KCDK-E بۆ یەکێتی نەتەوەیی بانگەوازیی کرد

KCDK-E رایگەیاند، بۆ بەدەستخستنی پێگەو ئازادیی گەلی کوردستان، یەکێتی نەتەوەیی ئەرکێکی مێژووییە و پەیامێکی ئاراستەی رێکخراو و هێزە کوردستانییەکان کرد و داوای لێکردن بەشداری لە رێپێوانەکانی ٥ و ٦ و ٧ی کانونی یەکەمدا بکەن.

دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستان-ئەوروپا لە بارەی گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو تییایدا وێڕای ئاڕاستەکردنی پەیامێک بۆ رێکخراو و پارتە کوردستانییەکان بۆ بەشداریکردن لە رێپێوانەکانی مانگی کانونی یەکەمدا، بانگەکەی هونەرمەند و رۆشنبیرانیشی بۆ ئەم مەبەسەتە، بەرز نرخاند.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بۆ رای گشتی رادەگەیێنین بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە پرسی یەکێتی نەتەوەی بە بێ دوودڵی جێبەجێ دەکەین. گەلی کوردستان  و هونەرمەند و رۆشنبیران یەکێتی نەتەوەییان بونیاد ناوە. بانگمان بۆ هەموو پارتە کوردستانییەکان ئەوەیە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، لە پێش هەموو شتێکەوە ببینن. بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. ئەگەر پارتە کوردستانییەکان بە بێ هیچ بیانوویەک کۆنگرەی نەتەوەیی لە ماوەیەکی کورتدا ببەستن، ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی بەدیهاتنی ئاواتەکانی گەلی کوردستان."

لە بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی هێزە داگیرکەرە نێودەوڵەتییەکان کە کوردستانیان کرد بە چوار پارچە، بە شێوەیەکی گشتگیر هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی گەل، باسە لەوەش کرا، رۆحی یەکێتی نەتەوەیی کە بە خۆڕاگریی رۆژئاوای کوردستان بەدی هاتووە، گرنگترین دەستکەوتی ئەم قۆناغەیە.

KCDK-E  رایگەیاند خۆڕاگری رۆژئاوا، تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستانی دەرباسی قۆناغێکی نوێ و ئاستێکی گەردوونی کردووەو تیشک خرایە سەر ئەوەی، لە مێژوودا یەکەم جارە بە دەوری چەرخی ئازادی گەلی کورد، پشتیوانی و بەرخۆدانێک لە ئاستی گەردونیدا پیشان دەدرێت. ئازادی گەلی کورد گۆڕا بۆ پرسی ئازادی و دیمۆکراسیی هەموو جیهان و ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم قۆناغە. لە دژی سیاسەتی قڕکردن و دگیرکاریی، بەرێکخستنکردنی تێکۆشانی دیمۆکراسیی گەردوونی و یەکێتی نەتەوەیی و ئازادی گەلی کورد، لە هەموو کاتێک زیاتر ئێستا نزیک بووەتەوە لە راستییەکی بەرچاو.

'ئەم دەرفەتە مێژوویە بەکار دەهێنین'

ئێمە بە ناوی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستان-ئەوروپا جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە پارت و رێکخراو و رۆشنبیر و هونەرمەندانی کورد ئەم دەرفەتە مێژووییە بە کار بهێنن و بە مەبەستی بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی هەنگاوێکی بەچاو بنێن. پێویستە بە بەرپرسیارێتی و پێشەنگایەتیی ئەم قۆناغە، بجوڵێنەوە.

KCDK-E لە بەیاننامەکەدا تیشکی خستە سەر رێپێوانی 'بۆ لەناوبردنی داگیرکەریی، یەکێتی نەتەوەیی بونیاد بنێن' کە بڕیارە لە ٥ و ٦ی کانونی یەکەم لە لۆزان-جنێڤ و لە ٧ی مانگیش لە سەرتاسەری جیهان بەڕێوە بچێت و بۆ بەشداریکردن و ئەنجامدانی چالاکی، پەیامێکی گشتگیری ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکان  و رێکخراو و هونەرمەند و رۆشنبیران کرد کە لیژنەی هاوبەش لە نێوانیاندا دروست بکەن و پلانەکانییان بۆ ئەو رۆژە ئامادە بکەن.

لە کۆتاییشدا دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستان-ئەوروپا (KCDK-E) داوای لە هەموو پارتە کوردستان و رێکخراو و هونەرمەند و رۆشنبیران کرد کە بە رۆحێکی ئامادەباشییەوە، بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن و بەو رۆحەوە کاروخەباتەکانیان جێبەجێ بکەن.

ز.ش