لە ئامەد بانگەوازکرا: دەبینە دەنگی ئاشتی

لە ئامەد کەسێتییەکانی بواری چاند و هونەر نەخشەڕێگای "دەبینە دەنگی ئاشتی"یان ڕاگەیاند.

پاش ئیستەنبوڵ، لە ئامەد نەخشەڕێگای "دەبینە دەنگی ئاشتی" کە لەلایەن ٥٦٤ هونەرمەند و ڕەخنەگری هونەری و نوسەر و دەرهێنەر و ئەکتەر و تابلۆکێش و ئەکادیمیست واژۆکراوە، ڕاگەیەندرا. نەخشەڕێگاکە لە کۆمەڵەی چاند و هونەری دیجلە بە ڕاگەیاندراوێک ئاشکرا کرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارتی "بەرامبەر گۆشەگیری دەبینە دەنگی ئاشتی" بەرزکرایەوە و نەخشەڕێگاکە خوێنرایەوە.

لە نەخشەڕێگاکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەخوازن ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئاستەنگەکانی بەردەم فیکر و ڕامانی ئازادیخواز و گەلپارێز بۆ ڕای گشتی دەرببڕن، تاوەکو پاشەڕۆژێک بێتەدی جێگەی هەموو ناسنامەیەکی ئیتنیکی و ئایینی و چاندی بکاتەوە.

دووپات کراوەتەوە، ژیان لەڕێگەی فشاری دەسەڵاتەوە پێشێل دەکرێت، سەربەخۆیی دادوەری نەماوە و پەروەردەی ئازاد و شیاو پاشکەشەی کردووە و زانکۆ و شارەکان لەلایەن قەیومەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، کۆچبەری گەیشتۆتە ئاستێکی بڵند.

ئاماژە بەوە کراوە بەهۆی سیاسەتی نکۆڵی و ئاسیمیلاسیۆنەوە، دەرفەتێک بۆ چارەسەری دیموکراتیکی کێشەکان نەهێڵراوەتەوە. مافە دیموکراتیکەکانی کورد و ئازادی باوەڕی عەلەوییەکان و چەندین مافی مرۆڤی تر سەد ساڵ بۆ پاشەوە ڕۆشتووە، جیابوونەوەی نێوان گەل و چاندەکان قووڵتر بۆتەوە.

دووپاتکراوەتەوە، دەسەڵات لەڕێگەی قەیرانی هەمەلایەنەوە جڤاکی گەیاندۆتە بنبەست و ڕۆژەڤەکان پەردەپۆش دەکەن، جڤاک خراوەتە گەمارۆیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە، گۆشەگیری و سیاسەتی شەڕ قەیرانی جڤاکی و ئابووریان قووڵتر کردۆتەوە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تا دێت زیاتر دەبن. پێویستە گوێ لە داوای زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن بگیرێت، پێویستە کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن.

ئاماژە بەوە کراوە پرۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٣ هیوایەکی مەزنی بۆ گەلان هێنایەپێش، گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک کۆڵەکەیەکی چارەسەر، ئەگەر چارەسەری زیاتر کرد، دەکرێت دووبارە ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکاتەوە کە بەدڵی زۆرینەی جڤاک بوو، پێویستە مرۆڤ لە دیالۆگ نەترسێت.

لەکۆتاییدا دووپاتکراوەتەوە، پێویستە مافەکانی مرۆڤ بێ دوودڵی پەسەند و جێبەجێ بکرێن، دەسەڵات دەست لە سیاسەتی فشار و گۆشەگیری و شەڕ هەڵبگرێت، بۆ ئەمەش داوا لە هەمووان دەکەن خاوەنداری لە بانگەوازەکە بکەن.