لە شەنگال بۆ پاڵپشتی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا خێمەیەک هەڵدرا
لە شەنگال بە مەبەستی دەربرینی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ گەلی باکوور و رۆژهەلاتی سوریا بە دروشمی "هەموو شوێنێک ڕۆژئاوا، هەموو شوێنێک بەرخۆدان" خێمەی چالاکیەکە هەلدرا.
لە شەنگال بە مەبەستی دەربرینی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ گەلی باکوور و رۆژهەلاتی سوریا بە دروشمی "هەموو شوێنێک ڕۆژئاوا، هەموو شوێنێک بەرخۆدان" خێمەی چالاکیەکە هەلدرا.
لە گوندی خەڵەفی سەر بە شەنگال، بە پێشەنگایەتی دەستەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال بۆ پشتگیری و هاوسۆزی لەگەڵ بەرخودانی گەلی رۆژئاوا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکییەک دەستیپێکرد. چالاکییە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە خێمەکەدا پەیامی پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا درا.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەریی شەنگال، خودیدا ئیلیاس وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژئاوا بێ ناوبڕ بەردەوامە. بۆ ئەوەی گەل ناوچەکەیان چۆل بکەن و کۆچبەر ببن، سەرچاوە گرنگەکانی ژیانیان دەکەنە ئامانج. هەموو ئەم هێرشانە لەبەر چاوی هەموو جیهاندا ئەنجام دەدرێت. بەڵام هەمووان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگن."
ئیلیاس ئاماژەی بەوەدا که، له هەڕ شوێنێک گەل خۆی بەرێوەببات دەوڵەتی تورک هێرشی ئەو شوێنە ده کات و ڕاشیگەیاند که گەلی شەنگال بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە پشتی بەرخۆدانی رۆژئاوایە .هەروەها داوای لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە ئەرکی خۆیان هەستنەوە و لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ نەبن.
نەفیە مێشو، بەناوی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) قسەی کرد و وتی: ئێمە لێرەوە دەستمان بەم چالاکییە کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژئاوا دەرببڕین. ئێمە قەرزاری گەلی ڕۆژئاواین. بەڕێوەبەرانی رۆژئاوا و گەلی ڕۆژئاوا هەمیشە بە هاوبەشی کردنی هەموو سەرچاوەکانیان هاودەنگ بوون لەگەڵ گەلانی ئازادیخواز. گەلی ڕۆژئاوا دەیانەوێت بە ئازادی لەسەر خاکی خۆیاندا بژین. هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر کەس دروست نەکردووە. ئێمە پشتیوانی لە گەلی رۆژئاوا دەکەین و پێیان دەلێین کە ئێوە بە تەنیانین، هەتا ئێمە مابین بە تەنیا جێتان ناهێڵین، شنگال و ڕۆژئاوا دەست دەخەنە ناو دەستی یەک و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.
خدر ساڵح، بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی پێکهاتە عەرەبەکان لە شەنگال، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکەن لە دژی چەتەکانی داعش. خدر ساڵح وتی: ئەوانەی کرانە ئامانج و شەهید کران، بۆ پاراستنی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رەنجێکی زۆریان دا. ئێمە لەو بێدەنگییەی کە لە بەرامبەر ئەم هێرشە قڕکاریە هەیە تێدەگەین چونکە ئەم هێرشانە بە هاوبەشی ئەنجام دەدرێن. وەک چۆن عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر شەنگال بێدەنگە، حکومەتی شامیش لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بێدەنگە. "مەبەست لەو هێرشانە لەناوبردنی خۆشک برایەتی گەلانە کە بنیاد نراوە".
چالاکیەکە بە سەردانەکانی گەل لە هەموو ناوچەکانی شەنگال بەردەوامە.