ژنانی مەخموور: هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور بە پێشەنگایەتی ژنان بە درووشمی "پتەوکردنی دیالۆگ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ" ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

دانیشتووانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی عەشتار بە درووشمی "پتەوکردنی دیالۆگ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ" ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

پاش ڕێپێوانەکە لە بینای کۆنفرانسی کەمپەکە، چەند بەشێک لە پارێزنامەکانی ڕێبەر ئاپۆ خوێنرایەوە.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی عەشتار، بێریڤان ئیشلەک قسەی کرد، ڕایگەیاند دوو مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تێپەڕبووە و ئەم بانگەوازە لە تەواوی جیهان پشتگیری وەرگرت، گوتی: " ئێمە دەزانین بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی هەموو پیلان و پڕۆژەکانی دەوڵەت و سیستەمەکانی سەراوژێر کرد، لە دەرەوەی ڕێگای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی هیچ ڕێگایەکی تر ناتوانێت کۆمەڵگایەکی ئازاد بنیات بنێت، ئەمەش بۆ دەوڵەت دوا شانس بوو، بەڵام ئێمە دەبینین ئەو بانگەوازەی کە کراوە تەنها بە هەندێک دیدار و کۆبوونەوە بەڕێوە دەچێت، دوژمن بە هیچ شێوەیەک زەمینەی بۆ پێشخستنی ئەم بانگەوازە نەڕەخساندووە، تەنها لە ناو قسەکانیاندا باسی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و ئاشتی دەکەن، بەڵام لە لایەنی پراکتیکییەوە هیچ هەنگاوێکی بەرچاو نەهاوێژراوە".

هەروەها گوتی: "وەک ژنانی کەمپی مەخموور و خەڵکی کەمپەکە، هەموو هەوڵی خۆمان تەرخان دەکەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ".

پاشان سینڤزیۆنێک پیشاندرا.