لە کەرکوک ڕژاک پێشانگایەکی تایبەت بە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردەوە

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، لە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی دۆکیومێنتەریدا لە کەرکوک ٣٦هەمین ساڵیادی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردەوە.

بۆ یادکردنەوەی کارەساتی مەزنی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە، ئێوارەی شەممە ١٦ی ئادار کە دەکاتە ٣٦هەمین ساڵیادی تاوانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" لەژێر دروشمی "ژنان قوربانی یەکەمی جەنگن" بە نمایش کردنی ١٢٠ وێنە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی دۆکیومێنتەری ساز کرد کە تیایدا فۆتۆی قوربانیانی ئەو تاوانە نمایش کران کە فۆتۆکانی ناو پێشەنگاکە گوزارشتن لە قوربانیدان و کۆمەڵکوژی گەلی کورد و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ژنان قوربانیانی یەکەمی جەنگ و جینۆسایدەکانن.

پێشەنگاکە بەدەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" و بەهاوکاری هونەرمەند مەهدی شەفیق کرایەوە کە ناوبراو خاوەن ١٥٠ هەزار وێنەی دۆکیومێنتارییە، و لە پێشەنگاکەدا ١٢٠ وێنە نمایش کران کە پێکهاتبوون لە وێنەکانی کارەساتی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی باشوری کوردستان، پێشانگاکە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانییەوە تا کاتژمیر ١٢ـی شەو بەڕووی ئامادەبووانەوە کراوەیە، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی رۆشنبیری و چالاکوانان و هونەرمەندی شارەکە بەشدارییان لە کردنەوەی پێشەنگاکە کرد و تا درەنگانی شەو ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و خەڵکی شارەکە سەردانی پێشەنگاکەیان کرد.

جێگای ئاماژەیە،  سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە  و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرا بە هونەرمەند مەهدی شەفیق لەپایەی ئەو خزمەتەی کردوویەتی لە پێشکەش کردنی وێنەی لە ئەرشیفی خۆی بە پێشەنگاکە.

وەکو "ڕژاک" بە گرنگمان زانی یادی هەڵەبجە بکەینەوە

شەیما نەبیل ئەندامی ئەنجوومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕژاک، سەبارەت بە پێشەنگاکەیان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: " ئەمڕۆ ٣٦هەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەیە، ئێمە وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژک" بە گرنگمان زانی یادی ئەم رۆژە بەکردنەوەی پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی دۆکیومێنتاری بکەینەوە، کە تیدا وێنەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد نمایش بکەین تا نەوەکانی داهاتوو ئەم کارەساتە لەبیر نەکەن".

گرنگە گەنجەکانمان ئاگاداربن لە ڕابردوو و مێژووی خۆیان

هەروەها شەیما نەبیل لەدرێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "کردنەوەی ئەم پیشانگه‌یه‌ پەیامێکە بۆ گەنجانی ئه‌مڕۆ کە ئەم کارەساتانەیان نەبینیووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بە بچووکی سەیری ڕابردووی نەتەوەکەیان نەکە، زۆر گرنگە گەنجەکانمان ئاگاداربن لە ڕابردوو و مێژووی خۆیان، کە هەر کارەساتێك بەسەر میللەتەکەمان هاتووە شتێکی گەورەیە و پێویسته‌ بە بچووکی نەزانن".

ژنان قوربانی یەکەمی جەنگن

سەبارەت بە ناونیشانی پێشانگاکە، ئەو ئەندامی ئەنجوومەنەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ڕایگەیاند: "لەم جینۆسایدەدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەگشتی وژنان بەتایبەتی بوونە قوربانی، هەر بۆیە بە باشمان زانی ناونیشانی پێشانگاکە بکەینە "ژنان قوربانی یەکەمی جەنگن" لە پێشەنگاکەدا زایتر لە سەد تابلۆی تایبەت بە "کارەساتی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکە" نمایش کراون".

لەو ڕۆژەدا کارەساتمان بەچاوی خۆمان بینی

لە کۆتایدا قسەکانیدا، شەیما نەبیل، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، لە دێژەی قسەکانیدا ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتیشی: "جێگای باسە لەگەڵ یادکردنەوەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەگرنگمان زانی وێنەکانی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کوردیش نمایش بکەین کە لەهەمان مانگدا ڕوویداوە، کە لەو ڕۆژەدا ئەو کارەساتەمان بەچاوی خۆمان بینی کە بەداخەوە لەم کارەساتەدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشوری کوردستان گیانیان لەدەستدا و شەهید بوون".

ژنان هەمیشە بێتاوانن و دەبنە قوربانی یەکەمی جەنگ

لەلای خۆیەوە، هونەرمەند مەهدی شەفیق، کە خاوەن ئەرشیفی وێنەکانی پێشەنگاکە بوو، سەبارەت بە پێشەنگاکە و رۆڵی ژنانی ئازادی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "پێشەنگاکەمان لەژێر ناونیشانی "ژنان قوربانی یەکەمی جەنگن"، کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" سازکراوە، دەستخۆشیش لە ڕێکخراوی ڕژاک دەکەین کە ڕێکخراوێکی ژنانی ئازادین و جێگای دەستخۆشین کە ماندووبوونە تا بتوانن یادی ئەم کارەساتە بکەنەوە، لە پێشەنگاکەشدا هەوڵمانداوە زیاتر ئەو وێنانە نمایش بکەین کە ژنان تیدابوونەتە قوربانی، ژنان هەموو کات بێتاوانن و بەداخەوە هەمیشە دەبنە قوربانی یەکەمی جەنگ". 

لەم وێنانەدا مەرگەساتێک دەبینین

ئەمرۆ یادی ٣٦هەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، بەداخەوە لەم رۆژەدا لە شاری کەرکوک لایەنە پەیوەندیدارەکان یادی ئەم رۆژەیان نەکردۆتەوە  و تەنها ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ئەم یادەیان کردەوە کە بەڕاستی ئەم کارەساتە جینۆسایدێکی گەورەیە دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدراوە، ١٤ رۆژی دیکەش ساڵرۆژی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کوردە لە باشوری کوردستان، لەم پێشەنگایەکەدا ١٢٠ وێنەی تایبەت بە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەوە مەزنەکە نمایش کراون، لەم وێنانەدا مەرگەساتێک دەبینین کە دەبێت جارێکی دیکە نەهێڵین بەسەر نەتەوەکەمان دووبارە بێتەوە، پێویستە هەموو ساڵێک یادی هەڵەبجە لەیاد نەکەین کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و نزیکەی ١٦هەزار کەس برینداربوون کە تا ئەمرۆ بەهۆی برینەکانیان دەناڵێنن، کە گیانیان بەشێوەیەک سووتاوە وەکو لەناو ئاگربن".

هەموو ئەم کۆمەڵکوژییانە کارەسات بوون

هەروەها ئەو هونەرمەندە سەبارەت بە کۆمەڵەکوژییەکانی سەر گەلی کورد ووتی: "پێش هەڵەبجە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دژی گەلی کورد لە باشور کوردستان دەستی بە کۆمەڵکوژی کورد کرد پاشان کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و دواتر کۆڕە مەزنەکە ڕوویدا، هەموو ئەمانە کارەسات بوون، لە چەند ساڵێک کەمدا بەسەر گەلی کورد هات".

هیوادارین ڕێکخراوەکانی دیکە چاو لە "ڕژاک" بکەن

لە کۆتایدا هونەرمەند مەهدی شەفیق رۆڵی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: "لە کۆتایدا جارێکی دیکە دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دەکەین و هیوادارین نموونەیان زۆربێت کە ئەرکیان کێشاوە و ئەم یادە دەکەنەوە، هیوادارین تەواوی ڕێکخراوەکانی دیکە چاو لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بکەن لە یادکردنەوەکانی بۆنەکانی گەلی کورددا".