لە کەرکوک کۆڕێک دەربارەی ململانێ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو
لە کۆڕێکدا لە شاری کەرکوک، شارەزای بواری دبلۆماسی، تەیار گۆران، گوتی: "ئەو ململانێیەی لەناوچەکەدا بەرپابووە بریتییە لە جەنگێکی ئابوری لەنێوان وڵاتانی زلهێز".
لە کۆڕێکدا لە شاری کەرکوک، شارەزای بواری دبلۆماسی، تەیار گۆران، گوتی: "ئەو ململانێیەی لەناوچەکەدا بەرپابووە بریتییە لە جەنگێکی ئابوری لەنێوان وڵاتانی زلهێز".
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کتێبخانەی كارێز لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "كۆنگرەی گروپی ٢٠ و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کۆڕێک بۆ نووسەر و مامۆستای دبلۆماسی تەیار گۆران ڕێکخرا کە ناوبراو لەهەمان کاتدا دبلۆماتکارە لە ووڵاتی هندستان.
ئەو شارەزایەی بواری دبلۆماسی لە کۆڕەکەدا باسی لە چەند پرسێکی وەکو هەڵگەڕانەوەی وڵاتانی نێو گروپی ٢٠، ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە هاوکێشەی وڵاتانی ٢٠، سیاسەتی ڕوسیا و چین و ئێران لە ناوچەکە، ڕێگای باراتی هندستان وەکو ئەڵتەرناتیڤی ڕێگای ئاوریشمی چینی هەروەها پەیوەندی وڵاتانی ٢٠ بە ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین.
جێگای ئاماژەیە، گرووپی بیست كۆڕبەندێكی نێونەتەوەییە، حکومەت و پارێزگاری بانكی نێودەوڵەتیی و ٢٠ دەوڵەتی جیهان و یەكێتیی ئەوروپا دەگرێتە خۆ، ئەم گرووپە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە، ئەو بیست دەوڵەتە بە یەكێتیی ئەوروپاوە نزیكەی ٩٠٪ی تێكڕای دەرامەت و بەرهەمی جیهان دەگرنە خۆ، لە پاڵ ٨٠٪ی بازرگانیی جیهان و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان و نیوەی وشكانیی سەر گۆی زەوی.
تەیار گۆران نووسەر و مامۆستا لە بواری دبلۆماسی، لە سەرەتای سیمینارەکە پێناسەی گروپی ٢٠ یان ناسراو بە ووڵاتانی جی ٢٠ی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو گروپە لە ٢٠ وڵات پێکهاتوون و بەشێکیان زلهێزەکانی جیهانن کە ئامانج لە دروست بوونی گروپی ٢٠ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابوری و سیاسی و خاکە بۆ وڵاتانی گروپەکە، وە ئەو گروپە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بەجۆرێک کە زۆربەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی گروپی وڵاتانی ٢٠ن".
هەروەها تەیار گۆران باسی ناکۆکییەکانی هەردوو جەمسەری زلهێزەکانی کرد و گوتی: "ئەو دووجەسەرییەی نێو گروپی ٢٠ ڕەنگدانەوەی هەبووە لە قووڵبوونەوەی ململانێیەکانی جیهان، هەریەک لە وڵاتانی ڕوسیا، چین، ئێران و تورکیاش هاوهەڵوێستن لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش، وە ڕوسیا و چین هیچ کات سیاسەتەکانی ئەمریکا قبوڵ ناکەن، بۆیە لە کۆنگرەکە هەڵگەڕانەوە، ئەمەش بەهۆی وڵاتانی عەرەبی و ناتۆ ڕێگایەکی دیکەی ئاورشمیان هەڵبژاردووە کە هەوڵ دەدرێت ڕێگای بارات لە هیندستان وەکو ئەڵتەرناتیڤی ڕێگای ئاوریشمی چینی دروست بکرێت، وە ئەمریکا بۆ ڕێگری لە چین و ڕوسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پشتگیری هیندستان دەکات".
لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو گوتیشی: "لە کۆنگرەی گروپی ٢٠ بەڕوونی باس لە ڕێگەی ئەلتەرناتیڤی چین داندراو، کە چینیش دەیەوێت ئایندەی ناوچەکە بەدەستی خۆیەوە بێت، بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو هەوڵی بە ئەڵتەرناتیڤکردنی هیندستان دەدات".
هەروەها ئەو دبلۆماتکارە تیشکی خستەسەر دروست بوونی ململانێ و گۆڕانکاریی نەخشەی ناوچەکە و گوتی: ئەوململانێیەی کە لە ناوچەکەدا بەرپابووە بریتییە لە جەنگێکی ئابووری لەنێوان وڵاتانی زلهێز. کە دەبینین لە ئێستادا شەڕی ڕوسیا لەگەل ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژئاوا و شەڕی ئسرائیل و حەماس، کاریگەری ئەم جەنگە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و هەروەها هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەرنین لەو ململانێیەی لەناوچەکەدا ڕوودەدات چونکە گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە".
لە کۆتایدا تەیار گۆران نووسەر و مامۆستای بواری دبلۆماسی باسی دژایەتی کردنی تورکیای کرد بۆ رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "هەمیشە وڵاتانی زلهێز لەڕیگەی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی خۆیان کەمینەکان دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کە کوردیش بەردەوام لەسەر مێزی گفتوگۆکانیان دەکرێتە قوربانی، تورکیاش دژی ئەو ڕێگای باراتەیە کە هەوڵی دروستکردنی دەدرێت، هەر بۆیە تورکیا بەردەوام دژایەتی رۆژئاوای کوردستان دەکات تا نەبێتە بەشێک لەو ڕێگایە چونکە دەکرێت ئەو ڕێگایە بە باشور و رۆژئاوای کوردستان تێپەرێت و لە عەفرینەوە بچێتە سەر دەریا، تورکیا دەیەوێت هەموو بازرگانییەکانی ناوچەکە بەڕێگەی خۆیدا تێپەڕێت و پێگەی ئابوری بەهێز بێت لەناوچەکە".