ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ سلێمان حاجی سەبارەت بە پرۆسەی تانەدان لە داخستنی پادێ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. سلێمان حاجی لە سەرەتای قسەکانیدا بەم جۆرە باسی فەرمیبوونی پادێی کرد: "پارتەکەمان لە ناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا خۆشەویست بوو. پارتەکەمان پادێ لە ئاستی عێراقدا لە فەرمانگەی حزب و پارتە سیاسیەکان بە ژمارە ٤٠ تۆمار کرابوو. لە رێکەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠١٧ بە فەرمی ناوی پارتەکامن تۆمار کردبوو و لە عێراقیش وەک پارتێکی ئێزدیەکان دەناسرا. بە درێژایی ئەو ماوەیە بەشداری لە سێ هەڵبژاردندا کرد".
پادێ پردی نێوان گەل و دوڵەت بوو
پارتەکەمان ببووە پردێک لە نێوان گەل و دەوڵەتدا. لە نێوان کۆمەڵگاکاندا لایەنگری هەبوو. لەو کاتەوەی پارتەکەمان دامەزراوە تا ئەمڕۆش لەپێناو کۆمەڵگاکاندا کار و خزمەتی کردوە. هەروەها لەناو پارتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە. تابتوانێت لە ناو ئێزدییەکاندا یەکێتی پارتە ئێزدییەکان بەرەوپێش دەبات. رۆڵی ئەوەیە کە هەموو پارتە ئێزدییەکان لە دەرەوەی پەدەکە، کۆبکاتەوە و یەکێتی ئەوان لە ژێرناوی هەماهەنگی و هێز و پێکهاتەکانی شەنگال ساز بکات. خۆی لە خۆیدا یەک لە ئامانجەکەمان ئەوەبوو کە کۆمەڵگەی ئێزدی بە یەک دەنگی بتوانێت دەنگی خۆی بگەیەنێتە شوێن و لایەنە پەیوەندیدارەکان".
'لەسەر بڕیاری تورکیا پارتەکەمان کرایە ئامانج'
حاجی ئەوەی خستەڕوو کە دوای ئەوەی لەسەر دەستی پادێ یەکێتیی پارتە ئێزدییەکان سازکرا و هەنگاو بەرەو خۆبەڕێوەبەری شەنگال نرا و گەلیش بە دەوریانەوە کۆبووەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "زۆر هەنگاوی کاریگەری لەپێناو داهاتووی ئێزدییەکان و شەنگال هەڵگرت. لە بواری دیپلۆماسی و پەیوەندی دەرەوە و ناوخۆدا رۆڵێکی سەرەکی گێڕا. دەوڵەتی عێراقیش ئەو کاریگەریەی پارتەکەمانی بینی، خۆی پێڕانەگیرا و بڕیاری داخستنی دا. ئەو بڕیارە لە ئەنجامی دیدارەکانی ئەم دواییەی نێوان دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی تورک درا."
پاڵپشت بە راپۆرتی بێ بنەما پادێ داخرا
سلێمانی حاجی دەستنیشانی کرد کە لە سەر هەندێک راپۆرتی ساختە پارتەکەیان داخراوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئێمە وەک پارتەکەمان وئەندامانمان رێز لە بڕیارەکانی عێراق دەگرین بەڵام بەمەرجێک کە ئەو بڕیار و راپۆرتانەی لەسەر ئێمە دراون راستبن و ناڕون نەبن. کاتێک ئەو بڕیارە لە ٣ی ئابدا درا، ئێمەش وەک پارتەکەمان وتمان تێنەگەیشتن لەو بابەتەدا هەیە. لەبەر ئەوە ئێمە دەستبەجێ تانەمان لێنەدا، بەڵام کاتێک دیدار لەگەڵ دەوڵەت ئەنجامدرا، دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر راپۆرت لەسەر پارتەکەمان هەیە زۆرینەیان دوورن لە راستیەوە. پارتەکەمان بە تۆمەتی ئەوەی هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات داخراوە، بەڵام لێرەوە بە دەوڵەتی عێراق دەڵێین پەکەکە هیچ پێویستیەکی بە ئێمە نییە. خەباتی ٤٠ ساڵەی هەیە و بەرامبەر بە دووەم هێزی ناتۆ دەجەنگێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پادێ ئەوەسی خستەڕوو کە عێراق نەک هەر پارتەکەی ئەوان بەڵکوو زۆر پارتی دیکەشی کردووەتە ئامانج و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "کاتێک پارتێک دابخرێت و رێگری لێبکرێت، بە دڵنیاییەوە هەموو لایەنگر و هەوادارانیشی دەگرێتەوە. هەرگیز چاوەڕێی بڕیارێکی بەپەلەی بەو جۆرە لە عێراق و دادگای فیدڕاڵی نەبووین. بەر لەوەی ئاگادارمان بکاتەوە ئەو بڕیارەی دا. عێراق لە یەکەم هەفتەدا وەک مزگێنی بڕیاری داخستنی پارتەکەمانی بە دەوڵەتی تورکدا و ئەوەی وەک دەستکەوت ناودێر کرد."
عێراق کە ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات پارتی ئێزدیەکان دادەخات
سلێمان حاجی بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "کێشە سیاسی و ناوخۆییەکانی عێراق یەک جار زۆرن. رۆژانە خاکەکەی لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە داگیردەکرێت. هاووڵاتیانی شەهید دەکرێن. لە بەرامبەر ئەوان بێدەنگە. بەرامبەر بەو کێشانە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات، بەڵاپ پاڵپشت بەو راپۆرتانەی بە درۆ ئامادەکراون، خۆی بە بەرپرسیار دادەنێت و پارتی ئێزدییەکان دادەخات. ئەوەش بۆ خۆی بە دەستکەوت دادەنێت. ئەمە بۆ دەوڵەتی عێراق پەڵەیەکی گەورەی شەرمەزاریە. گەلێکی وەک ئێزدییەکان کە رووبەڕووی ٧٤ فەرمان بووەتەوە، بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ تائێستا لەسەر خاکەکەمان و بە دەیان هەزار لە گەلەکەمان لە خێمەکاندا دەژین. سەرباری هەموو ئەوانەش پارتەکەی ئێمەی داخست".