لە مەخمور یادی شەهیدانی ڕۆبۆسکی کرایەوە

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخمور) لە ٩مین ساڵیادیدا، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی بە راگەیەنراوێک شەرمەزارکرا. لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا کە ئەوان خاوەنی ئەو دۆزەن و دەست لە تێکۆشانەکەیان هەڵناگرن.

بە بۆنەی ٩مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، بە پێشەنگایەتی دەزگای خانەوادەی شەهیدان و بە ئامادەبوونی دانیشتووانی کەمپی مەخمور راگەیەنراوێک خوێندرایەوە. راگەیەنراوەکە دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد.

لە راگەیەنراوەکەدا ، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی و هەموو ئەو کۆمەلکوژیانەی بەسەر گەلی کورد هێنراون، شەرمەزارکران.

هەروەها باسی ئەوەکرا، "دوێنێ هەڵەبجە، زیلان و دەرسیم بوو، ئەمڕۆش ڕۆبۆسکیە، سبەینێ کوێ دەبێت دیار نییە. بەڵام پێویستە ئێمە باش بزانین، دوژمنی نەتەوەکەمان هەموو کاتێک هەوڵ دەدات بمانکوژێت. ئەوەش ئێمە بەهێزتر دەکات و بەرخۆدانمان فراوانتر و گەورەتر دەکات. ئێمە خاوەنی ئەم دۆزەین و تا ئەنجام بەدەست نەهێنن دەست هەڵناگرین و ئاڵای تێکۆشان دەشەکێنینەوە."

دوای راگەیەنراوەکە، لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، ئایشە ئەنجو سپاسی خۆی پێشکەش بە گەل کرد کە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا ئەوانیان بە تەنها نەهێشتووە و وتی، "ئەم غەمگینیە بە تەنها غەمگینی گەلی ڕۆبۆسکی نینە، بەڵکو وابەستەی هەموو گەلی کوردە. کۆمەڵکوژیەکە بەرانبەر هەموو گەلی کورد ئەنجامدراوە. لە ئامەد، شڕنەخ، جزیری بۆتان ئەنجامدراوە. پێویستە لەبەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژیە بێدەنگ نەبین و سەرمان دانەنەوێنین."

راگەیەنراوەکە بە دروشمی 'شەهید نامرن' و 'بژی بەرخۆدانی گەلی کورد' کۆتایی هات.

ف.ق