کەنەکە بەهۆی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم ئەحمەدەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەهۆی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم ئەحمەد سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی کوردستان و عێراق پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە. کەنەکە لە پەیامەکەیدا هاوخەمی خۆی بۆ گەلی کورد، کەسوکار، خانەوادە، هاوڕێ و دۆستەکانی مامۆستا ئەحمەد دەربڕی.

کەنەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە تێکۆشانی کەریم ئەحمەد کرد و وتی، " مامۆستا کەریم ئەحمەد وەک ڕێبەر و پێشەنگی حزبی شیوعی کوردستان و عێراق تاوەکو کۆتا ساتەکانی ژیانی، بۆ ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری بۆ گەلی عێراق و بە تایبەت گەلی کوردستان لەنێو تێکۆشاندا بوو."

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " کۆچی دوایی کەسایەتیەکی وەک مامۆستا کەریم ئەحمەد بۆ تەڤگەری ئازادی کوردستان، بە تایبەت لە قۆناغێکی هەستیاردا کە کوردستان و هەرێمەکە لەنێو قەیران و داگیرکەریدایە، زیانێکی زۆر گەورەیە."

کەنەکە لە کۆتاییدا، سەرەخۆشی لە گەلی کورد، خزم و کەسوکار، خانەوادە و هاوڕێکانی مامۆستا کەریم ئەحمەد کرد و وتی، " هیوادارین کە رێبازی مامۆستا ئەحمەد بۆ ئازادی، دیموکراسی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەلی کوردستان، هەموو کاتێک پڕ لە ڕێبوار بێت."

ف.ق