بە دیمەن

لورا کوالیولۆ: عەبدوڵا ئۆجالان تاکە رێبەرێکە ڕاستیانە باس لە ئاشتی دەکات

لورا کوالیولۆ، ئەندامی تۆڕی ژنان (ڕەتە ژن) لە ئیتاڵیا، جەختی لەسەر پێویستی هەوڵدان بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ تاکە ڕێبەرێکە ڕاستیانە باس لە ئاشتی دەکات.

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٢٧ی شوبات پێشکەشی کرد، پشتیوانییەکی بەرفراوانی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە. هەموو ئەو ئەکتەرانەی کە بەرژەوەندییان لە ناوچەکەدا هەیە، ڕایانگەیاند کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لەم بانگەوازییە دەکەن. نەک هەر حکومەتەکان، بەڵکو ناوەندەکانی دیموکراسی، چەپ و سۆسیالیست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بانگەوازییەکە کرد.

لورا کوالیولۆ لە تۆڕی ژنانی ئیتاڵیا یەکێکە لەو کەسایەتیانەیە کە پشتیوانی لە بانگەوازەکە کردووە. لورا کوالیولۆ لە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا ڕایگەیاند کە خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی ژنانی کورد دەزانێت.

لورا کوالیولۆ جەختی لەوە کردەوە کە رێبەر ئاپۆ تاکە رێبەرێکە ڕاستیانە باسی ئاشتی دەکات و وتی: "چونکە هەمووان باس لە ئاشتی دەکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە پەرە بە شەڕ دەدەن."

'پێویستە بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک تێبکۆشین'

لۆرا کوالیۆلۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە دەبێت کار بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک بکەین ڕایگەیاند: "دەبێت لە هەموو شوێنێک تێکۆشان بەرز بکەینەوە. ئێمە لە ئەورووپا لە ناوەندی 'ئەهریمەن'ـەکاندین. ئەورووپا هەرێمێکە کە لایەنگری شەڕ و داگیرکارییە. هەر بۆیە زۆر گرنگە بۆ گۆڕانکاری تێکۆشان بکەین.

لۆرا کوالیۆلۆ بیرۆکەکانی رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ئازادی ژنانی وەبیرهێنایەوە و وتی: "لە بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالاندا ئازادیی ژن لە پێشەوەی هەموو کارێکدایە، شۆڕشی ژنان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویدا، دەبێت لە پێشەوەی هەموو کارەکاندا بێت و بە هەموو شێوەیەک بە تێکۆشان بپارێزرێت."

لۆرا کوالیۆلۆ جەختی لەوەکردەوە کە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی بنەڕەتی و گرنگە و وتی: "چونکە ئەو ڕێبەری گەلی کوردە. پێویستە بتوانێت لە گەڵ گەلەکەی بکەوێتە پەیوندییەوە و لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا بکات و پێکەوە بڕیاربدەن کە چی بکەن."