مەراسیمی یادکردنەوەکە ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهیدانی شەهید دلگەش و شەهید بەرخۆدان بەڕێوەچوو، تێیدا هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و نوێنەری ڕێکخرا و دامەزراوەکانی شەنگال و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئێزدی بەشداربوون.
لە مەراسیمەکەدا دژوار فەقیر، بەناوی یەبەشە-وە قسەی کرد و وتی: لە کەسایەتی شەهید عەگید جڤیان، سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدان دادەنەوێنین، فەرماندە عەگید جڤیان، ئەو فەرماندەیەبوو، کە ئێزدیەکانی لە دەستی چەتەکانی داعش پاراست و نەیهێشت کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان گەورەتر ببێت، لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال، فەرماندە عەگید و هەڤاڵانی، بەدەم هاواری خەڵکی ئێزدییەوە هاتن و لە چیای شەنگال ئێمەیان لە کۆمەڵکوژیی پاراست، لەوێوە ئێمە فەرماندە عەگیدمان ناسی.
هەروەها وتی: بە فەرماندەیی عەگید جڤیان، ڕێڕەوی مرۆریی بۆ ڕزگاربوونی ئێزدییەکان لە چیای شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە و لەو ڕێگەیەوە ١٥٠ هەزار خەڵکی شەنگال ڕزگاریان بوو لە کۆمەڵکوژیی، هەر بە تێکۆشانی ئەو ئێزدییەکان بوونە خاوەنی هێزی خۆپاراستن و یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزدخان دروستبوو، هەروەها دامەزراوەکانی شەنگال دروستبوو، بۆیە ئێمە وەک گەلی ئێزدی خۆمان بە قەرزاری فەرماندە عەگید و هەڤاڵەکانی دەزانین، ئەو میراسەی ئەو بۆی جێهێشتووین دەیکەینە بنەمای تێکۆشانمان.
دژوار لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەئێستادا پیلانگێڕییەک بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە هەیە کە ئێزدییەکان بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەستیان هێناوە، ئەوە بەواتای فەرمان و جینۆسایدێکی دیکەی گەلی ئیزی دێت، ئێمە دەست لە سەرکەوتن و ئیرادەمان بەرنادەین، چ بڕیارێک دەدەن با بیدەن، ئێمە خۆمان و دەستکەوتەکانمان دەپارێزین.
دواتر مەراسیمی سەربازیی بۆ ڕێزگرتن لە شەهید عەگید جڤیان ئەنجامدرا و لە مەیدانی شەهیدان درێژە بە مەراسیمەکەدرا و نوێنەری خۆبەڕێوبەری شەنگال و پادێ و چەند دام و دەزگایەکی دیکەی شەنگال وتاریان پێشکەشکرد، دواتر لە ڕێگای داتاشۆوە ڤیدیۆیەک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید عەگید نمایشکرا.
ف.ق