کەنەکە: دەبێت شەنگال خاوەنی پێگەی خۆبەڕێوەبەر و تایبەت بێت

کەنەکە راگەیاندراوێکی لەبارەى رێککەوتنەکەى هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەنگاڵ بدرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی شەنگاڵییەکانی تیایدا بە بنەڕەت بگیرێت".

دەستەى بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی رێککەوتنەکەى هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال بەبێ ئەوەى ئێزدییەکان و خەڵکی شەنگال خۆیان لەو رێککەوتنەدا بەشدار بن رایگەیاندووە، " ئەو رێککەوتنە بێ پرس و ئاگاداریی خەڵکی شەنگاڵ کراوە. لە شەنگاڵ ئیرادەیەکی ئازاد و ئەنجومەنێکی سەربەخۆی شەگالییەکان هەیە. ئەو ئەنجومەن و ئیرادەیە تێکۆشانێکی بێهاوتایان لە دژی داعش کردووە. بەڵام ئەمڕۆ بە بێ بەشداریی و ئاگاداریی ئەوان و لەسەر چارەنووسی خەڵکی شەنگاڵ رێککەوتن و پەیمانی نابەجێ ئیمزا ئەکرێن. ئەم پەیمانە لە بری ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات، کێشەی دی بەدوای خۆیدا دێنێت و ویستی خەڵکی شەنگاڵ پشتگوێ ئەخات".

کەنەکە راشیگەیاندووە، "ئەوەی سەرنجراکێشە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەر لەهەرکەس خۆشحاڵیی خۆی بۆ رێككەوتنەکە دەربڕیوە. هەموو ئەزانین کە تورکیا دوژمنی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە و دەمێکیشە هێرش ئەکاتە سەر شەنگاڵ. جا ئەگەر دوژمن بە ئەو رێککەوتنە شاد بێت، واتا ئەوە پەیمان و رێککەوتنە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە".

کەنەکە ئەوەشی راگەیاندووە، "هەر هەنگاوێک لەبارەی شەنگاڵەوە بنێرێت، هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەنگاڵ بدرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی شەنگاڵیەکان تیایدا بە بنەڕەت بگیرێت. دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکی سەربەخۆ لە شەنگاڵ، هەروەها پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی لەوێ، مافێکی رەوای خەڵکی شەنگاڵە. پێویستە شەنگاڵ خاوەنی پێگەیەکی جیاواز و تایبەت بیت".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

بۆ ڕای گشتیی

هەر هەنگاوێک لەبارەی شەنگاڵەوە بنێرێت، هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەنگاڵ بدرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی شەنگاڵیەکان تیایدا بە بنەڕەت بگیرێت

لە 09،10،2020 رێککەوتننامەیەك لەسەر شەنگاڵ لە نێوان حکومەتی هەولیر و حکومەتی بەغدا ئیمزا کرا. ئەو رێککەوتنە بێ پرس و ئاگاداریی خەڵکی شەنگاڵ کراوە. لە شەنگاڵ ئیرادەیەکی ئازاد و ئەنجومەنێکی سەربەخۆی شەگالییەکان هەیە. ئەو ئەنجومەن و ئیرادەیە تێکۆشانێکی بێهاوتایان لە دژی داعش کردووە. بەڵام ئەمڕۆ بە بێ بەشداریی و ئاگاداریی ئەوان و لەسەر چارەنووسی خەڵکی شەنگاڵ رێککەوتن و پەیمانی نابەجێ ئیمزا ئەکرێن. ئەم پەیمانە لە بری ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات، کێشەی دی بەدوای خۆیدا دێنێت و ویستی خەڵکی شەنگاڵ پشتگوێ ئەخات. ئەگەر ئەو پەیمانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، خەڵکی شەنگاڵ جارێکی تر بێ بەرگریلێکردن و پاراستن ئەبن.

لە پێش جاومانە کە شەش ساڵ پێش ئێستا - 3 ئابی 2014 - داعش هێرشی کردە سەر شەنگاڵ و خەڵکێکی زۆری کۆمەڵکوژ کرد. ئەو هێزانەی کە پاراستنی شەنگاڵیان لە ئەستۆدا بوو ( هێزەکانی پ.د.ك و هێزەکانی حکومەتی عێراق)، هەرێمەکەیان نەپارست، هەڵاتن و شەنگاڵییەکانیان لەبەردەستی داعش جێهێشت. ئەوانەی بەرگرییان کردوو خەڵکی شەنگاڵیان پاراست، ئەوانەن کە ئەنجومەنی سەربەخۆی شەنگاڵیان پێکهێناوە. ئەو کەسانەن کە ماوەی 6 ساڵە بە رۆح و گیانی خۆیان شەنگاڵ ئەپارێزن. بەڵام ئەمڕۆ ئەو هێزانەی بەرگرییان لە شەنگاڵ نەکرد و خەلكی شەنگاڵیان لەبەر شمشێرەکانی داعش جێهێست، بەدەر لە ویست و ئیرادەی ئازادی خەڵک، لەسەر شەنگاڵ رێككەوتن ئەکەن.

نوێنەرانی خەڵکی شەنگاڵ ئەو رێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەتی هەولیر و حکومەتی بەغدا ئیمزا کراوە، قبوڵ ناکەن و رەتی ئەکەنەوە. ئەمەش مافی ئەوانە. چونکە پرسیان پێ نەکراوەو ویست و ئیرادەی ئەوان لەبەرچاو نەگیراوە. ئەوەی سەرنجراکێشە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەر لەهەرکەس خۆشحاڵیی خۆی بۆ رێككەوتنەکە دەربڕیوە. هەموو ئەزانین کە تورکیا دوژمنی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە و دەمێکیشە هێرش ئەکاتە سەر شەنگاڵ. جا ئەگەر دوژمن بە ئەو رێککەوتنە شاد بێت، واتا ئەوە پەیمان و رێککەوتنە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە.

شەنگاڵ بە پێکهاتەکانییەوە، هەرێمێکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. زۆرینەی ئەوێ کوردی ئێزدین، شەنگاڵ بەشێکە لە خاکی کوردستان. هەر لەبەر ئەو تایبەتمەندییەش سەدان ساڵە ئامانجی هێرشی نەیارانە. هەرە دواییش ئەو دڕاندایەتییەی داعش بەرامبەر ئەو هەرێمە کردی، برینی قووڵی کردۆتە جەستەی خەڵکی شەنگاڵەوە. پێویستە شەنگاڵ، خەڵکی شەنگاڵ و کێشەکانی شەنگاڵ بە شێوازێکی تایبەت هاوکاریی بکرێن و چارەسەربکرێن. نابێ دوولایەن کە لە شەنگاڵ نین و خەڵکی ئەوێ نین، پێکەوە کۆببنەوەو بێ پرس و رای خەڵکە خۆجێیەکە بڕیار لەسەر چارەنووسیی هەرێمەکە بدەن.

ئێمە ناڵێین نابێ حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا کارەکانی خۆیان لە شەنگاڵ بکەن. با ئەوانیش لەناو کاردا بن. بەڵام با لایەکەی تریش کە بەرگرییکارانی شەنگاڵن لەناو رێککەوتنەکاندا بێت. کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادبوونی نوێنەرانی خەڵکی شەنگالیش بکرێت. لەوێدا وتووێژ لەسەر کێشەکان بکرێت و بڕیار لەسەر چارەسەرکردنیان بدرێت. ئێمە ئەڵێین هەر هەنگاوێک لەبارەی شەنگاڵەوە بنێرێت، هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەنگاڵ بدرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی شەنگاڵیەکان تیایدا بە بنەڕەت بگیرێت.

دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکی سەربەخۆ لە شەنگاڵ، هەروەها پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی لەوێ، مافێکی رەوای خەڵکی شەنگاڵە. پێویستە شەنگاڵ خاوەنی پێگەیەکی جیاواز و تایبەت بیت.

لەبەر ئەو هۆکارانە ئێمە ئەو رێککەونەی لەسەر شەنگاڵ کراوە بە نابەجێی ئەبینین. پێویستە هەموو رێککەوتنێک لەوبارەیەوە لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە.

ئێمە داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان و لە ڕای گشتیی کوردستان ئەکەین لەو بارەیەوە بێدەنگ نەبن. خاوەن هەڵوێست بن و خاوەندارێتیی لە خەڵکی شەنگاڵ بکەن.

هەروەها داوا دنیای مرۆڤدۆست ئەکەین کە شەنگاڵ و شەنگاڵییەکان بە تەنیا جێنەهێڵن.

ژ.ت