی داعش جێبەجێ بکات ئەوا وەڵامی دەدرێتەوە. وەڵامیش دەدرێتەوە. لە شەنگال جگە لە بەرخۆدان هیچی رێگایەکی تر نیە".

حسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆکی مەخەدەشە بە بڕیاربوونی خۆیان بۆ بەرخودان بەمشێوەیە خستەڕوو:

"ئێمە چۆن لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرەنگاری داعش بووینەوە، چۆن تا ئێستا بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک بەرەنگاریمان کردووە، ئەوەی دژی ئێمە بێت و هێرش بکاتە سەرمان بەرەنگاری دەبینەوە. با کەس چاوەڕێی خۆبەدەستەوەدان و خۆبەدەستەوەدانی خەڵکی شەنگال نەبێت".

لە کۆتاییشدا بانگەوازی لە کۆمەڵگای ئێزدی و گەلی کورد کرد و وتی: "ئێمە وەک بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر داوا لە گەلەکەمان و بەتایبەتی گەلی ئێزدی دەکەین، کات کاتی بەرخۆدانە، کاتی خۆئامادەکردنی هەمەلایەنەیە.

ئێمە نامانەوێت شەڕ ڕووبدات، بەڵام ئەگەر هات و ڕویدا، ئێمە داوای سەفەربەری و خۆئامادەکردنی هەمەلایەنە لە گەلەکەمان دەکەین. ئەوەی هێرش بکاتە سەر شەنگال، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە".

ژ.ت