شەنگالییەکان بۆ ڕۆژئاوا ڕێپێوانیان کرد

لە شەنگال دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بە ئامانجی پشتگیری لە بەرخۆدانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سنوونێ ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.

لە ناحیەی سنوونێی سەر بە شەنگال، پێکهاتە و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی شەنگال بە پێشەنگایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا، سەدان کەس بەشداربوون، پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی شەهیدان و بریندارانی بەرخۆدانی تشرین هەڵگیرا.

جەماوەر لە بەردەم ئەنجوومەنی گەلی سنوونێ کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی درووشم تا چوارڕیانی مام زەکی لە بازاڕی ناحیەکە ڕێپێوانیان کرد.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال نایف شەمۆ تیشکی خستەسەر فەرمانەکانی سەر جڤاکی ئێزدی بە درێژایی مێژوو، ڕایگەیاند ئێستەش دەوڵەتی تورک درێژە بە هەمان زیهنیەت دەکات و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد و گوتی: "بەرخۆدانی گەلان سەردەکەوێت و سەرکەوتن بۆ گەلەکەمانە. بە فێڵی جیاواز دەیانەوێت ڕۆژئاوا بەرەو ڕەوشێکی جیاواز ببەن، بەڵام ناگەنە ئامانجەکانیان. ئەم ساڵ دەبێتە ساڵی ئازادی سەرۆکمان و خۆبەڕێوەبەری شەنگال".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ نەعیم بەدەل پشتگیری گەلی خەڵکی شەنگالی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دووپاتکردەوە، ڕایگەیاند ئەزموونی ٢٠١٤ شەنگال لە ڕۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە، خەڵک کۆچبەردەبن و منداڵان لە سەرما دەمرن. لە بەنداوی تشرین دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر چالاکوانان.

نەعیم بەدەل ناڕەزایەتی بەرامبەر بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کاتێک باس دێتەسەر کورد هەموو جیهان بێدەنگ دەبن، گوتی: "سڵاو لە بەرخۆدانی گەلەکەمان دەکەین و خاوەنداری لە خاکەکەمان دەکەین. سەرکەوتنی گەلی ڕۆژئاوا، سەرکەوتنی گەلی بندەستە. سڵاو لە بەرخۆدانی گەل و هێزەکانی ڕۆژئاوا دەکەین".

چالاکییەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و قەسەدە" کۆتایی هات.