لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربوو

بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەوڵەتی ئێران و هەروەها ڕوودوای هاتوچۆ، دوو كۆڵبەری دیكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونە قوربانی.

بوونە قوربانی كۆڵبەران، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران و هەروەها ڕووداوی هاتوچۆ، لە ناوچە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی لە زیادبوون كردووە و تەنیا لەماوەی هەفتەیەكدا، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای گوندی شوانكارەی سەر بە شارۆچكەی ڕەوانسەر، ١١ كۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ناوچەی “شوانكارە”ی سەر بە ڕەوانسەر، شەش كۆڵبەر بریندار بوون، دوێنێ یەكێك لەو كۆڵبەرانە بەناوی “مێرساد دەروێشی”ی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵكی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، بەهۆی سەختی برینەكانی لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی كرماشان، گیانی لەدەستدا.

لە لایەكی ترەوە، دوێنێ، كۆڵبەرێكی تەمەن ٢٥ ساڵ، بەناوی “فەردین ڕۆستەم نژاد” لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، لە ناوچەی سنووری كلەبەردی سەر بە نەوسود بریندار و دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە كراوە.

بەپێی ئامارێكی ماڵپەڕی كۆڵبەر نیوز، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢، بەگشتی ٢٥٨ كۆڵبەڕ لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوژراون و بریندار بوون، كە لەو ژمارەیە ٤٣ كۆڵبەر كوژراون و ٢١٥ كۆڵبەریش بریندار بوون.

هەر بە گوێرەی ئامارەكە، ١٨٩ كۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەسەڵات پێکراون.

هـ . ب