'لە قۆناغێکداین کە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنان دابمەزرێنین'

"ئێستا لەو قۆناغەداین کە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنان دابمەزرێنین، بۆئەوەی ژنان خۆیان لەو سیستمەدا رێکبخەن. لەرێگەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'ییەوە پیاوانیش هەستی پێدەکەن کە ئەوانیش چەندە کۆیلەن".

ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) پەیمان ڤیان و هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) زیلان ڤەژین میوانی بەرنامەی یاتبەتی ئاریەن تی ڤی بوو. لەبارەی گۆشەگیری دژوارکراو لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تێکۆشانی ژنانی رەنجدەری جیهان قسەیان کرد.

ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) پەیمان ڤیان لەسەرەتای قسەکانیدا بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە پیرۆزبایی راگەیاند و وتی، "سەرەتا ئەم رۆژە لە رێبەر ئاپۆ، هەموو ژنانی خۆڕاگر و تێکۆشەر پیرۆز دەکەین. کاتێک لە ئێستادا لە ٨ی ئادار دەڕوانین، تێکۆشانی ژنان، خۆڕاگری ژنان مۆرکی خۆی لە سەدە داوە. تێکۆشانی و بەرخودانی ژنان لە بەرزترین ئاستدا بەڕێوەدەچێت. مێژووی ٨ی ئاداری بە جیهانی بووە. ئەوەی ئێستا گرنگە، ئەو مێژووە تائێستا چۆن هاتووە. تێکۆشانی ٨ی ئادار چۆن بە جیهانی بوو؟ کاتێک لە مێژوو ورددەبینەوە، بەردەوام بەرخودان و تێکۆشانی ژن لە ئاستی جیهانیدا هەبوو. بەڵام ئەو رەنج و دەستکەوتانە نەپارێزراون بۆ ئەوەی بە جیهانی ببن. بۆ نمونە ساڵی ١٨٥٧ لە کاتێکدا لە ئەمریکا ١٢٩ ژنی رەنجدەر کە لە کارگە کاریان دەکرد داوای مافەکانی خۆیان کرد، سوتێندران. هۆکارەکە ئەوەبوو کە بەرامبەر هێزەکانی سەرمایەداری دەستیان بە مانگرتن کردبوو. ئەوە هێزەکانی دەسەڵاتداری خستە ناو تەنگەزارییەوە. هەربۆیەش ئەو ١٢٩ ژنەیان بە شێوەیەکی دڕندانە سوتاند. ئامانجیان ئەوەبوو کە ژنان بێدەنگ بکەن و تێکۆشان کۆتایی پێبهێنن. ٨ی ئادار لەمرۆکەدا بۆ سەرجەم ژنان بووەتە لەدایکبوونێک. بۆ نمونە لەسەر پێداگری ژنە پێشەنگ کلارا زێتکین و هەموو ژنانی پێشەنگ. لە کەسایەتی کلارا زێتکین ٨ی ئادار بووە میراتی گشتیی ژنان و جیهان. ژنان تێکۆشانیان بە جیهانی کرد. کاتێک ژنان لەبەرامبەر هێزەکانی دەسەڵاتدار دێنە مەیدان، ئیتر هەموو کۆمەڵگا ئەو بوێریە بەدەست دەهێنن و دێنە مەیدان. لەکاتی ئێستاشدا ئەگەر ئێمە بڕوانین، ئەوەی نەیهێشت شەپۆلەکانی بەرخودان دامرکێنەوە، خۆڕاگری ژنان بوو. سەرباری ئەوەی بەردەوام بەرەوڕووی هێرش، کوشتن و ئەشکەنجە بوونەوە، هەرگیز لە خۆڕاگریان کەمنەبووەوە و بەردەوام بەهێزتر بوو".

'شۆڕش بە بێ پێشەنگایەتی ژنان سەرناکەوێت'

پەیمان ڤیان لە درێژەی قسەکانیدا بەم جۆرە دووا: "٨ی ئادار لە ئێران هەرگیز نەبووەتە قۆناغێکی فەرمی. نە لەو قۆناغەیدا کە محەمەد رەزا شا لە سەر حوکم بوو نە لە سەردەمی رژێمی ئیسلامیدا. هەندێک جار لە لایەن رێکخراوەکانەوە خراوەتەبەر باس بۆ ئەوەی ئەو رۆژە بە فەرمی قەبوڵ بکرێت، بەڵام قەبوڵ نەکراوە و پەراوێزخراون. لەم سەدەیەدا تێکۆشانی ژنان لە ئێران هەڵکشا. هەر شۆڕشێک ژنان پێشەنگایەتی نەکەن سەرناکەوێت و شکست دەهێنێت. لەبەر ئەوەی ناسنامە و هەبوونی ژنی تێدا نییە جارێکیتر ئەو دەسەڵاتە خۆی دووبارە دەکاتەوە. سەرباری ئەوەی لە سەردەمی مەشروتەدا ژنان رۆڵی گرنگیان هەبوو بەڵام هیچ مافکی ژیانیان پێنەدرا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وشیاری لە ژناندا بەرەوپێش بچێت و تێکۆشان بکەن".

'ئێستا لە رۆژهەڵات و ئێران لە ناو شۆڕشدا شۆڕش هاتووەتە ئاراوە'

ئەندامی بەڕێوەبەریی کەژار پەیمان ڤیان رایگەیاند کە ئەو قۆناغەی ژن، ژیان، ئازادیی دەستیپێکرد، تەقینەوەیەکی هزری بەدوای خۆیدا هێنا و بەم جۆرە دووا: "هەر شۆڕشێک کە ئەقڵیەت و بیرکردنەوە نەگۆڕێت، نابێتە شۆڕش. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەقڵیەتدا گۆڕانکاری دروست کرد. تێکۆشان ئەمرۆ بە جیهانی بووە. ئێستا ئێمە لەو قۆناغەداین کە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنان دابمەزرێنین و ژنان خۆیان لەم سیستمەدا بە رێکخستن بکەن. بەهۆی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە پیاویش هەستی پێدەکات کە ئەویش چەندە کۆیلەیە. بەم شۆڕشەوە پیاو گەیشتووتە ئەم زانابوونە. ئەو گەلەی کە هەستی ئازادییان لە گۆڕەپانەکان ئەزمون کردووە، ئەستەمە کە وەک پێشوو بژین. ئەگەر پیاوانی نەتەوەی بەلوچ لە مزگەوتەکاندا پلاکاردی ژن، ژیان، ئازادی بەرزدەکەنەوە، بەوە دەڵێین گۆڕانکاری هزر و شۆڕشی هزر. هەموو گەل لەوە تێگەیشتووە. بۆ ئەوەی بیگەیەنینە سەرکەوتن پێویستە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە درک بەوە بکەن. ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە ناو شۆڕشدا شۆڕش پێکهاتووە".

'ئایدۆلۆژیای ژن، بوار و گۆڕەپانی تێکۆشانی بەرفراوانتر کرد'

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دەربارەی گرنگیی ڕۆڵی پێشەنگایەتیی ژنانی کورد بۆ ٨ی مارس وتی: "سەرەتای ٨ی مارس لە ڕێبەر ئاپۆ ئەندازیاری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پیرۆز دەکەم. هەروەها لە کەسایەتیی هەموو ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژنانە دەکەم، کە دڵیان بۆ ئازادی و تێکۆشان لێدەدات و لە شەقامەکاندا تێدەکۆشن. بەرخۆدان دەکەن و قوربانی دەدەن. ئەو کەسەی، کە زۆرترین مانای بە ٨ی مارس بەخشی، بە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای کرد، ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٨دا و لە ٨ی مارسدا ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنانی ڕاگەیاند. لەسەر ٥ بنەما و پرەنسیپبی ڕیبەرایەتی ڕایگەیاند و بە بۆنەی ٨ی مارسەوە کردییە دیاری و پێشکەشی هەموو ژنانی کرد. ڕێبەرایەتی لە کەسایەتیی ژنی کورددا پێشکەشی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد. لە هەمان کاتدا ڕێبەرایەتی بە ڕێپێوانی ئازادی ناوزەدی کرد و وتی، دەبێت کە ئەم ڕێپێوانەی ئازادی هەمیشە بە تێکۆشان بەردەوامی هەبێت. بەم ئایدیۆلۆژیایەی ژن، گۆڕەپان و بواری خەباتی ژنان بەرفراوانتر بوو.

'زەمینە و بوارەکانی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی گەورەتر کرد'

زیلان ڤەژین ئاماژەی بە تێکۆشانی ژنان کرد و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ وتویەتیی 'پێش پرسی نەتەوەیی، پێویستە کێشەی ژنان چارەسەر بکرێت'. هەرچەندە حزبێک هەبوو، بەڵام ڕێبەرایەتی پارتی ژنانی دروستکرد و وتیان، دەبێت ژنان سەربەخۆ بن و خۆبوونی خۆیان بەدەستبهێنن و ببن بە هەبوون. ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی بتوانێت تێکۆشانی خۆی بەڕێوە ببات. ئەمڕۆ لەئێران دا ٨ ی مارس نییە و پێی دەوترێت ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی فاتمە.

 ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، کە ڕژێمی ئێران دامەزراوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕژێمی پێشوودا نەکردووە. لە دیکتاتۆرییەتی ڕەزا  شادا هەموو شتێک بە ئاشکرا ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ڕژێمی ئیسلامیشدا لە ژێر ناوی حیجابی زۆرەملێ دا هەمان عەقڵییەتی بەردەوامیی هەبوو. لە عەقڵییەتی دەوڵەتی نەتەوەدا دێموکراسی و یەکسانی و ئازادی ژنان بوونی نییە، بۆیە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ عەقڵییەتی پێشوودا نەکردووە. لە یاسای ئێراندا لە خاڵێکدا دەوترێت، مافی ژن و پیاو یەکسانە، بەڵام لە خاڵی دوای ئەو خالەوە، کۆت و بەندەکانی لەسەر ژنان ڕیزکراون. نوێنەری ئەو (ژن) لەلایەن سیستمەوە دراوە بە پیاو، ئەوەش ئەوەیە، کە ئەمڕۆ ڕژێمی ئیسلامی بەڕێوەدەبات و دەسەڵاتی خۆی بەسەر ژناندا دەچەسپێنێت. هاوکات لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردووشدا تێکۆشانێکی جدی لەلایەن ژنانەوە پێشخرا. ڕیفلاکس و کاردانەوەی زانستی ژنان زۆر قووڵە. ژنان بۆ خۆپاراستنی خۆیان هەمیشە ریفلاکس و کاردانەوەیان نیشان داوە.

 تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ زەمینە و بواری تێکۆشانی ئازادیی ژنانی بەرفراوانتر کرد، ئاستی زانستیی ژنان بەرزتر کردەوە. فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی تەنیا دروشمێک نییە، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا وترابێت. لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنانی کورددایە، کە ماوەی ٤٥ ساڵە بەردەوامن و قوربانیی بۆ دەدەن. سروشتی ژن سروشتی کۆمەڵایەتییە، هەتا ئەو کۆمەڵایەتی بوونە هەبێت، سروشتی ژنیش دەبێت.

'هەستەکانی ئازادی بڵندتر دەبن'

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک ڕاشیگەیاند، شۆڕشی ئازادی ژنان سەردەکەوێت و لە کۆتایی وتەکانیدا ئەوەشی وت: "لەبەر ئەوەی  هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەڕوات، لە کۆمەڵگەی ئێرانیش دا ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەستەکانی ئازادی بڵندتر دەبن. خەباتێکی زۆر بۆ گۆڕینی عەقڵییەت ئەنجامدراوە. ئەوە زۆر بەرچاوە و لەم ٦ مانگەی شۆڕش و تێکۆشاندا بینرا و زۆر ئاشکرا بوو. لە کەسایەتیی دایکی شەهید ژینادا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو دایکانە دەکەین، کە بۆ ئازادی و ئاشتی قوربانیی داوە، ئێمە ٨ی مارس-یان لێ پیرۆز دەکەین. ئێمە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان، بە هەبوونی خۆمان، کار و خەباتمان سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنین. هاوکات لە کەسایەتی هەڤاڵ زەینەب جەلالیان دا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین، کە لە زیندانەکاندا بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن و تێکۆشان بەڕێوەدەبەن. ئێمە تێکۆشانمان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر و گەورەتر دەکەین و لەگەڵ ڕێبەرایەتیدا لە شەرت و مەرج و دۆخ و پێگەی ئازاد دا دەژین".

هـ.ب / ژ.ت