لە شاری وان هێرشەکانی سەر زمانی کوردی شەرمەزار کرا

ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی وان، هێرشەکانی سەر نوسینگەکانی زمانی کوردیی شەرمەزار کرد و جەختی لە ئیرادەی تێکۆشان لەپێناو زمانی دایکی کردەوە.

هێرشەکانی سەر زمانی کوردی شەرمەزار کرا

ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتیی شاری وان لە نوسینگەی توێژینەوەی زمان، کولتوور و هونەری ARSÎSA بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هەڵکوتانە سەر نوسینگە کوردییەکان و دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی کورد کۆبوونەوە. دایکان لە دانیشتنەکەیاندا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بەبێ زمان ژیان نابێ"یان بەرز کردەوە. بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریی لەو بنەماڵانەی لە لانکەی شارستانیەتدا کەسوکاریان لەدەست داوە (MEBYA-DER)ی شاری وان، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی دەستگیرکراوان و زیندانیان (TUAY-DER)ی شاری وان، چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە)، کارمەندانی گۆڤاری ژنولۆژی و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخستنەکان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

دایکی ئاشتی زەکیە کایا لە چالاکییەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو کەسێک زمانی خۆی بپارێزێت و وتی: "هیچ کەسێک ناتوانێت زمانمان قەدەغە بکات. دەبێت لە بەرامبەر ئەو فشارانەی کە لەسەر زمانی کوردی هەیە دەنگمان بەرز بکەینەوە. هێرش بۆ سەر زمانی کوردی نە ئەخلاقییە و نە ویژدانی. ئیتر بەسە."

هەروەها ئەدیبە بابور ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاخ قسەی کرد و سەرنجی بە چالاکییەکانی دایکان ڕاکێشا و وتی: "ئەگەر زمانی ئێمە تا ئەمڕۆ هاتووە و بەردەوام بووە، هەموو بە سایەی کارەکانی ئێوەیە. بەڵێن دەدەین تا لە ژیاندا بین بەرگری لە زمانەکەمان دەکەین و لەو پێناوەدا تێکۆشان دەکەین. زمان کەرامەتی ئێمەیە."

لە کۆتاییدا گۆرانیبێژ مقەدەس و ئاپێ ئیسڤ پێکەوە هەڵبەست و گۆرانیان پێشکەش کرد.