لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢ کۆڵبەر بە سەختی برینداربوون

هێزەکانی دەوڵەتی ئێران جارێکی تر هێرشیان کردە سەر کۆڵبەرانی سەر سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک برینداربوو. کۆڵبەرێکی دیکەش لە زنارێک کەوتۆتەخوار و بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی سەرچاوەکانی هەرێمەکە، لە سنوری هەنگەژاڵی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گولەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کۆڵبەرێکی کورد بەناوی هیوا محەمەدی بە سەختی بریندار بووە و گوستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بانە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە سنوری سەولاوەی نزیک هەورامان لە زنارێک کەوتۆتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە.

زانراوە، کۆڵبەرەکە لە سەر و قاچیدا بریندار بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی سنە.