کۆمەڵەی پارێزەرانی سەمسور، ئاگری، ئامەد، ئێلح، چەولیگ، بەدلیس، دێرسیم، جۆلەمێرگ، مێردین، موش، سێرت، شرنەخ، رحا و ان راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکییان ئیدانە کرد.
لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا باس لە چۆنیەتیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی کراوە، کە ٣٤ هاووڵاتیی تیادا کۆمەڵکوژ کرا و راگەیاندرا، لە کۆمەڵکوژییەکەدا وێڕای پێشێلکردنی مافەکانی ژیان، لێپرسینەوەیەکی کاریگەر ئەنجام نەدراوە و بەبێ ئەوەى بەڵگەکان کۆ بکرێنەوە و کردارە تاوانکارییەکان دیاری بکرێن، لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٣دا بڕیاردرا، کە ئەرکی دۆسییەکە گواستراوەتەوە بۆ داواکاری گشتیی سەربازیی فەرماندەیی گشتیی.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە لێپرسینەوەى داواکاری گشتیی سەربازیی فەرماندەیی گشتیی دا سەرباری ئەوەى بەشێک لە تۆمەتباران دەستنشانکران، بەڵام بە پاساوی 'لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی تورکیادا، کاتێک باسی بەرپرسان و ئەرکدارانی سوپا کراوە، کە لە کاتی پێویستدا لە ئەرکی دیاریکراویان دا کەوتونەتە هەڵەی چاوەڕواننەکراوەوە، لەبەر ئەوەى لەبارەى چالاکییەکەیانەوە هۆکارێک نییە، کە پێویست بکات سکاڵای گشتییان لەسەر تۆمار بکرێت و بکرێتەوە' بڕیار درا، کە ئەوە لە جێدا نییە.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئیدی بەو شێوەیەی پرۆسەى دادگایکردن لەبارەى کوشتنی ٣٤ هاووڵاتی، کە ١٩ کەسیان منداڵ بوون، بە پاساوی "هەڵەیەک، کە گەڕانەوەى بۆ نییە" داخرا و ئەو بڕیارە بە پشتگوێخستنی دەستووری بنەڕەتی و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەرکراوە.
لە کۆتایی راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، هەر چەند کات بەسەر کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی دا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە نەچنە بەردەم دادگا و سزا نەدرێن، دادپەروەری بۆ قوربانییان و زیانبەرکەوتوان دەستەبەر نەکرێت، ئەوا ئازاری ویژدان بەردەوامیی دەبێت.
هەرەها ئەو ١٤ کۆمەڵەیە داوایان لە دەوڵەت و بەرپرسانی دادگا کردووە، کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی وەک راستیی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی قبوڵ بکەن و بۆ چەساندنی راستی ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆیان جێبەجێی دەکەن تاوەکو ئەنجامدەران و بەرپرسانی تری ئەو تاوانە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن.
ژ.ت