نوسینگەی یاسایی سەدە لەبارەی ئیمراڵییەوە راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە- نوێکراوەتەوە

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە زیندانی ئیمراڵی کە گۆشەگیرییەکی توندی تێدایە، راگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە.

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە دۆخی زانیاری وەرنەگرتن لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی جۆری ئێفی ئیمراڵی زیندانی کراوە و ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت و وەیسی ئاکتاش کە لە ئیمراڵی زیندانییە و سەرباری تەواوبوونی ماوەی سزاکەی رێگە بە ئازادبوونی نادرێت، لە بینای نوسینگەکەیان لە بەیۆغڵوی ئیستەنبوڵ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد و راگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

پاڕێزەر رەزان ساریجا رایگەیاند، دۆخی "بەدیلگیران" لە ئیمراڵی بە قەدەغە و سزاکانی دیسپلین سنووردار نەبووە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ناتوانن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکانیان پەیوەندی رووبەڕوو ساز بکەن، هەروەها تەلەفون و نامەش قەدەغەکراون و گۆشەگیرییەکی زانیارییەوەرنەگرتنی رەها هەیە. ئەم دۆخی رێگرییە کاتێک ئەندامانی خێزانەکەیان کۆچی دوایی دەکات، لە کاتی پەتای کۆرۆنا و لە بومەلەرزەکانیشدا بەردەوام بووە. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ کە پەیوەندی تەلەفونی پچڕا و لەو رۆژەوە ئێمە هیچ زانیارییەکمان لە سەر موەکیلەکانمان نییە. لەم دۆخەدا ئێمە بە هیچ جۆرێک دۆخی تەندروستی و هەلومەرجی موەکیلەکانمان کە تیایدا راگیراون، زانیاریمان لەبارەوە نییە".

رێگری لە ئازادکردنی ئاکتاش کراوە

لە درێژەدا ساریجا ئەوەی خستەڕوو، کە وەیسی ئاکتاش ٣٠ ساڵە لە زینداندایە و ئێستا لە ئیمراڵییە، ماوەی سزاکەی لە ٢٨ی نیساندا کۆتایی هاتووە، بەڵام ئازاد ناکرێت. ساریجا بەم جۆرە بەردەوامبوو: "بە گوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر داواکاری گشتیی کۆماریی لە بورسا ئامادەی کردبوو، دەبوایە ئاکتاش لە ٢٨ی نیساندا ئازاد بکرایە. لەم قۆناغەدا بە هۆی هەلومەرجی دژواری گۆشەگیری لە ئیمراڵی، ئێمە ویستمان لە رێگەی نامەیەکەوە هاریکاری یاسایی پێبگەیەنین و روانینی ئەو لەبارەی کاروباری ئازادکردنیەوە وەربگرین. بەو بۆنەشەوە ئێمە لە رێکەوتی جیاجیادا لە رێگەی پۆستی تۆمارکراوەوە نامەمان بۆنارد. بەڵام هیج وەڵامێک نەدراینەوە. بەهۆی بارودۆخی گۆشەگیرییەوە ئێمە ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە ئاخۆ نامەکانمان گەیشتوون یان نا. بەڵام ماوەیک بەر لەئێستا ئێمە بۆ رێکارەکان سەردانی دادگای جێبەجێکردنی سزا و داواکاری گشتیمان کرد، بۆ ئەوەی هاریکاری یاسایی پێشکەش بە موەکیلەکەمان بکەین، داوامان کرد وێنەیەکی پەڕاوەکانی سزاکە بۆ ئێمە رەوانە بکرێت، بەڵام داواکارییەکەمان رەتکرایەوە".

'بڕیارێکی رەوا و یاسایی نییە'

لە درێژەی قسەکانیدا ساریجا ئەوەی خستەڕوو، "لەبەر ئەوەی دەبێت موەکیلەکەمان ئاکتاش ئازاد بکرێت، وەک پارێزەرانی لە ٢٨ و ٢٩ی نیساندا بۆ پێشوازیکردن لە بەڕێز ئاکتاش یاخود بۆ زانینی ئەوەی کە چ شتێک لەبەردەم ئازادکردنەکەی بەربەست و رێگرە، ئێمە هەوڵەکانمان خستەگەڕ. بەداخەوە ئیدارەی زیندانی ئیمراڵی بە زارەکی پێیان وتین کە بە هۆی بڕیاری لیژنەی چاودێریەوە ئازادکردنی ئاکتاش بۆ ماوەی ساڵێک دواخراوە. ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی ئاشکرا نایاسایی و ناڕەوایە. هیچ واتایەک بۆ زەوتکردنی ئازادی بەڕێز ئاکتاش نییە. لە رێگەی ئەو هەموارانەی دواتر لە یاساکاندا کراون ئەو بڕیارە ناڕەوایانە دەدرێن. لەلایەکی دیکەوە، سەرباری داواکارییەکانی ئێمەش، بریاری هەڵپەساردنی ئازادکردنی ئاکتاشیان رادەستی ئێمە نەکرد. هەم داواکارییەکانمان و هەم تانەکانی ئێمە وەک پارێزەران، لەلایەن بەرپرسە پەیوەندیدارەکانەوە بە هەند وەرنەگیران و ئەوەش تاوانێکی کارگێڕییە.

رێگریکردن لە ئازادکردنی بەڕێز ئاکتاش، قەبوڵنەکردنی داواکارییەکان لەوبارەوە و پێنەدانی زانیاری، دۆخی موەکیلەکانمانی کە ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نازانرێت، هەستیارتر کردووە. جگە لە رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان، داواکاری کەسایەتی و رێکخراوە جیاجیاکانیش، هەروەها داواکارییەکان بۆ میکانیزمەکانی پێداچوونەوەش رێگرییان لێکراوە، لە کاتی کۆچی دوایی کەسوکاریان، لە دۆخی نەخۆشییە دژوارەکان و کارەساتە سروشتیەکانیش رێگە بە دیدار نەدراوە و داواکارییەکانمان بۆ وەرگرتنی زانیاری بێ وەڵام هێڵدراونەتەوە، رێگەیان نەدا راپۆرتەکەی سی پی تی ئاشکرا بکرێت و سەرباری ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە سەر بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری رێکار، تێپەڕبووە، بەڵام کار بەو بڕیارە ناکرێت، هەرچەندە کاتی ئازادکردنی مەرجداری بەڕێز ئاکتاش تەواو بووە، بەڵام ئازاد ناکرێت، کۆی ئەو پرۆسەیەش بە بێ پارێزەران بەڕێوەدەبرێت و هەموو ئەوانەش گومانەکانی ئێستا رەوا و پشتراست دەکەنەوە.

وەڵامی سکاڵا و تانەکان نادرێتەوە

تەمەنی موەکیلەکانمان هەڵکشاوە و ئەو هەلومەرجە دژوارانەدا راگیراون، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ئەوان دادەنێت. سەرباری کێشەی تەندروستی درێژخایەن، هەروەها پەیوەست بە هەڵکشانی تەمەنیان لەکاتێکدا بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندان هێڵراونەتەوە، ئەوەش رێگە بۆ کێشەی تەندروستی دەکاتەوە. سەرباری ئەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن مامەڵە لە گەڵ موەکیلەکانمان ئەشکەنجە و نامرۆڤانەیە، بەڵام دادگای جێبەجێکردنی سزا کە چاودێری زیندانەکان و سازکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە ئەرکی ئەو دادگایەیە، بووەتە شوێنێک کە راستەوخۆ بڕیارەکانی رێگە لەبەردەم دابڕاندنی پەیوەندییەکان دەکاتەوە. هەروەها سکاڵا و تانە و داواکارییەکان پەیوەست بە تاوانەکانی بەرپرسیارانی ئەو دۆخە وەڵام نادرێنەوە و هیچ لێپێچینەوەیەک ئەنجام نادرێت.

دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بۆ ئازادی بکرێنەوە

لە چوارچێوەی نۆرم و بنەما یاساییە جیهانییەکان و بەها مرۆڤایەتیەکاندا هەر هەوڵدانێک لە دژی ئەشکەنجە لە هەمان کاتدا بۆ سازکردنی هەستیاری دیموکراتیک و مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەشدا گرنگە. هەربۆیە وەک چاوەڕوانی ئێمە لە کەسانی خاوەن بەرپرسیارێتی، ئێمە چاوەڕوانی کە کاربەدەستان دەستبەجێ بەرپرسیارێتیە مێژووییەکانیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بەو دۆخی ئەشکەنجەیە بهێنن. دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بۆ ئازادی بکرێنەوە؛

*دەبێت بەڕێز ئاکتاش کە سزا ٣٠ ساڵیەکەی تەواوکردووە و لە ئازادی خۆی بێبەش کراوە، دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

*دەبێت دۆخی بەدیلگیرانی موەکیلەکانمان لە ئیمراڵی کە ٣٨ مانگە هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نازانرێت کۆتایی پێبهێندرێت و موەکیلەکانمان بتوانن بنەماڵە و پارێزەرانیان ببینن."

هـ . ب