لە بوومەلەرزەکەی سەمسوردا ٣٥ کەسی یەک بنەماڵە گیانیان لەدەستداوە

لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات سەدا ٨٠ خانوو و بیناکانی سەمسوور داڕووخان و دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. لە هەندێک لە بنەماڵەکاندا دەیان کەس گیانیان لە دەستداوە. لە بنەماڵەی فلکی-یش ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەندامانی بنەماڵەی شێخموس فلکی و عەلی دەرە، کە خزمی بنەماڵەی فلکین باسیان لەو کارەساتە کرد کە بەسەریاندا هاتووە.

شێخموس فلکی ڕایگەیاند، ئەو کاتەی بومەلەرزەکە ڕوویدا ئەو لە ئامەد بووە و ئاگادار کراوەتەوە، کە کاری گەڕان و رزگارکردن زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت، بۆیە بە خێرایی خۆی گەیاندووەتەوە سەمسوور. فلکی وتی، هەزاران بینا لە سەمسور ڕووخاون.

'خۆمان تەرمەکانمان لە ژێر داروپەردوەکاندا دەرهێنا و بەخاکمان سپاردن'

فلکی ئاماژەی بەوەدا، بە وتەی کەسوکارەکەی گەل بۆ ماوەی ٣-٤ ڕۆژ بە هەوڵ و توانایی خۆیان کاری فریاکەوتن و ڕزگارکردنیان ئەنجامداوە و وتی: "لە ئێستادا ناتوانم بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە و بۆ ئێستا بەدوا هیچ پلانێکم نییە. ئێش و ئازارمان، خەممان، دۆخی نادیارمان هەموو شتێکی ئاڵۆز کردووە. ئێمە نەمانتوانی پرسە و سەرەخۆشی بە دڵی خۆمان دابنێنین. تەنها لە بنەماڵەکەی ئێمە ٣٥ کەس گیانیان لە دەستداوە. ئێمە یەک لە دوای یەک تەرمەکانمان لە ژێر داروپەردوەکاندا دەرهێنا و بەخاکمان سپاردن. ئێمە دەزانین هێشتا بەشێک لە کەسوکارەکانمان لە ژێر داروپەردووەکاندان".

'ئێمە خۆمان بە هەوڵی خۆمان داروپەردووەکانمان لابرد'

عەلی دەرەش باسی ئەوەیکرد، لە کاتی بوومەلەرزەکەدا خەوتبوو و لە ناکاو دیواری ماڵەکەیان بەسەریاندا ڕووخاوە و وتی: "ئێمە باوەشمان بە یەکتردا کرد و نەمانتوانی بڕۆینە دەرەوە. کارەبا بڕا و باران دەباری. ئێمە خۆمان و بە هەوڵی خۆمان کەسوکارەکەی خۆمان لە ژێر داروپەردووەکاندا دەرهێنا.

ئێمە هیچ کار و هەوڵێکی فریاکەوتن و بە دەمەوە هاتنمان نەبینی. بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، گەل بۆ خۆی  هەوڵیاندا بە تواناکانی خۆیان  خەڵک لە ژێر داروپەردووەکاندا دەربهێنن. ئێمە دوو تەرمی کەسوکاری خۆمانمان لە ژێر داروپەردووەکاندا دەرهێنا. هەروەها ٦-٧ کەسی برینداریشمان ڕزگارکرد. ئەو بینایە، کە باسی دەکەم ٣٠-٤٠ تیایدا گیانیان لە دەستدا. نیوەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەرهێنران و نیوەکەی تریان هێشتا لە ژێر داروپەردووەکاندان.

 ئێمە بە پارەی خۆمان حەفارەمان بەکرێ گرت و بەوە کارمان بۆ لابردنی داروپەردو و ڕزگارکردنی بریندارەکان و دەرهێنانی تەرمەکان دەکرد. وەک ئەوەی من بیستوومە لە سەمسور ٣٢ هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە".

ژ.ت