ناوەندی پاراستنی گەل: هیچ پەیوەندییەکمان بە تەقینەوەکەی ئەستەنبولەوە نییە

فەرماندەیی گشتیی ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبولەوە نییە و سەرەخۆشیان لە کەسوکاری ئەو کەسانەش کرد، کە لەو تەقینەوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەى ئەستەنبولەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین، کە لە تەقینەوەکەى ١٣ی تشرینی دووەم لە ئەستەنبول گیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکانیش دەخوازین".

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:

"گەلەکەمان و رای گشتیی دیموکراتیک دەزانن، کە هیچ پەیوەندییەکمان بەو ڕووداوەوە نییە، ئێمە هاوڵاتیانی مەدەنی ناکەینە ئامانج و چالاکی دژی هاوڵاتیانی مەدەنیش قبوڵ ناکەین. ئێمە بزووتنەوەیەکی وەهاین، کە تێکۆشان و خەباتێکی دادپەروەرانە و ڕەوا بۆ ئازادی بەرێوە دەبەین. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو ڕوانگە و دیدەدا دەجوڵێینەوە، کە دەمانەوێت داهاتوویەکی هاوبەش، دیموکراتیک، ئازاد و یەکسان لەگەڵ کۆمەڵگای تورکیا بنیات بنێین. بۆ ئەوەش هەرگیز نابێت، کە هاوڵاتیانی مەدەنی لە خاکی تورکیادا بکرێنە ئامانج.

ئاشکرایە، کە ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی تێکۆشانی ڕەوای ئێمە لە قەیران و تەنگژەدان، بەتایبەتی بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ڤیدیۆی سوتاندنی سەربازەکانی خۆیانەوە ریسوا بوون. بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بگۆڕدرن، دەبینرێت کە دەیانەوێت پلانێکی تاریک بخەنە کار و جێبەجێی بکەن. دوای ئەو ڕووداوە کۆبانێیان کردە ئامانج و ئەمەش پیلانەکەیان ڕوون دەکاتەوە. کاتێک مرۆڤ لەو چوارچێوەیەدا سەیری دەکات ئەوە دەبینرێت، کە ئەمە ڕووداوێکی تاریکە، ئەو توخمانەی، کە لەم ڕووداوەدا بەکارهاتوون و بۆ نمونە  دەوترێت، گوایە کوردن، یان کەسانێکی سوریاین، بەڵام ئەوەش دەرئەنجامەکە ناگۆڕێت، چونکا ئەوە دەبینرێت و دیارە کە ئەمە سەرەتای پلانێکی تاریکە. لەم بارەیەوە گرنگە، کە هێزە دیموکراسیخوازەکانی تورکیا و ڕای گشتی ئەو پرۆسە و قۆناغە تاریکە ببینن بۆ ئاشکراکردنی ئەو ڕووداوە تێبکۆشن".

ژ.ت