نوێنەرایەتی هەدەپە: بەبێ پشتیوانی هێزە هەرێمیەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان میت ناتوانێت هێرش بکات

نوێنەری هەدەپە لە باشوور سەرنجی بۆ سەرزیادبوونی کردنەئامانجی وڵاتپارێزانی باکوور راکێشا و وتی، "بەبێ پشتویانی هێزە هەرێمییەکان، میت ناتوانێت هێرشی لەم جۆرە ئەنجام بدات. ئەو کەسانەی دەکرێنە ئامانج پەنابەرن و لەژێر پارێزگاری نەتەوەیەکگرتووەکاندان".

نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان ناهیدە ئەرمیش لەبارەی هەوڵەکانی ئەمدواییەی تیرۆرکردن و کردنەئامانجی شۆڕشگێڕان لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی کە دوایین نمونەی تیرۆرکردنی ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی مێزۆپۆتامیا حسێن ئاراسان بوو، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەرمیش لە کەسایەتی حسێن ئاراساندا هەموو ئەو وڵاتپارێزانەی بەبیرهێنایەوە کە لە پەنابەریدا تیرۆر کراون و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرد. ئەرمیش بکوژان و بەرپرسیارانی ئەو تیرۆرانەشی بە توندی شەرمەزار کرد.

'لە دوو ساڵی رابردوودا هێرش و تیرۆرکردنی کوردانی باکوور زیادیان کردووە'

نوێنەری هەدەپە لە باشووری کوردستان ناهیدە ئەرمیش لەبارەی تیرۆرەکان لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە سلێمانی کە وڵاتپارێزان و شۆڕشگێڕان دەکرێنە ئامانج وتی، "ماوەیەکی زۆرە لە باشووری کوردستان لە دژی ئەندامانمان و بە گشتی لە سەر کوردانی باکوور شەڕێکی قێزەون بەڕێوەدەچێت. لە دوو ساڵی رابردوودا هێرش، تیرۆر و بۆسەیان بۆ دەنرێتەوە و بەشێوەیەکی دڕندانە تیرۆر دەکرێن. تائێستا لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەدا ٦ هاوڵاتیمان شەهیدبوون. ئەم سیاسەتەی بەسەر کورداندا جێبەجێ دەکرێت سیاسەتی لەناوبردن و کۆمەڵکوژییە. سیاسەتێکی زۆر چەپەڵە. بە داخەوە هەندێک هێزی کوردیش هاوبەشی ئەوەن، ئەمەش زۆر ئازاربەخشە بۆ ئێمە".

'سەردان و بەدواداچوونەکانمان بێ وەڵام ماونەتەوە'

ئەرمیش ئەوەی خستەڕوو کە لەبەرامبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی تیایاندا وڵاتپارێزان و شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکە لە باشوور دەکرێنە قوربانی سەردانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کردووە کە لایەنی پەیوەندیدارە بە کاروباری پەنابەرانەوە و هەروەها سەردانی پەدەکە و یەنەکەشیان کردووە و وتیم "بە داخەوە تائێستا هیج ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو هێزە هاوبەشیانە، بەم هۆیەوە بێ ئەنجام بووە. پشتیوانی و پاڵپشتی ئەو هێزانە نەبێت میتی تورک ناتوانێت بێتە هەرێم، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردان تیرۆر بکات، دواتریش خۆی بتەکێنێت و بپەڕێتەوە بۆ تورکیا.

'بەرژەوەندییەکانی بەشەکانی دیکە مەکەن بە قوربانی بەشێک'

نوێنەری هەدەپە لە باشووری کوردستان ناهیدە ئەرمیش بانگەوازی ئاراستەی خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەتی پەدەکە و یەنەکە کرد و رایگەیاند، "ئێمە دەڵێین وەرن با دەست بخەینە دەستی یەکترەوە و هێزەکەمان یەکبخەین و لە دژی بکوژان هەڵوێست بگرین. ببینە خاوەنی هزر و هەڵوێستێک کە بەرژەوەندی کوردستان بپارێزین. بەرژەوەندییەکانی بەشەکانی دیکە نەکەین بە قوربانی بەشێک".

'نەتەوە یەکگرتووەکان لەو هێرشانە بێدەنگە، ئەوان بەرپرسن'

ئەرمیش سەرنجی بۆ سەر بێدەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان راکێشا و وتی، "هەموو ئەو هەڤاڵانەمان کە لە باشووری کوردستان دەژین، لە ژێر پارێزگاری و پاراستنی نەتەوەیەکگرتووەکاندان. پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان مافی ژیانی ئەو کەسانە بپارێزێت. بەداخەوە تائێستا نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی ئەو هێرشانەوە راگەیەندراوی نەبووە. ئەویش هاوبەشە".

'لەپێناو دۆزینەوە و بە سزاگەیاندنی بکوژان تا کۆتایی تێدەکۆشین'

ئەرمیش دەستنیشانی کرد کە ئەوان وەک حزب و بنەماڵە تا کۆتایی تێدەکۆشن بۆ ئەوەی بکوژان بدۆزرێنەوە و بە سزا بگەیەندرێن، داوا لە هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان دەکەین کە بکەونەخۆ و وتی، " تا دۆزینەوەی بکوژران و دەستنیسانکردنی بەرپرسانی ئەو تیرۆرانە، ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. تا کۆتایی شکۆمەندی، ئازادی و هەبوونی خۆمان دەپاڕێزین".

هـ . ب