کۆنگرەی سێیەمی پادێ بە هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ کۆتایی پێھات

کۆنگرەى سێیەمی پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئیزدییەکان (پادێ - PADÊ) بە بەشداریی ١٥٠ ئەندام دەستیپێکردبوو. لە کۆنگرەکەدا ئەندامە هەڵبژێردراو و نوێکانی پادێ سوێندیان خوارد و کۆنگرە کۆتایی پێھات.

سەرلەبەیانیی دوێنێ ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سێیەمین کۆنگرەى پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئیزدییەکان (پادێ - PADÊ) لە کۆمەڵگەی دگورێ لە شەنگال بە بەشداری ١٥٠ ئەندام و بە دروشمی "بە رۆحی کۆتایهێنان بە فەرمانەکان، ئێمە رێکخستنەکانی خۆمان بەهێز دەکەین" بەڕێوەچوو.

کۆنگرە بۆ رێزگرتن لە شەهیدان بە خولەکێک بێدەنگی دەستیپێکرد و بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دیوان کارەکانی کۆنگرەی سێیەمی پادێ دەستیپێکرد. بەپێی پەیڕەو و بەرنامەى پادێ، پێویست بوو ٣٠٠ ئەندام بەشداری کۆنگرە ببونایە، بەڵام بەهۆی هۆشداریی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە و بە هۆی هەلومەرجی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆنگرە بە بەشداریی ١٥٠ ئەندام بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەکەدا راپۆرتی خەباتی ٢ ساڵی پادێ خوێندرایەوە و شیکاری و لێکدانەوەی بۆ خەباتی پادێ لە ٢ ساڵ رابردوودا کرا.

دوای ئەوە پەیامەکانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، بزووتنەوەى ئازادیی ژنانی ئێزدی، یەکێتیی گەنجانی ئێزدی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوێندرانەوە.

لە پەیامەکاندا کۆنگرە لە کۆمەڵگەى ئێزیدی و گەلی شەنگال پیرۆز کرا. سەرنجیش خرایە سەر هەستیاریی ئەم دۆخە، کە شەنگالی پیادا تێدەپەڕێت. راشیانگەیاند، ئەم کۆنگرەیە هەموو ئەو پڕوپاگاندە و قسانەى دوژمن پووچ دەکاتەوە، کە دەڵێن، شەنگال ئارام نییە. لە پەیامەکاندا هیوای سەرکەوتن بۆ پادێ هەبوون.

لە کۆنگرەکەدا خاڵ بە خاڵ هەموو بەندەکانی پەیڕەو و بەرنامەى پادێ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەند کرا.

لە کۆنگرەدا ئەندامانی ئەنجومەنی پادێ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردران و لە دوایشدا ئەندامە هەڵبژێردراوەکان بەپێی باوەڕ و ئایینی ئێزدی سوێندیان خوارد.

سەرۆک و جێگری سەرۆکی پادێ لە یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پادێ لە دوای کۆنگرە، کە چاوەڕێ دەکرێت بەمزوانە ئەو دانیشتنە رێکبخرێت، هەڵدەبژێردرێن.

ژ.ت