نەورۆزی وان: پەیامی ڕێبەری گەلی کورد خوێنرایەوە

لە نەورۆزی وان، سەدان هەزار کەس بەشداربوون، نرخاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی نەورۆز خوێنرایەوە.

نەورۆزی وان بە جۆشوخرۆش و بەشداری سەدان هەزار کەس بەردەوامە. جەماوەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەم گۆرانی هونەرمەند فاراز سنە هەڵپەڕین. پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وان، گوڵجان کاچماز سایگیت لە ئاهەنگەکەدا نرخاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی دەربارەی نەورۆز خوێندەوە.

پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزەکانی پێشوو وەهایە: "نەورۆز ئازادیە، ئەمە ڕێگەی ئازادیە.

سڵاو لەو کەسانەی ڕێگەی مەزنی ئازادی و یەکسانیان گرتۆتەبەر.

سڵاو لە گەلی کورد کە یەکێکە لە گەلە دێرینەکانی ئەم خاکە، نەورۆزی واتادار کردووە و لە بناری چیاکانی زاگرۆس و تۆروسەوە تا دۆڵی ڕووباری دیجلە و فورات؛ لە خاکە پیرۆزەکانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵەوە تا شارستانیەتی کشتوکاڵ، دایکایەتی بۆ گوند و شارەکان کردووە.

گەلی کورد و جڤاکە خوشک و براکانی هەزاران ساڵە لەنێو شارستانیەتە مەزنەدا بە نەژاد و ئایین و مەزهەبی جیاوازەوە ژیاون. هەوڵدراوە بە فشاری سیاسی، دەستێوەردانی دەرەکی و باڵادەستکردنی بەرژەوەندی گرووپگەلێک، ئەو شارستانییەتە مەزنە و گەلان پێکەوە بکەنە دوژمن و سیستەمگەلێک بنیات بنێن بێ ئەوەی کە ماف و یەکسانی و ئازادی بە بنەما بگرێ.

لە دووسەد ساڵی رابردوودا بە داگیرکاری و دەستێوەردانی دەرەکی و فشار و بە پێشخستنی سیاسەتی نکۆڵیکردن و حاکمکردنی دەسەڵاتگەلی چەوسێنەر، ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی هەوڵی داوە کە گەلانی عەرەب، تورک، کورد و فارس، بە سنووری دەستکرد و بە چێکردنی کێشەگەلی ساختە و دەوڵەت نەتەوەی بچووک بچووک، سەرقاڵ بکەن و رووبەڕویی یەکتریان بکەنەوە.

سیاسەتی فشار و لەناوبردن و چەوساندنەوە کە لەسەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی سەدەی ڕابردوو دامەزراون؛ گوزارشت لە هەوڵەکانی دەستەبژێرێکی دەسەڵات دەکات کە نکۆڵی دەکات لە تەواوی مێژوو و یاسای خوشک و برایەتی. بنیاتنانی جوگرافیای ئیتنیکی و نەتەوەیی بەرهەمی ئامانجەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی نامرۆڤانەیە، کە نکۆڵی لە بنەچە و جەوهەرمان دەکات.

گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوین ئیتر هۆشیار دەبنەوە. دەگەڕێنەوە بۆ خۆیان و بنەچەی خۆیان. بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی مۆدێرنیتەی ئەڵتەرناتیڤ و دیموکراتیک دەگەڕێت کە بناغەکەی لە جەوهەری مێژوویی ڕاستەقینەی خۆیدایە. ئیتر دەیەوێت لەسەر ڕیشەی خۆی بژێتەوە، شان بە شانی یەکدی بکەونە سەر پێ.

ئیتر کاتی شکستی ڕژێمە چەوسێنەرەکان و زیهنیەتە فشارکەر و یەکپەرستەکانە.

تێگەی "ئێمە" لە مێژووی ئەو خاکانەدا مانایەکی گرنگ و فراوانی هەیە. بەڵام دەسەڵاتداران ئەم تێگەیان بەرتەسک کردووەتەوە و بۆ "یەک" بچووکیان کردووەتەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕۆح و پراکتیکی پێشوو بدەینەوە تێگەی "ئێمە".

ئێمە دەیان ساڵمان تەرخانکرد تەنها بۆ سەلماندنی هەبوونی گەلی کورد کە بەناوی یەکپەرستیییەوە حسابی بۆ نەدەکرا. هەموو فیداکاری و تێکۆشانەکان بۆ ئەمە بێهودە نەبوون. گەلی کورد جارێکی دیکە خاوەنداری لە جەوهەر و ناسنامەی خۆی کرد. پارادایمی مۆدێرنیتە کە حساب ناکات و نکۆڵی و جیاکاری دەکات، سەراوژێر بووە.

تا پێکەوە لە گەمارۆی ستەم دەربچین، کە باش دەزانین دژی یاسای خوشک و برایەتی مێژووییمانە، بانگەواز دەکەم ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بناغەی جەوهەر و شارستانییەتی خۆی و مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی ئێمە دابمەزرێت.

شەڕی ئێمە هەرگیز دژی نەژاد و ئایین و مەزهەب و گروپێک نەبووە و نابێت. شەڕی ئێمە دژی ستەم و نەفامی و ناعەدالەتی و پاشڤەڕۆیی و هەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوەیەکە. سەرەڕای هەموو هەڵە و کەموکوڕی و هەڵەکانی سەدەی ڕابردوو، ئێمە هەموو گەل و چین و چاندەکان کە تووشی کارەساتی گەورە هاتووین، هاوشانی هەموو قوربانییەکان هەوڵماندا سیستەمێکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بنیات بنێین. بانگەوازی ئێمە بۆ نوێنەری هەموو گەلانی بندەست و چین و چاندێکە؛ بانگەوازی ئێمە بۆ ژنانە کە دێرینترین چینی چەوساوە و بندەستن، بۆ مەزهەبە چەوساوەکان و هەموو هەبوونە چاندییەکانە، نوێنەری کرێکاران و هەموو ئەو کەسانەی لە سیستەمەکەدا جیاکارییان بەرامبەر کراوە، هەمووان لە دەوری سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کۆببنەوە و نوێیەک ببەنەوە و زیهنیەت و فۆرمێکی نوێ بەدەست بخەن.

دامەزراندنی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی ئەڵتەرناتیڤ لە شوێن و هەرێمێک و جیهاندا، نەوەک هەر بۆ گەلی کورد، بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ئازادی دەهێنێت. لەسەر ئەم بناغەیە، جەژنی نەورۆز لە هەموو کەسێک، لە هەموو گەلێک پیرۆز دەکەم.

کات، کاتی ئازادییە.

سڵاو لەو کەسانەی هێز بەم پرۆسەیە دەبەخشن،

بژی نەورۆز!".