لە شەنگال بە گەرمی پێشوازی لە ژنە رزگاربوویەکی ئێزدی کرا

ژنی گەنجی ئێزدی کۆڤان عیدۆ خرتۆ کە لەکاتی فەرمانەکەی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو، پاش ئەوەی لەلایەن یەپەژەوە لە کەمپی هۆل رزگارکرا، لە شەنگال رادەستی کەسوکاری کرایەوە.

ژنی گەنجی ئێزدی کۆڤان عیدۆ خرتۆ کە لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە رفێندرابوو، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی قەسەدە لە کەمپی هۆل رزگارکرا، تاژێ ئەوی بە بنەماڵەکەی شادکردەوە. کۆڤان بەهۆی ئەو پێشوازییەوە گەرمەوە سوپاسی ژنانی ئێزدی کرد و رایگەیاند، "ئەم پێشوازییە هەستێکی زۆر خۆشە بۆ من. وەک چۆن بە دڵێکی خۆشەوە گەڕامەوە بۆ ناو بنەماڵەکەم، هیوادارم هەموو دیلەکانی دیکەش بەم جۆرە بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان".

مانگی شوبات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هاوکاری قەسەدە و یەپەژە ئۆپراسیۆنێکیان بە ناوی "مرۆیی و ئاسایشی" لە کەمپی هۆل ئەنجامدابوو. لەو ئۆپراسیۆنەدا کۆڤانی تەمەن ٢٦ ساڵ کە بەر لە ١٠ ساڵ لە لایەن چەتەکانی داعشەوە رفێندرابوو، لە کەمپەکە رزگارکرابوو.

ئەو ژنە ئێزدییە سەرەتا رادەستی ماڵی ئێزدییان لە کانتۆنی جزیرەکرابوو، دواتر لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە رادەستی هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە کرابووەوە.

بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان پێشوازییان لە کۆڤان عیدۆ خرتۆ کرد و دواتر بە هەلهەلە و پێشکەشکردنی گوڵ لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پێشوازی لێکرا.

عەدول عەلی ئەندامی تاژێ دڵخۆشی خۆی بە رزگاربوونی ئەو ژنە ئێزدیە نیشاندا و سوپاسی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و وتی، "بەخێرهاتنەوەی کۆڤان دەکەین. لە سەروبەندی ٨ی ئادارداین. بە بۆنەی ئەو رۆژەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی ئێزدی دەکەین و هیواخوازین سەرجەم ئەو ژنانەی بە دیلی گیراون رزگار بکرێن. قەسەدە و هێزە ئەمنیەکانی رۆژئاوا بە خوێنی خۆیان ئەو دیلانەمان ئازاد دەکەن".

لای خۆیەوە مامی کۆڤان بە ناوی خەڵەف شوان کە لە پێشوازییەکەدا ئامادەبوو قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی، "ئەو کاتەی چەتەکانی داعش هێرشیان کرد، کۆڤان و بنەماڵەکەی بە دیل گیران. لە سنونێوە بردیان بۆ خانەسۆر و لەوێشەوە بردیان بۆ رەقا. دوای ئازادبوونی رەقا گواسترایەوە بۆ کەمپی هۆل، بەڵام نەیوێرابوو بڵێت ئێزدیم. لەبەر ئەوەی بنەماڵەی داعشەکان ئەو کەسانە دەکوژن کە دەڵێن ئێزدیم".

خەڵەف شوان سوپاسی هێزە ئەمنیەکانی رۆژئاوای کوردستان، یەبەشە و یەژەشەی کرد و وتی، "سوپاسی یەبەشە، یەژەشە و هێزەکانی رۆژئاوا دەکەین کە بە رەنج و هەوڵی خۆیان دیلەکانمان ئازاد دەکەن و بۆ ئێمەیان دەهێننەوە. لە بنەماڵەی کۆڤان تائێستا دایک و باوکی دیار نین، هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نازانرێت. داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بۆ گەڕاندنەوەی بێسەروشوێنکراوانمان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.  تائێستاش حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەوان نەناوە، دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات".

هـ . ب