ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، لە سەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی (پرۆژەی سەدر و زیانەکانی بۆسەر داهاتووی حوکمرانی لەعیراق و کاریگەرییەکانی بۆسەر مادەی ١٤٠)سیمینارێک بۆ مەسعود عەبدولخالق سازکرا.
مەسعود عەبدولخالق نووسەر، ڕووناكبیر، چاودێری سیاسی، کە خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی بەریتانی، هەروەها ناوبراو بەرپرسی دەزگای ستاندەرە بۆ توێژینەوە کە ناوەندێکی تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسە سیاسییەکان.
لە سیمینارەکەدا ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی سیاسی، رۆشنبیر و چالاکوان بەشداربوون، مەسعود عەبدولخالق لە سیمینارەکەدا باسی گۆڕانکاریی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆزی کورد و هاوپەیمانییەکان کرد و ڕەخنەی لە دەسەڵاتی کوردی گرت هۆشداریشیدا لەو مەترسیانەی کە بەڕیوەن.
هەروەها لە بەشێکی لە قسەکانیدا ناوبراو باسی ستەمکاری دەوڵەتی تورکیا و داگیرکارییەکانی کرد دژ بە گەلی کورد هەروەها تیشکی خستەسەر بوونی پەکەکە لە قەندیل و ڕەوای دایە بوونیان بەپێی ئەوەی لە پرۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٣دا تورکیا ڕازی بووە بەبوونی پەکەکە لە قەندیل، لە ئەگەری سەلماندنی ئەم ڕازیبوونەوەی تورکیا ئەوە دەتوانرێت لەڕێگەی سەرۆک کۆماری عێراق، کە کوردە یان لەڕێگەی پەرلەمانەوە کەیسی قەندیل بکرێتە ژێر پارێزبەندی نەتەوەیەکگرتووەکان و کەیسەکە بکرێتە نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە دۆزی کورد لەناوچەکە، مەسعود عەبولخالق شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "دۆزی کور دۆزێکی زۆر هەستیارە پێویستی بە هاوسەنگی هێزە هەرێمییەکانە لەناچەکە، لە ئەگەری سەقامگێری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد ناخوێندرێتەوە، بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی کورد لەکاتی ململانێ و ناکۆکییەکانی ناوچەکە هەل ناقۆزنەوە بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، و ئەو هاوپەیمانیەتی پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدر ئەنجامی دا زیانی بە دۆزی کورد گەیاند، هەمووان دەزانن کە موقتەدا سەدر بڕیارەکانی جێگیرنین، بۆیە سەرکەوتن و بنکەوتنی سەدر یان چوارچێوەی هەماهەنگی کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەیە لەسەر کورد".
هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە ڕەخنەی لەسەرکردایەتی باشوری کوردستان گرت و ووتی: "جاران حزبە کوردییەکانی باشوری کوردستان پەنایان دەبردە ووڵاتنی ئەوروپا و ئەمریکا وەکو مەرجەع، بەڵام دواتر پەنایان بردە بەر ووڵاتانی هەرێمی و لەئیستاشدا بەجۆرێکی خۆیان بچووک کردۆتەوە، کە پەنا دەبەنە بەر سەدر و مالیکی وەکو مەرجەع" .
سەبارەت بە مادەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان مەسعود عەبدولخالق ووتی: "لەناوەندە سیاسیەکان دەنگۆیەکی زۆر هەبوو کە مادەی ١٤٠ کۆتایی هاتووە، بەڵام خۆش بەختانە ئەو مادەیە ڕەوانەی دادگای فیدڕاڵی کرا و لە دادگای فیدڕاڵی بەرجەستە کرا کە مادەیە مادەیەکی دەستورییە و هێشتا ماوە، کە ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گرنگە بۆ گەلی کورد".
سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان، ئەو توێژەرە سیاسییە ئاشکرای کرد : "ئەگەر دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە دەستێکی شارەزا و دەستپاک بێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەلێکی زۆر باش ڕەخساوە کە لەڕێگەی پەیوەندی نێودەوڵەتی بە ئاسانی دەتوانین سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەربکەینە دەرەوە، دواین پەیامی وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژ بە هێرشەکانی تورکیا ئاماژەی گرنگی تێدابوو".
هەروەها باسی لەبوونی ڕەوای هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل کرد و ووتی: " وەزیری دەرەوە باسی ئەو ڕێککەوتنەی کرد، کە لە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا، تورکیا ووتوویەتی نابێت گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی باکوری کوردستان بمێننەوە، وە تورکیا خۆی ڕازی بووە پەکەکە هێزەکانی بگوازێتەوە بۆ قەندیل، بەڵام بەداخەوە هیچ بەڵگانامەیەکی فەرمی ئەو ڕێککەوتنە لەبەردەست نیە، پێویستە پرسی ڕەزامەندیی تورکیا بۆ بوونی پەکەکە لە قەندیل دۆکیومنت بکرێت و پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت تا تورکیا هیچ بیانوویەکی نەبێت بۆ هێرشکردنە سەر قەندیل، دۆزی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا دۆزێکی زۆر ڕەوایە".
سەبارەت بەپاراستنی قەندیل لەهێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە، ئەو شارەزایە ووتی: "پێویستە پرسی قەندیل لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق و پەرلەمان و هەندێک حزبەوە بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی، چونکە پرۆژەی قەندیل دەتوانرێت ببێتە ناوچەیەکی پارێزراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، سەرەتاش دەبێت بسەلمێنرێت کە تورکیا ڕازی بووە بەبوونی پەکەکە لە قەندیل لە ڕێککەوتنی ئاشتی ساڵی ٢٠١٣" .
هەروەها سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ، مەسعود عەبدولخالق ووتی: "بە رۆژەف کردنی بابەتی ویلایەتی موسڵ بەبێ هۆ نییە، چونکە تورکیا هەست بە گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات و حیساب بۆ نەمانی دەوڵەتی عێراق دەکات، چونکە تورکیا دەڵێت، بەپێی پەیماننامەی (عصبة الامم) ئەگەر ویلایەتی موسڵ بۆ عێراق نەبێت بۆ تورکیایە، بۆیە ئەگەر عێراق هەڵبوەشێتەوە ئەوە تورکیا ویلایەتی موسڵ بۆ خۆی دەبات، بۆیە پێویستە کورد زۆر وریا بێت لەچەند ساڵی داهاتوودا".
ژ.ت