کەجەرە ناسنامەی گەریلایەکی شەهیدی ئاشکرا کرد

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە) ناسنامەی گەریلایەکی ئاشکراکرد، کە لە پێنجوێن شەهیدبووە و رایگەیاند، "هاوڕێ تۆڵهەڵدان بووە هێمای پێشەنگایەتی گەنجان و هەموو کات بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

کەجەرە لەو بارەوە بڵاویکردەوە:

"ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە)، هاوڕێ و فەرماندەمان بارزان حەسەن زادە بە ناوی رێکخستنی تۆڵهەڵدان قەندیل ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە هەرێمی پێنجوێن لە ئەنجامی هێرشی ئاسامنی رژێمی تورکی داگیرکەر و فاشیستدا گەیشتووەتە کاروانی شەهیدان".

هەر لە راگەیەندراوەکەی کەجەرەدا هاتووە: " وەک کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KCR) هاوڕێمان تۆڵهەڵدان قەندیل بەڕێزەوە وەبیر دێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدی هێژامان و تەواوی گەلی وەڵاتپارێزمان دەکەین. بەڵێن دەدەین تا سەرخستنی شۆڕش و گەیشتن بە خەیاڵی شەهیدانمان بێ وچان تێکۆشانمان بە گوڕتر بکەین و ببین بە شایانی شەهیدە بە نەرخەکانمان، گەلمان و ڕێبەرایەتیمان. لە سەر بنەمای فەلسەفەی "شەهید نامرن"، لە تێکۆشاندا ببین بە میرات گریان و شەهیدانمان بکەین بە شاهیدی تێکۆشانمان. ئامانجیان ئامانجمانە و بانگ دەکەین کە گەلی وەڵاتپارێزمان و بە تایبەت گەنجان، بۆ سەرخستنی خەیاڵ و خەونی شەهیدانمان و بەردەوامکردنی ڕێگەیان، چەکی شەهیدان بکەنە شان و چالاکانە لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا بەشدار ببن. بەڵێن دەدەین تا تێکبردن و سڕینەوەی دەستی داگیرکەران و فاشیستان لەسەر کوردستان و گەیشتن بە ئازادی جەستەیی ڕێبەرایەتیمان، تێکۆشان بکەین و خاوەن ڕەنجی شەهیدان، ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان بین".

ناسنامەی شەهید تۆڵهەڵدان بەم جۆرەیە:

ناو و پاشناو: بارزان حەسەن زادە

ناسناو: تۆڵهەڵدان قەندیل

شوێن و رێکەوتی لەدایکبوون: ١٩٩٤ مەهاباد

شوێن و رێکەوتی شەهیدبوون: ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٣ پێنجوێن

دەقی راگەیەندراوەکەی کەجەرە:

"لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ هەر گەنجێکی کورد ببێت بە تۆڵهەڵدان

لە ڕاستی شۆڕشی کوردستاندا و لە ناو قوڵایی دڵ، بیر و بیرەوەری گەلی کورد دا، شەهیدان بەرزترین پلە و پایەیان بەدەست هێناوە. بێ گومان بەهای ئەو جێگە و پێگەیەش دڵۆپ دڵۆپ خوێنی پاکیان بووە، کە بۆ سەوز بوونی داری ژیان بەخشیویانە. لە هەر چوار لای کوردستان و بست بە بستی ئەو خاکە ئەوەی بەدی دەکرێ ڕەنجی هەرمان و بێ بڕانەوەی شەهیدانە. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "ئەوان شەهیدی ژیانن، شەهیدی شەرەف و نامووسن، شەهیدی كورد و كوردستانن". ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز تێکۆشانی دەستەبەرکردنی ناسنامەی خۆیان بە گوڕ و تینەوە بەڕێوە دەبەن و بە بڕیارداریەوە بەرامبەر بە داگیرکەران تێکۆشان دەکەن، لە سایەی ڕەنج و تێکۆشانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیە. شەهیدان ڕۆڵە هەرە بە نەرخەکانی کۆمەڵگان. ڕوونکەرەوەی ڕێگەی تێکۆشانمان و بزوێنەری هەستی ئازادی و یەکسانین. ماتەوزەن بۆ تێکۆشان و هاندەرن بۆ گەیشتنمان بە ئامانجە ڕەواکانمان.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی (١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٣) لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ڕژێمی فاشیست و داگیرکەری تورک لە هەرێمی پێنجوێن، هاوڕێمان بارزان حەسەن زادە بە ناوی تەڤگەری "تۆڵهەڵدان قەندیل"، ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەیشتە پلەی بەرزی شەهادەت.

هەڤاڵ تۆڵهەڵدان لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر، کە ژیانیان لە پێناو شۆڕشی کوردستاندا تەرخان کردووە و ڕۆڵەی وەک هەڤاڵ تۆڵهەڵدانیان پێ گەیاندووە، لە ١٣٧٣ی هەتاوی (١٩٩٤) لە شاری مەهاباد چاوی بە ڕووی دوونیادا هەڵهێناوە. قۆناغەکانی ژیانی لەو شارە تێپەڕکرد و هەر زوو هەستی بە داگیرکاری سەر وڵاتەکەی کرد.  لە تەمەنی گەنجێتیدا و لە ئەنجامی پەیجووربوونی ڕێگای ئازادی، ئاشنای ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد بوو. وێڕای ئاشنایەتی بنەماڵەکەی لەگەڵ جوڵانەوە کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێڵی شۆڕشگێڕی، نەتەوەپەروەری و سۆسیالیزمی ڕاستەقینە لە ناو جوڵانەوەی ئاپۆییدا بەدی کرد و بەجۆش و خرۆشەوە بۆ وشیارکردنەوەی گەنجان و کۆمەڵگا، بە شێوەیەکی چالاکانە دەستی بە تێکۆشان کرد. لە سەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا و لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕوون کردنەوەی کۆمەڵگاکەی، لە لایەن ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە دەستگیردەکرێت و ڕووبەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە و زیندان دەکرێتەوە. هەڤاڵ تۆڵهەڵدان پێداگرانە لە سەر گەیاندنی گەلەکەی بە ئازادی، تێکۆشانی خۆی پەرە پێدەدات و لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ ی هەتاوی لەکاتێکدا کە خوێندکاری زانکۆ بوو، هاوڕێ لەگەڵ شەهید ئاڕگەش شۆڕش و چەند هەڤاڵێکی تری خۆی، ڕوو لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەکەن و بەشداری ڕیزەکانی گەریلای ئازادی کوردستان دەبن. پەروەردەی سەرەتایی شەرڤانی نوێ دەبینێت و پاشان لە ئاکادمیاکانی شەهید هێمن بێکەس و شەهید عەلی چیچەکدا، لەپێناو گەیشتن بە کەسایەتی ڕاستەقینەی ئاپۆیی، خۆی پەروەردە دەکات و پێدەگەیەنێت. بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی ئەستەمترین ئەرک و هەستیارترین بەرپرسیارێتی، دەبێتە جێگەی بڕوا و متمانەی قوڵی هەڤاڵانی.

هەڤاڵ تۆڵهەڵدان وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەی گەلەکەی، هەر زوو ئاوێتەی بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت. لەناو کار و خەباتی شۆڕشگێڕیدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی دەگرێتە ئەستۆ. لەپێناو وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بە تایبەت گەنجان، بەردەوام لەناو هەوڵ و لێکۆڵینەوەدا دەبێت. بۆ ئەوەی گەنجان لە بازنەی شەڕی تایبەتی ڕژێمی داگیرکەری ئێران ڕزگار بکات و بیانگەیەنێت بە ڕێڕەوەیەکی ڕاستی ژیان، لە قسە و کرداریشدا دەبێت بە نوێنەرێکی ڕاستی بیر و ڕامان و جیهانبینی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان. لە هەرێمەکانی ئاسۆس، پێنجوێن و قەندیل لە ستراتیژیکترین خەباتەکاندا جێدەستی دەبێت و بۆ ڕێکخستن کردنی گەنجان لە ناو شار و زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەروەها لە ئەیالەتەکانی مەریوان و موکریان لە چالاکی گەریلایی و ڕێکخستنیەکان دا جێگەی گرت و لە باشووری کوردستانیش بوو بە سەمبولی تێکۆشان لە دژی هێڵی نۆکەری و خیانەت. سەرەتا ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێگەی ژیانی ڕاست و هێڵی ئازادی لە کەسایەتی خۆیدا پێکهێنا و دواتریش بە بڵاوکردنەوەی ئەو فکر و ڕامانە بۆ دەیان گەنجی کورد بووە بە ڕێنیشاندەر و قیبلەنمای تێکۆشان. لەسەر بنەمای پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، بە تێکۆشانی گەریلایەتی، بە ڕۆح و خرۆشی گەنجێتی، بە خەباتی ڕوناکبیری و تێکۆشانی نەپساوەی، تۆوی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لەتەواوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەچێنێت. هەڤاڵ تۆڵهەڵدان بە دڵنزمی و فەداکاری و لە سەر بنەمای خزمەتکردنی گەل و نیشتمان، لەپێناو پاککردنەوەی کوردستان لە داگیرکاری و داگیرکەران، شەڕ و تێکۆشانی گەیاندە لووتکە و بوو بە نمونە و سیمبولی پێشەنگایەتی هەمیشە زیندووی گەنجان.

وەک کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KCR) هاوڕێمان تۆڵهەڵدان قەندیل بەڕێزەوە وەبیر دێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدی هێژامان و تەواوی گەلی وەڵاتپارێزمان دەکەین. بەڵێن دەدەین تا سەرخستنی شۆڕش و گەیشتن بە خەیاڵی شەهیدانمان بێ وچان تێکۆشانمان بە گوڕتر بکەین و ببین بە شایانی شەهیدە بە نەرخەکانمان، گەلمان و ڕێبەرایەتیمان. لە سەر بنەمای فەلسەفەی "شەهید نامرن"، لە تێکۆشاندا ببین بە میرات گریان و شەهیدانمان بکەین بە شاهیدی تێکۆشانمان. ئامانجیان ئامانجمانە و بانگ دەکەین کە گەلی وەڵاتپارێزمان و بە تایبەت گەنجان، بۆ سەرخستنی خەیاڵ و خەونی شەهیدانمان و بەردەوامکردنی ڕێگەیان، چەکی شەهیدان بکەنە شان و چالاکانە لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا بەشدار ببن. بەڵێن دەدەین تا تێکبردن و سڕینەوەی دەستی داگیرکەران و فاشیستان لەسەر کوردستان و گەیشتن بە ئازادی جەستەیی ڕێبەرایەتیمان، تێکۆشان بکەین و خاوەن ڕەنجی شەهیدان، ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان بین. دیسانەوە ڕووی بانگمان لە تەواوی گەنجان و بە تایبەت گەنجانی مەهاباد و هەرێمی موکریان دەکەین، کە بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و بەرپرسیاریەتی خۆیان لەو قۆناغە هەستیارەدا لە ناو تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەماندا پێک بێنن. ئێمە دڵنیاین گەنجانی کورد خەیاڵی داگیرکەران پوچەڵ بکەنەوە و لە سەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ ببن بە تۆڵهەڵدان. لە کۆتاییدا وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "ئەوانەی دەژین و هەمیشەیین، شەهیدانن. ئەوەی ترسی مردنی شكاندووە ئەو شەهیدانەن. ئەوانەی تەنگانه و دژواری گەورەیان بینی، ئەو شەهیدانەن. ئەو هەڤاڵانه له كاتی تەنگانه و ئێشی گەورەدا شەهید بوون، كەوابوو با خاوهندارییان لێبکەین. مان و هەبوون و ژیانی من بۆ توڵەسەندنەوەی ئەوانە. ژیانی من بۆ پێكهێنانی ئاوات و ئارەزووی ئەوانە. ئەمن لەگەڵیانم، لەگەڵیانم هەتا ئامانجی ئەوان پێكدێت".

هــ . ب