حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک: بە یەکگرتوویی بۆنە نەتەوەییەکان بەرز ڕادەگرین
حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکەوە ئەنجامدانی مەڕاسیمی یادکردنەوەی یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە شارەکە.
حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکەوە ئەنجامدانی مەڕاسیمی یادکردنەوەی یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە شارەکە.
ئێوارەی دوێنێ حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لە بارەگای کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردن و ڕێککەوتن لەسەر مەڕاسیمی یادکردنەوەی یادە نەتەوەیی و نشتیمانییەکانی وەکو یادی کارەساتی هەڵەبجە، ئەنفال، ڕاپەڕین و نەورۆز، پاش کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست بۆ ڕاگەیاندنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە.
شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی دوای کۆبوونەوەکە بەناوی حزبە کوردستانیەکانەوە قسەی کرد.
شوان محەمەد سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بریتیبوو لە ئامادەکارییەکانی حزبە کوردستانیەکانی پارێزگای کەرکوک بۆ مەڕاسیمی بۆنە نیشتمانی نەتەوەییەکانی مانگی ئادار و نیسان، لە ساڵانی ڕابردوو حزبە کوردستانییەکان پێکەوە بە یەکگرتووییەوە یادی ئەم بۆنانەیان بەرز ڕاگرتووە، ئەم بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیانە لەسەرو بەرژەوەندی و پەیوەندی حزبین، پێویستە یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەییەکان شایستەی خەڵکی کوردستانی شارەکە بێت".
هەروەها شوان محەمەد سەبارەت بە مەراسیمی یادکردنەوەکان وتی: " لەم کۆبوونەوەیە بڕیارماندا هەر سێ بۆنە گەورەکە، کە ١٦ی ئادار ساڵرۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و رۆژی شەهیدانی کوردستانە، یادی ئازادکردنی کەرکوک لە ڕاپەرین و هەروەها نەورۆزیش لە هەمان رۆژدایە پێکەوە بکەینەوە. لەیادی ٣٣ هەمین ساڵیادی ئازادکردنی شاری کەرکوک لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئێمە وەکو حزبە کوردستانیەکان دەست لەناو دەست یادی ئەو رۆژە بەرز ڕادەگرین، وە لە رۆژی ١٤ی نیسان، کە یادی دەستپێکی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالە، کە رۆژی جینوسایدی گەلی کوردە، لە یادی ئەو کارەساتەدا جارێکی دیکە سەری ڕێز نەوازش دادەنوێنین بۆ شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی تەواوی کوردستان، لەگەڵ حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک بەیەکەوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرین".
لە کۆتایدا شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەشی ووت: "ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییەکەی لەوەدایە، کە جارێکی دیکە حزبە کوردستانییەکان پێکەوە لە شاری کەرکوک یادی یاد و بۆنە نەتەوەییەکان دەکەینەوە، بە هاووڵاتیانی کەرکوک دەڵێین، ئێمە دەست لەناو دەست بە یەکگرتوویی، بەرپرسین لەوەی ئەو یادانە بەشیوازێک ڕێکبخەین، کە شایستە بێت بە مێژوو و بە خەڵکی کوردستان و کەرکوک".
ژ.ت