کاربەدەستانی ئێران سێ کەسیان لە زیندانی ورمێ لەسێدارەدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سزای لە سێدارەدانی سێ زیندانی دیكە جێبەجێ كرا.

بە پێی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی سێ زیندانی، بەناوەكانی “سەعدوڵا فەرەجی، وەحید بەیزایی و ئەمیر عەلی بایرمی” لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ جێبەجێ كراوە.

بە پێی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە، ئەو سێ زیندانییە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە بۆ جێبەجێكردنی سزاكە بۆ ژووری تاكەكەسی گواستراونەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو سێ زیندانییە، پێشتر بە تۆمەتی “كوشتنی بە ئەنقەست” سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندكراوی دیكە، بە ناوەكانی “حسێن تەیران و نجومی مورادی”یش بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست لە هەمان زیندان جێبەجێكراوە.

بە گوێرەی ئامارەكانی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو دا، سزای لە سێدارەدانی لانیكەم حەوت بەندكراو لە زیندانی ناوەندی ورمێ جێبەجێكراوە.

لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بە پێی وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانجی کۆماری ئیسلامی ترساندن و تۆقاندنی هاوڵاتیان و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانە.

ف.ق