كه‌جه‌كه یادی مام جه‌لالی به‌رز راگرت

كه‌جه‌كه‌ له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاندووه‌: " لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بەبنەما وەرگرتنی کەسایەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەروەها لێهاتوویی سیاسی و شارەزایی دیپلۆماسی و هونەری ئاشتەوایی و دیالۆگی سەرۆک مام جەلال هەیە".

كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) له‌ پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌رۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان (یه‌نه‌كه‌)دت، یادی مام جه‌لالی به‌رز راگرت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

برای بەڕێز بافل جەلال تاڵەبانی،

هاوڕێیانی بەڕێزی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،

کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان

لە پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری ئێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بەردەم یادی ئەم تێکۆشەرە مەزنەی گەلەکەماندا سەری ڕێز و وەفا دادەنوێنین و بیرەوەی خەبات و تێکۆشانی بەرز و پیرۆز رادەگرین.

سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، وەک پێشەنگ و تێکۆشەرێکی لێهاتوو، وەک سیاسەتمەدار  و کەسایەتییەکی نیشتمانی، هەم لە سەدەی بیستم و هەم لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا، مۆرکی خۆی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان داوە. بێگومان کەسایەتی نیشتمانی و تێکۆشانی مام جەلال نەک تەنیا لە باشوری کوردستان، بەڵکۆ لە هەموو بەشەکانی دی کوردستان خاوەن رۆڵ و کاریگەریی بووە. بە تایبەت هاوڕێتی و دۆستایەتی نێوان سەۆک مام جەلال، رێبەر ئاپۆ و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رێگەی لەبەردەم زۆر دەسکەوتی نەتەوەتی و نیشتمانی کردۆتەوە و بۆتە هێمایەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان. بەتایبەت سەرۆک مام جەلال بەرلە نەخۆشکەوتنی، وەکو وەفایەک بۆ ئەو هاوڕێتییە دەستی بە ئامادەکاری کردبوو بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا.

لەم کاتەی ئێستادا کە هەموو بەشەکانی کوردستان بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانەوە بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕ دەبن و هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت ئێراق تووشی قەیرانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بەبنەما وەرگرتنی کەسایەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەروەها لێهاتوویی سیاسی و شارەزایی دیپلۆماسی و هونەری ئاشتەوایی و دیالۆگی سەرۆک مام جەلال هەیە.

هیوادارین کە یاد و بیرەوەی سەرۆک مام جەلال ببێتە هۆی پتەوترکردنی یەکێتی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی هێرش و داگیرکارییەکانی سەر کوردستان.

لە گەڵ رێزدا

 

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- KCK

٠٣.١٠.٢٠٢٢