هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە پەیوەست بە هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا دەبێت بە هەموو شێوەیەک ئەم هێرشە داگیرکارییانە شەرمەزار بکرێن و بەڕیزدارییەوە یادی شەهیدانی بەرخۆدانی بەندوای تشرینی کردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە:
"لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمی سووریادا، دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ زیاتر کرد و هێرشی کردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق. دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی- بێچەک کە دەڕۆن بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین. ڕاگەیاندرا لە هێرشەکانی ئەم دوایەدا کە بە فڕۆکە کراوەتە سەر خەڵکی مەدەنی، ٦ کەس گیانیان لە دەستداوە و بە دەیانی دیکەش بریندار بوون. بە توندی ئەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک و ئەم هێرشە نامرۆڤایەتیانە شەرمەزار دەکەین. بە ڕێزدارییەوە شەهیدانی تشرین یاد دەکەینەوە کە گیانی خۆیان کردە سەنگەر و وڵاتی خۆیان لە داگیرکەران پاراست. ئەوان شەهیدیی گەلانی کوردستان، ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان. مەرجی هەرە بنەڕەتی دڵسۆزی بە شەهیدان و وڵاتپارێزان ئەوەیە کە مرۆڤ لەسەر ڕێچکەیان بەردەوام بێت و بەردەوامی بدات بە تەواوکردنی تێکۆشانیان. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وێڕای هێرشەکان بە بێ ترس دەڕۆنە تشرین و دڵسۆزی خۆیان نیشان دەدەن. هونەرمەندی شانۆکار جوما خەلیل (باوکی تایەر) کە بە خۆشەویستییەوە لە ناو گەلی کورددا ناسراوبوو، لەم هێرشانەدا گیانی لەدەستدا. جوما خەلیل ماوەیەک پێش شەهید بوونی گوتبووی، 'لێتان ناترسین، قوربانی هەرچی بێت گرنگ نییە و لە بەرخۆداندا دەبین' و بەم دەڕبڕینەی خۆی هەڵوێستی گەلی کورد، گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایی نیشاندا. بە ڕێز و پێزانینەوە یادی دەکەینەوە و لە ئاستییدا بەژنمان دادەنەوێنینەوە. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت بەردەوام بن لە ڕۆشتنیان بۆ بەنداوی تشرین و بە بەهێزییەوە خاوەنداری لە شەهیدەکانیان بکەن. دەبێت هەموو هێزە دیموکراتیکخوازەکان و بە تایبەت گەلی وڵاتپارێزی کوردستان پشتیوانی بەهێزی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ببن، لە هەموو جێگەیەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیی SNA شەرمەزار بکەن و لە بەرانبەر هێرشەکاندا هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن. بانگەوازی لە هەموو کەسێک دەکەین لەسەر ئەم بنەمایە ناڕەزایەتییەکی بەهێز نیشان بدەن و هەڵوێست وەرگرن.
دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیوای ئەوە درووستبوو شەڕ لە سووریادا کۆتای بێت، سووریایەکی دیموکراتیکی ژیانی یەکسانی گەلان سەرلەنوێ بونیاد بنرێت. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیی SNA لە دژی ئەم هیوا و حەسرەتەی گەلان ئەنجام دەدرێت. دەوڵەتی تورک بۆئەوەی سووریایەکی دیموکراتیک دانەمەزرێت هێرش دەکات. بۆیە هەموو ئەو کەسانەی لایەنگری سووریایەکی دیموکراتیک و یەکپارچەیی سووریایە، دەبێت ئەم مەترسیانە ببینن و لە دژی هێرشەکان بوەستنەوە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیی SNA بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی و سەروەری گەلانی سووریایە. ئەم هێرشانە لە هەموو ڕەهەندێکەوە ناڕەوا، داگیرکاری و کۆمەڵکووژییە. وێڕای هەموو ئەمەش بێدەنگی و نەبینینی ئەم هێرشانە جێگەی قبوڵ کردن نییە. نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی عەرەبی کە سووریا ئەندامیانە، هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانی لە سووریا دەبێت لە بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و کۆمەڵکوژییەکان چیدی بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەرگرن."