کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردە و لە بەشێکی ڕاگەگەیاندارەکەدا هاتووە: " بێگومان ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ رویدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنتالیایە کە تیایدا دەسەڵاتدارانی پەدەکە میوانی ئەردۆغان و هاکان فیدان بوون و بەڵێنی بەکرێگیراوی و خەیانەتیان پێیان دەدا. ئەگەر رەزامەندی و ئەرێکردن و سیخوڕی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی نەبێت تورکیا هیچ کاتێک ناتوانێت ئاوا خەڵکی بیتاوان شەهید بکات."
درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە بەم شێوەیە:
"بۆ ڕای گشتی جارێکی دی بە هۆی بۆردوومانی سوپای فاشیست و داگیرکەری تورکیاوە ٢ هاوڵاتی باشوری کوردستان خەڵکی شێلادزێ بە ناوەکانی "سەعید موبارەک دێویکی" و "ئاراز فەرەج زێباری " شەهید بوون و هاوڵاتییەکی دیش بریندار بوو. هەروەها مانگێک لەمەو پێش، دوو هاوڵاتی دی خەڵکی ئاکرێ بە ناوەکانی "عارف تەها " و"بەشیرعومەر عەلی" لە لایەن سوپای داگیرکاری تورکیاوە شەهید کرابوون. لە ناو مانگێکدا ئەمە چوار هاوڵاتی دەڤەری بادینان لە لایەن تورکیاوە شەهید دەکرێن. لە هەمانکاتدا لە ناو ئەم مانگەدا چەند هاوڵاتی دیش لە هەرێمی سۆران و سلێمانی بوونە قوربانی هێرش و تیرۆری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا.
بێگومان ئەم هێرش و تیرۆر و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی سیاسەت و زیهنییەتی جینوساید و کۆمەڵکوژییە کە زیاتر لە سەد ساڵە لە سەر گەلی کورد پەێڕەوی دەکات و دەیەوێت هەبوون و ناسنامەی کورد لە سەر نەخشەی جیهان بسڕیتەوە. تورکیا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی خۆی پێویستی بە کوردی بەکرێگیراو و خۆفرۆش هەیە، کە ببێتە کەواسوری بەر سوپاکەی، سیخوڕی بۆ بکات و هەموو تاوانەکانی بۆ پەردەپۆش بکات. بەداخەوە، دەسەڵاتی پەدەکە نەک هەر لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانەدا هیچ هەڵوێستێکی نییە، بەڵکو هەم بە گوتاری سیاسی و هەم لە رێگەی چاپەمەنی و میدیای دەستەمۆ ئەم تاوانانەی تورکیا پەردەپۆش دەکات، پاکانەیان بۆ دەکات و رەوایەتییان پێدەدات و بەم شێوەیە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەکات. لە کاتێکدا کە دەستی دەسەڵاتی فاشیستی تورکیا بە خوێنی کورد سوورە و رۆڵەی کورد شەهید دەکرێن دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەست لە ناو دەستی ئەردۆغان و هاکان فیدان لە کۆبوونەوە و دانۆستاندان. بێگومان ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ رویدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنتالیایە کە تیایدا دەسەڵاتدارانی پەدەکە میوانی ئەردۆغان و هاکان فیدان بوون و بەڵێنی بەکرێگیراوی و خەیانەتیان پێیان دەدا. ئەگەر رەزامەندی و ئەرێکردن و سیخوڕی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی نەبێت تورکیا هیچ کاتێک ناتوانێت ئاوا خەڵکی بیتاوان شەهید بکات.
پەدەکە تەنیا سیاسەتی کوردی دابەش نەکردووە، تەنیا بە خەندەق لێدان کوردستانی دابەش نەکردووە، بەڵکۆ بەهەڵوێست و سیاسەتی خۆی رەنگەکانیشی دابەش کردووە، رەنگی خۆێنی کوردیشی دابەش کردووە و دەیەوێت ئێش و ئازارەکانی کوردیش دابەش بکات. هەر بۆیە پێویستە هەموومان بڵێن کە ئێش و خەمی شیلادزی و ئاکرێ و سلێمانی ئێش و خەمی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەرە و یەک هەڵوێست بین. لێرەدا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا، ژنان، گەنجان و هەروەها هەموو هیز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و عێراق کە لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوی و خەیانەتی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. بە تایبەت لەم قۆناخەدا هەلوێستی رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، رۆژنامەنووسان و پێنووسە ئازادەکان زۆر گرنگ دەبێت. پێویستە ئەوە بزانین کە هەر هەڵوێستێک دەتوانێت گیانی هاوڵاتییەک بپاریزێت و هەر بێ هەلوێستی و بێدەنگییەکیش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی زیاترببنە قوربانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەردۆغان و تورکیا. هەروەها دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پێویستە لەبەرامبەر تیرۆری هاوڵاتی کورد بێدەنگ نەبن و گیانی کورد و هەبوون و ئازادی و کیانی کورد نەکەنە قوربانی کردنەوەی رێگەی گەشەپێدان بۆ پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆغان.
لە کۆتاییدا، ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ روویدا بە توندی شەرمەزار و ریسوا دەکەین و بەڵێین و پەیماندەدەین کە بە پەرەدان بە تێکۆشان و بەرخودان تۆڵەی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان بکەینەوە. هەروەها پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی کوردستان و بەتایبەت گەلی خۆڕاگری شێلادزی و بنەماڵەی هێژای شەهیدان "سەعید موبارەک دێویکی" و" ئاراز فەرەج زێباری" دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین. ئاواتەخوازین گیانی شەهیدەکانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بێت و بە هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە وتەندروستی بۆ بریندارەکان.
لەگەڵ ڕێزدا
- کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە
٨ی ئاداری ٢٠٢٤."