لەدژی وانەی ئایین بە زۆرەملێ یەکبگرن

فەدا رایگەیاند، بەهۆی سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپەوە، بەڕێوەبەرانی خوێندنگاکانی تورک، بێ ئەوەی خوێندکار و خانەوادەکانیان ئاگادار بکەنەوە، وانەی ئایینی بەسەریاندا دەسەپێنن و داوای کرد لەدژی ئەم سیاسەتە یەکبگرن.

فیدراسیۆنی عەلەویە دیموکراتەکان (فەدا) ئاماژەی بەوەدا، لێدوانی زیا سەلچوک وەزیری پەروەردەی تورک لەبارەی وانەی هەڵبژاردە، نیشانەی ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک یاسا لە تورکیا لەبەریەک ترازاوە.

وەزیری پەروەردەی تورک وتبوی، پێویستە خوێندکاران لەنێوان ٤ – ٢٢ی کانونی دوەمدا، بە شێوەیەکی ئۆنلاین وانەکانیان هەلبژێرن، بە پێچەوانەوە، بەڕێوەبەرانی خوێندنگاکان، لە جێگەیان وانەکان هەلدەبژێرن.

فەدا لە راگەیەنراوەکەیدا وتی، "دوای گۆڕانکاری بە شێوەی ٤+٤+٤، خوێندکار و خانەوادەکان ناتوانن وانەکان هەڵبژێرن و وانەی ئایینیش بووەتە وانەیەک کە بە نەچاری دەبێت بخوێندرێت.

فەدا هەروەها باسی ئەوەی کرد، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە، لەگەڵ ئەوەی بریاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش هەیە، بەڵام بە سەپاندنی وانەی ئایین بە زۆرەملێ، زوڵم لە ئایینەکانی تر دەکات.

فەدا ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵاتی تورک بە خۆشی دەست لەم کردەوانەی هەڵناگرێت. لەبەرئەوەش پێویستە، کورد، تورک، چەپنی، تورکمان و عەرەب لەدژی کردەوەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە یەکبگرن.

ف.ق